بیروڕاهەواڵ

سوپاس بەلجیکا، سوپاس بۆ جوانترین گوڵەکانی دونیا

حەسەن جوجوک

 

 

ئۆڵمپیاتی زمانی تورکیا کە پێش ١٧ ساڵ بە شێوەیەکی زۆر خاکی دەستی پێکرد، لەم چەند ساڵەی دوایدا فۆرمات و ناوەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هات و ئێستا بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی زمان و کەلتور ناوی دەبردرێت.

کورتکراوەی ناوەکەی بریتیە لە (IFLC) و، یەکێک لە وێستگەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە، بریتی بوو لە شاری ئەنڤێرسی وڵاتی بەلجیکا. هەرچەندە لە ساڵۆنێکی سادەی ئەو شارەدا ئەنجامدرا، بەڵام لە کەشوهەوایەکی پڕ سۆز و سەمیمیەتدا بەڕێوەچوو.

پێش ئەوەی بچمە ناو ساڵۆنەکەوە، چاوم بە کەسانێکی ناسیاو کەوت، کاتێک چاوم بە هاوڕێکانی دانیمارکیش کەوت، ئیدی لە جیاتی میوان خۆم بە خاوەن ماڵ هاتە پێش چاو. لە ڕاستیشدا هیچ کەسێک میوان نەبوو، لە پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکەدا، ڕاکە ڕاکێکی پڕ جۆش خرۆش بوونی هەبوو. هەر لە ڕاستیشدا “خۆبەخشین” یەکێک لە پێناسە بنچینەییەکانی ئەم بزاڤەیە.

IFLC لەو وڵاتەوە هاتە مەیدان کە وتەزای “وەک تورک دەست بە کارەکانت بکە” بە ئەدەبیاتی دونیا بەخشیوە.

گەرچی وتەزای”وەک تورک دەست بەکارەکانت بکە” وەک قسەیەکی ئەرێنی دێتە بەر گوێی مرۆڤ، لە هەمان کاتدا قسەیەکە کەوا لایەنێکی نەرێنیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. واتە تورکەکان بە باشی دەست بەکارەکانیان دەکەن و پاشان ماندوو دەبن و چۆک دادەدەن.

هەر بە دەم ئاسانە کاتێک دەڵێین ماوەی ١٧ ساڵە ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە دەبردرێت. سەرەڕای ئەو هەموو ڕێگریەی هاتنە سەر ڕێگاکەی.

ئەوانەی ئۆڵمپیاتی تورکیا بە پێشبڕکیی سروود و گۆرانی دەزانی، تەنانەت خەیاڵی ئەو خاڵەشیان نەدەکرد کە ئیستا پێی گەشتووە.

لە ڕاستیدا ئەمە شرۆڤەیەکی پێشدادوەریانەی خۆیان بوو.

منداڵانی وڵاتە جیاوازەکانی دونیا، کە سەر بە کەلتور و نەتەوە جیاوازەکانی دونیان، چەپکێک لە ڕەنگە جیاوازەکانی دونیایان پێشکەش دەکرد.

بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرەکی و گرنگ بوو، بریتی بوو لە هەڵگیرانی ئەو سنورانەی لە نێوان منداڵەکاندا هەبوو.

ئەو دۆستایەتیە ڕاستەقینەیە لە نێوانیاندا هەبوو، ڕشتنی فرمێسکی چاوەکانیان لە کاتی ماڵئاوایی کردنیاندا، بەس بوون بۆ ئەوەی کە گوزارشت لە زۆر شت بکەن. بوونە دۆستی کەسێک کە تەنیا پێش چەند ڕۆژێک لە ژیانیدا ناسیوێتی… بەڵێ IFLC  ناوی ئەم سەرکەوتنە بوو.

ئەوانەی تەنیا وەک پێشبڕکیی سروود و گۆرانی دەیانبینی، بە داخەوە لەم جوانیە ئاگا نەبوون.

 

IFLC   لە ساڵی ٢٠٠٤ بە وڵاتانی دونیادا دەگەڕێت. هەموو کەس بە گوێرەی داخوازی کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات. کەسانێک کەوا ئەوەی لە دەستیان دەهات ئەنجامیاندا هەتا ڕێگەی پێبگرن، بەڵام کاروانەکە هەر لەسەر ڕۆشتنی ڕێگای خۆی بەردەوامە.

ئەگەرچی ساڵانێکی زۆر  لە یاریگا گەورەکانیشدا جێگای گەورەیی فێسیڤاڵە نەدەبوویە؛ کەسانێکیش پەسنیان دەکرد و دەیانوت” ٤٥ ساڵ تەمەنی سیاسیم بەلایەک و ئەمەش بە لایەک” و چەپڵە رێزانیان دەکرد،

هەوەها کەسانێکیش”با ئەم حەسرەتە کۆتایی بێت و وەرنەوە”، کەسانێکیش دەیانوت” سڵاومان بۆ ئەندازیاری ئەم کارە دەنێرین”، بەڵێ ئەمڕۆ هیچیان بوونی نیە.

سەرەڕای ئەوانەی دەیانوت” گەر ئێمە نەبین ئێوەش نابن” کە لە ئیستادا بوونیان نیە، ئەو هەر بەردەوامە لە بوونی خۆی.

ئەگەرچی لەلایەکیشماندا هەر خەمێکی قوڵ هەیە. ئەدی چۆن خەممان نەبێت؟! ماوەی ٣ تا ٤ ساڵە هەموو ڕۆژێک هەواڵگەل و ڕووداوگەلێک دەبیستین کە دڵ و جەرگی مرۆڤ دەسوتێنێت. ئەگەرچی زۆر بە ئازارە، بەڵام ژیان لەلایەکەوە هەر بەردەوامی هەیە. چەشنی ئەو پەندەی پێشینانین کە دەڵێت” لایەکمان گەڵا دەوەرێنێت و لایەکمان باخچە و  بەهار دەگرێت”.

کاتێک “ڕەنگەکانی دونیا” دەچنە سەر ستەیج و دەست بە وتنەوەی سرودەکانیان دەکەن، هەوێنی بزاڤێک دەبینین کە بەروبومی میوەکانی پێگەشتووە و بەو هۆیەوە سوپاسی خودا دەکەین.

پاشان لەوە تێدەگەین کە ئەو ناسۆریانەی چەشتوومانە لە پێناو ئامانجێکی میسالی (غایەی خەیاڵ)بۆش و بەتاڵدا نەبووە. کاتێک چەپڵە لێدەدەین، ئەم هەستە بە قوڵی داماندەگرێت.

لەم ڕۆژانەدا کە پێکەنین و زەردەخەنمان بیرچۆتەوە، IFLC   وەک هەناسەیەک وەهایە بە بەرماندا دێتەوە.

کاتێک چاومان بە هەڵپەڕکێی زەیبەک دەکەوێت و گوێمان لە هۆنراوەی “قارەمانێک هەبوو”، کاتێک دیمەنەکانی سەر شاشە دەبینین، ئەوانەی هەتا مۆخی ناو ئێسقانەکانیان هەست بە غەریبایەتی دەکەن، هەستەکانیان هەڵیاندەگرێت و بەرەو ئەو شوێنەی بە حەسرەتیەوە دەژین، دەیانبات.

سرودی” حەسرەتی جودا بوونەوە” پەنجە لەسەر برینێکی جیاواز دادەنێت.

وشەکانی سرودەکە بە جیا و شێوازی وتنی بێژەرەکەشی هەستی جیا جیای لە بیسەرانیدا دروست کرد.

ئەم سرودە بە نیسبەت ئەوانەی ساڵۆنەکەیان پڕ کردبوویەوە، واتایەکی زۆر لەسەرو سرودی “حەسرەتی جودا بوونەوە” هەڵگرتبوو.

ئەوەی تێیدا دەژیان بریتی بوو لە جودا بوونەوەیەک کە ئاشکرا نیە کەی بە کۆتایی دەگات.

بەڵام ئەو ئازارانەی چەشتوویانە، نەیتوانیوە هەنگاونانی ئەرێنی و دەستگرتن بە ژیانیان لە دەست دەربهێنێت. ناشتوانێت شتێکی وەها بکات.

کەلتورە جیاوازەکان… زمانە جیاوازەکان… دەستپێکی دۆستایەتیەکن کە چەندین ساڵی دوور و درێژ دەخایەنێت.

بە کورتی: ڕەنگەکانی دونیا بە تەواوی گوڕ و تینی خۆیانەوە بەردەوامییان هەیە. نهێنیەکتان پێبلێم؟

ئەو تۆوانەی چێندراون، بەردەوامن لە چەکەرە کردن. پێویست بە ورە ڕووخان و هیوابڕاوی ناکات. ئەگەرچی ئەم ڕۆژانە ناخیشمان کوناودەر بکەن، بەڵام هەر ڕاگوزەر و کاتین.

بەڵێ IFLC   ناوی ئەم هەڵوێستەیە.

 

سوپاس بۆ تۆ بەلجیکا، سوپاس بۆ هەموو ڕەنگەکانی دونیا…

 

 

51 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە