بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

تێڕوانینی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بۆ بیرکردنەوەی شیکارکاریانە

سەلیم گوڵ

 

 

 

لە ژێر ڕۆشنایی هەندێک زانیاری و بنەمای سەرەکی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەری ژیانی مرۆڤ دادەنێن، وانەی شیکاری ئەندازیارییانە(تحلیل الهندسی)، دەتوانێت توانستی لێپرسینەوە لە مرۆڤەکاندا دروست بکات.

کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ بابەتە کۆمەڵایەتی، خێزانی، تاکە کەسیەکان دەکەین، دەبێت بە میتۆدی دیدەکشن(deduction)، کە بریتیە لە خستنە گەڕی سیلۆجیزم لە پێشەکیە هەمەکیەکانەوە، بابەتە هەمەکیە گشتگیرەکان بۆ پارچە بچوکەکانی جیا بکەینەوە و، دوای لێکۆڵینەوە لە هەموو بەشەکانی، دەتوانین ببینە خاوەنی توانستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان. ئەمەش بە “سیستەمی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە” پێناسە دەکرێت.

 

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە،  کە پیویستە بۆ گەشتن بە ڕاستی بابەتەکان  هەتا بتوانین لە هەموو لایەنەکانیانەوە هەڵبسەنگێنین، مێشکێکە کە بە سیستەمی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە کار بکات و، بە دوای سەرەداوی بابەتەکاندا بڕوات.

بەم شێوەیە دەتوانێت بە شێوەیەکی تەندروستانە ئەقڵی بەگەڕ بخات. دەتوانێت لەسەر پرسیارگەلێکی وەک “بۆچی، چۆنی، لەبەرچی” بوەستێت.

دەتوانێت لە زۆر ڕوەوە بابەتەکان بە چارەسەر بگەیەنێت و، ئەگەرەکانیش بە شێوەیەکی خێرا، پلان بۆ داڕێژراو و سیستەماتیکی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.

ئەو مرۆڤانەی کە سیستەمی بیرکردنەوەی شیکارکاریانەیان لە خۆیاندا پێش خستووە،  دەبینین کەوا بە شێوەیەکی زۆر جددی، هەوڵ و تێکۆشانی توێژینەوە و بەدواداچونیان تێدا دروست بووە.

ئەو جۆرە مرۆڤانە لە کاتی توێژینەوەدا، تەنانەت بەو زانیاریە ئەزمونکراوانەدا دەچنەوە، کە وەک ڕاستی قبوڵکراون و، هیچ کاتێک خۆیان لە لێپرسینەوەی ئەو جۆرە زانیاریانەش بە دوور ناگرن.

هەمیشە هەتا بتوانن ئەوە لە حسابی خۆیاندا دادەنێن، کە بە گوێرەی پێگەکانی کات، شوێن، ئیمکان، مرۆڤ، دەشێت ڕاستیەکان چەند تۆنێکی جیاوازیان هەبێت.

هەمیشە خۆیان لە تێڕوانینی دەرخکەرانە، ڕواڵەتگەرانە، لاسایکەرەوانە و مەرجدارانە بە دوور دەگرن؛ کە قۆڵ و باڵی بیرکردنەوە دەشکێنێت.

 

مەیدانەکانی بیرکردنەوەی شیکاریانە

پێش ئەوەی بچمە تێڕوانینی بیرکردنەوە شیکارکاریانەی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، پێموایە ڕوونکردنەوەی سەرباسێکی بۆچوونەکە، لە تێگەیاندنی بابەتەکەدا سوودی دەبێت.

 

مامۆستا، ناسۆری چەشتنی بیرکردنەوە، بە “گەورەترینی جۆری ناسۆری چەشتنەکان” دەبینێت و،  پاشان بە “بیرکردنەوە، خستنەگەڕی بیرکردنەوە، هەوڵی شیکاری نهێنیەکانی مەتەڵی بوون، واتە تەنانەت لە بەرامبەر سەختترین بابەتەکاندا بێ ئەوەی چۆک دابدەیت، هەوڵی خۆت بدەیت” پێناسەی ناسۆری بیرکردنەوە دەکات.[1]

 

هەروەها لە شوێنێکی تردا بە “تەفەکور بریتیە لە بیرکردنەوەی فراوان، قوڵ، سیستەماتیکی؛ ئەمەش چرای دڵ، ڕۆزی ڕۆح، ڕۆحی زانیاری و خوێن و گیان و ڕۆشنکەرەوەی ژیانی ئیسلامیە، کڵاوڕۆژنەی پەند وەرگرتن و هەڵهێنجاندنی چەندین سەرئەنجامی جیاوازە لە ڕووداوەکانەوە و، کلیلی ئاڵتونی ئەزمونەکان، شەتڵگەی درەختەکانی حەقیقەت و بیلبیلەی نوری چاوی دڵە”[2]

 

لە بەرهەمەکانی مامۆستادا، چاومان بە ئاتاجیمان بۆ زیرەکێتی لە بیرکردنەوەی شیکارکاریانە و، ڕاڤەی شیکارکاریانەی بوون و، بیرکردنەوەی شیکارکاریانە لە کتێبە سەرەکیەکان و، لێپرسینەوەی شیکاریانە بۆ نەفسی خۆمان و، هەنگاونان لە ڕێگەی تەقلید و لاساییەوە بەرەو تەحقیق و لێکۆڵینەوە و، بوونە خاوەنی ئیمان لە ڕێگەی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە و، بڕیاردانی شیکاریانە بۆ دیاریکردنی خاڵە ڕاستەکان و،  چەندین مەیدانی دەوڵەمەندی تری بیرکردنەوەی شیکاریانە دەکەوێت؛ کە هزرمان بە ڕووی چەندین ئاسۆ نوێدا دەکاتەوە.

 

“زیرەکیە شیکارکاریەکان و مێشکە بلیمەتەکان”

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، هەرکاتێک هەواو ئارەزومان لە سەر شێوازی هزر خۆیان بەرجەستە کرد، هەستەکانمان پێش هەڵسەنگاندنەکانمان کەوتن، تێبینیە خۆییەکانمان، دەست بۆ ناموسی بیرکردنەوە دەبەن و بە تێپەڕینی کات بیرکردنەوەی ئەنارشیستیانە(سەرکەشیانە) دەهێنێتە دونیاوە.

پێی وایە ئەم ڕۆحە ئەنارشیستیانەش، کە بە ڕووی فیتنە و فەساد و  دووڕوویدا کراوەن، زیانی مێژووییان بە بەها گەردونیەکان گەیاندووە؛ پێویستیشە  خۆمانیان لێ ڕزگار بکەین.

سەبارەت بەو کەسانەی کە بە “ئەنارشیستی بیرکردنەوە” پێناسەیان دەکات، واتە ڕێگەچارەسەری بەرەنگاربوونەوەی ئەو “مرۆڤە بێ قاڵبانە” ی ئامادەن بچنە هەموو قاڵبێکەوە، پێشنیاری بە گەڕخستن و بەکارهێنانی  “زیرەکێتی شیکارکاریارانە” مان بۆ دەکات:

” لە ئێستادا ئێمە پێش هەموو شتێک، پێویستمان بە کەسانێکە سبەینێی ئێمە بە باشی ببینێت و بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، بە لۆجیکی بەرتەسکی سیاسیانەوە بیر لە بابەتەکانی وڵات نەکاتەوە، بە باشی لە کێشە سەرەکیەکانی گەلەکەمان تێبگات، ڕێگەچارەسەری جیاواز و ئەڵتەرنەتیڤیان بۆ بدۆزێتەوە، واتە زیاتر لە قسە؛ مەردی کردار بێت و، لە کۆی پلانەکانیدا هزری هەمیشە پێش جوڵەکانی بکەوێت، لە وردەکاری پلانەکانیشیدا ئاسۆی بە ڕووی هزری نوێدا ئاوەڵا بێت؛ واتە پێویستمان بە ڕۆحگەلێکی قارەمان و بلیمەتگەلێکی بیرکردنەوەی شیکارکەرانەی وەهایە، کە خاوەنی ئیرادەی بەهێزە و شتێک بە ناوی چۆک دادانەوە نازانێت”[3].

 

واتە مامۆستا زیاتر لە قسە بایەخ بە مەردێکی خاوەن کردار دەدات، کە زانیاریە نەزەریەکان بگۆڕێت بە پراتیک و سەبارەت بەم جۆرە کەسانەش دەڵێت” کەسێکە هەوڵی تێگەشتن لە سەردەمی خۆیی و، کۆمەڵگا، مرۆڤ و گەردون، شت و ڕووداوەکان دەدات، بە کورتی بیر لە هەموو شتێک دەکاتەوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە زانیاریە نەزەریەکان بگۆڕێت بە پراتیک، بەردەوام بەم ئاڕاستەیەدا بیر دەکاتەوە و خەریکی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیە”.[4]

 

هەروەها ئەم کەسانە بە “مێشکە بلیمەتەکان”  ناوزەند دەکات. سەرنجمان بۆ بیرکردنەوە، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە و زیرەکێتی بیرکردنەوەی شیکارکاریانەی ئەم مێشکە بلیمەتانە ڕادەکێشێت و ئاماژەش بە ئاتاجیمان لە بۆ سوود وەرگرتن لەو جۆرە مێشکانە، دەکات.

 

تێبینی شیکاریانە و شرۆڤەکردن

مامۆستا ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە پێداویستیە سەرەکیەکانی گەلەکەمان کە بۆ ساڵانێکی دوور و درێژە فەرامۆشی کردووە، بریتیە لەوەی بە بیرکردنەوەیەکی شیکارکاریانە سەرتاسەری بوون بخاتە ژێر تێبینی شیکاری و شرۆڤەوە.

پێناسەکردن و شرۆڤەی بوون و ئەودیو بوون بە شێوەیەکی نادروست، هەروەها تێبینی نەکردنی ئەم دوو بابەتە پێکەوە، نادیدەگرتنی خاوەنە ڕاستەقینەکەی، نەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ سەرچاوە سەرەکیەکانی ئەم بابەتە، لە نەوەی ئێمەدا “کێشمەکێشی هزری” هێناوەتە ئاراوە.

هەروەها بە گوێرەی مامۆستا، یەکێک لەو هۆکارانەی وامان لێدەکات لە بابەتی شت و ڕووداوەکاندا نەگەین بە ئەنجامێکی دروست، بریتیە لەوەی بوون(وجود)مان، بە تێبینیەکانی بیرکردنەوەی شیکارکاریانەوە نەخستۆتە ژێر هەڵسەنگاندنەوە.

“ئێمە وەک چۆن  لە بناغەوە شرۆڤەی دروستمان بۆ هیچ شتێک نەکردووە، ئەوەی لەودیو بوونیشدایە بە شێوەیەک لە شێوەکان نەمانتوانی بیبینین. هەربۆیە سەبارەت بە شت و ڕووداوەکان، زۆر شرۆڤەی پێچەوانەی داکەوتمان (واقع) کردووە. نە توانیمان بوون بە تێبینیەکی شیکارکاریانەوە شرۆڤە بکەین، نە توانیمان شتێکی گونجاو سەبارەت بەودیو بوون بڵێین. بە هەڵە بینیمان، بە هەڵە هەڵسەنگاندنمان بۆ کرد و هەربۆیە لە بەرامبەر سەرئەنجامە هەڵەکاندا هەمیشە دۆش داماین”.[5]

 

خوێندنەوەی شیکارکاریانە

مامۆستا وەک چۆن هەمیشە ئاماژە بە پێویستی ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی سەفەربەریانە دەکات کە لە ڕێگەیەوە دەستکەوتە زانستیەکانمانی تێدا پێش بخەین، لە هەمان کاتدا ئاماژەش بەوە دەکات کە تەنیا ڕێگەیەک بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بریتیە لەوەی بەرهەمەکان لە گۆشەنیگای شیکارکاریانەوە بخوێنینەوە.

ئامانجیش لە خوێندنەوەی شیکارکاریانە بریتیە لەوەی، ئەو کاتەی بە شێوەیەکی فراوانی جیومەتریانە(هندسی) بە ڕووی دونیادا دەکرێیتەوە، لە هەمان کاتدا بە ڕووی ژیانی دڵی و ڕۆحی خۆماندا بچەمێینەوە، لە ڕۆحی دێن تێبگەین و، لە ڕێگەی گەشتن بە کرۆکی زانیاریەکانەوە، خۆمان لە زێدەڕۆیی کردن و کەمتەرخەمی کردن(افراط و تفریط) ڕزگار بکەین.

هەروەها ئەم شێوازی خوێندنەوەیە، یەکێکە لە ڕێگەکانی پێگەیاندنی نەوەیەکی کامڵ. واتە نەوەیەکی شارەزایە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی دینەکەیان، کە بریتیە لە قورئان و سونەت، شارەزای ڕێچكە و هێڵە سەرەکیەکانی کەسایەتی دوێنراوەکانی خۆیەتی و، تا ڕادەیەکی گونجاویش شارەزایی لە زانستە دونیایەکاندا هەیە و خۆی تێیاندا توێشوودار کردووە”.

“لەمەودوا کاتێک بە ڕووی دونیادا دەکرێینەوە، پێویستمان بە قوڵاییەکی جیاواز، فراوانیەکی جیاواز، توێشوویەکی جیاواز هەیە.

کاتێک بە مەبەستی دەسخستنی ئەم قوڵایی، فراوانی، توێشووە سەرچاوەکانی خۆ پێگەیاندنمان دەخوێنینەوە،  ئەمانە هەر وەک عادەتێکی خوێندنەوە نەگرین بە دەستمانەوە و، لە گۆشەنیگایەکی بەراوردکاریانە و شیکارکاریانەی وەهاوە بیانخوێنینەوە، کە هەموو هەوڵ  و کۆششێکمان بۆ بەدەستهێنانی پێکهاتەی نوێ و شیکاری بێت”.[6]

 

 

“لێپرسینەوەی شیکارکاریانەی نەفس”

مامۆستا سەبارەت بەو کەسانەی کە هەوڵی پاککردنەوەی نەفسیان دەدەن، ئاماژە بە رەچاوکردنی

بنەماکانی “لێپرسینەوەی شیکارکاریانە” دەکات.

ئاماژە بە پێویستی پێکەوە ئەنجامدانی پاککردنەوەی نەفس، تەربیەتدانی ڕۆح و پاڵفتە کردن دڵ، دەکات. سەرنجمان بۆ پەیوەندی ئەم لایەنانە بە بەشەکانی ترەوە ڕادەکێشێت. واتە بە شێوەیەکی نەخشە خوێنەرانەوە سەیری مرۆڤ دەکات.

 

بەشی نەفس، وەک پارچەیەکی سەرجەمی پێکهاتەیەک دەبینێت. لێرەشدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پێویستە خۆمان لە زێدەڕۆیی و کەمتەرخەمی کردن بپارێزین.

باس لە لێپرسینەوەیەکی شیکارکاریانە دەکات کە تێیدا ڕەچاوی هاوسەنگی، حەق، دادپەروەری و بەزەیی کرابێت.

واتە نەفس وەک بوونەوەرێکی جیاواز ببینین، وەک دوێنراو هەڵیبسەنگێنین، ڕەخنە و ستایشەکانی بە هەند وەربگرین، کە گونجاوبێت لەگەڵ ئەقڵ و، بە پێودانگ و شێوەیەکی حساب بۆ کراوەوە ڕەفتاری لەگەڵدا بکەین، چیەتی و پێکهاتە و خاسیەتە زگماگیەکانی لەبەرچاو بگرین؛ بە شێوەیەکی ئاقڵانە و بە بێ ئەوەی خۆمان بە تەمای شتێکی سەروسروشتی بکەین، بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجەکان و ئاستی خۆی؛  کامڵیەتی تایبەت بە نەفس بە ئامانج بگرین و، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە پێویستی لێپرسینەوە لە ژێر سایەی دادوەری کردنی ویژداندا دەکات.

سەبارەت بە پێگە بنچینەییەکانی ئەم بابەتەش  دەڵێت” مرۆڤ کاتێک ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە، لێپرسینەوە لە نەفسی خۆی دەکات، واتە کاتێک لەسەر مێز دایناوە و بە تێبینیەکی شیکارکاریانەوە سەیری دەکات، دەبێت زۆر بە ئینساف بێت و، پێویستە لە بازنەی بەزەیی و دادپەروەری نەچێتە دەرەوە. وەک چۆن پێویستە حەقی هەموو خاوەن حەقێک بدات، پێویستە ڕەچاوی حەقی نەفسیشی بکات”.[7]

پێگە بنچینەییەکانیش بریتین لە ئینساف، بەزەیی، حەق و دادپەروەری.

واتە چەشنی پزیشکێکی کارامە و شارەزا مامەڵە بکات، هاتوهاوار نەکات، بێ نرخی بەرامبەر ئەنجام نەدا، بێ ئەوەی بیشکێنێت و پەرشوبڵاوی بکاتەوە، بە نیەتی ڕزگارکردن لەو گرێ کوێرانەی تێیکەوتووە لێی نزیک بێتەوە و، بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە توشی بێ هیوایی نەکات، تەواوی ئەمانە لە کاتی لێپرسینەوەی شیکارکاریانەدا، ئەو خاسیەتە باڵایانەن کە دەبێت ڕەچاو بکرێن.

“باوەڕی شیکارکاریانە”

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، یەکێکی تر لەو مەیدانانەی کە بیرکردنەوەی شیکارکاریانەی تێدا ڕەچاو دەکرێت، بریتیە لە هەڵسەنگاندنی شیکارکاریانەی ئەو شتانەی باوەڕمان پێیەتی.

لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت” ئێمە قارەمانە گەورەکانی ڕێگای لاسایکردنەوەین!

چونکە ئێمە ڕووبەڕووی خۆمان نابینەوە و، بە تێبینیەکی شیکارکاریانەوە ئەو شتانەی باوەڕمان پێی هەیە هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکەین و، لە ڕێگەی گەشتن بە پێکهاتەی نوێوە نەمانتوانیوە بگەین بە تێهەڵکێشەکان(سێنتێز) و بەم شێوەیە نەبووین بە خاوەنی ئیمان. تاکێکی بەم شێوەیە کە ڕزگاری نەبووە لە لاساییکردنەوە، بە واتای ئەوە دێت لە بەردەم گەردەلولێکی بەهێزی گومڕایدا، ڕووبەڕووی بەلادا کەوتن  و تیاچوون دەبێتەوە”[8]

مامۆستا بەم شێوەیە تەشخیسی بابەتەکەی کردووە و لە هەمان کاتدا باس لە دەستەواژەی”ئیمانی دەسیاو” دەکات.

هەروەها سەرنجمان بۆ لای ئافاتی تەقلید ڕادەکێشێت و بانگهێشتی ئیمانێکی شیکارکاریانەمان دەکات کە لە سەرەتادا ئاماژەمان بە هەندێک لە تایبەتمەندیەکانی کرد.

لە ڕاستیشدا ئەو ئیمانە تەقلیدیەی لە بابوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، گەورەترین بەڵا و موسیبەتە کە هەڕەشە لە ژیانی ئاخیرەتمان دەکات.

 

ڕێنموییمان دەکات بۆ ئێمانێکی شیکارکاریانەی وەها، کە یەکە بە یەکەی بنچینە و بنەماکانی ئیمانمان بە ناو شیکاریی و لێکۆڵینەوەدا ببەین و، لەسەر زەمینێکی پتەو دایانبنێین، پاش ئەوەی هەموویمان لە شوێنی گونجاوی خۆیان دانا، دیسان سەر لە نوێ بونیادی بنێینەوە.

 

هەروەها بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، پێویستە بیر لە هەموو بەشێکی ئیمان بکەینەوە و پاش ئەوەی بە شیکاریی و توێژینەوەدا تێیاندەپەڕێنین، بیانکەین بە بەشێک لە قوڵایی سروشتی خۆمان و پاشان “مۆری شعور”مانی لێبدەین.

ئیمانێکی لەمشێوەیەش، لە پلانی هۆکارەکاندا، دەتوانرێت بە بەرهەمی ئیرادەی مرۆڤ ناو ببردرێت.

 

“بڕیاری شیکارکاریانە”

مامۆستا سەبارەت بە ڕاست و دروستی ئەو بڕیارانەی دەیدەین دەڵێت” گونجاو نیە لە کاتی بڕیاردا یەکسەر “نەخێر”ێکی لێبکەیت و بچیتە کەنارەوە. پێویستە بڕیارەکان بە شێوەیەکی زۆر جددی، بە تێبینی شیکارکاریانەوە بیبەستینەوە و، لە سەر بنەمای ئەو تێبینیانە بڕیاری “بەڵێ” و “نەخێر” یان بۆ دەربکەین. لەم روانگەیەشەوە پێم وایە ڕۆشنبیرەکانمان لەم بابەتەدا ئەرکێکی گرنگیان دەکەوێتە سەر شان”.[9] بەم شێوەیە گرنگی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە لە کاتی بڕیارەکانماندا دووپات دەکاتەوە.

 

هەروەها لێکدانەوەی ڕوداوێک بە تێبینی تەنیا یەک گۆشە نیگاوە، بە بەرتەسکی لە تێڕوانیندا دەبینێت.

سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە لە ڕێگەی تێڕوانین لە گۆشەنیگا جیاوازەکانەوە، دەتوانین بگەین بە ئەنجامی دەوڵەمەند و فراوان و قوڵتر.

بۆ نمونە زانستی پزیشکی بۆ بوارە هەناو، پێست، چاو  جیا بۆتەوە و، بە شێوەیەکی زۆر جددی بەسەر شارەزاییە جیاوازەکاندا دابەش بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە مرۆڤ پێکهاتەیەکی سەرتاسەریە و بەش بەش ناکرێت. پزیشکێکی شارەزای چاو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست نەخۆشیەکی چاو دیاری بکات، پیویستە  بە شێوەیەکی گشتی سەیری هەموو ئەندامەکانی لاشەی مرۆڤ بکات و لە ڕووی پەیوەندی چاوەوە بەو ئەندامانەوە ، دەتوانێت ئەم کارە بە دروستی ئەنجام بدات.[10]

 

سەرئەنجام:

مامۆستا لە بەرهەمەکانیدا زۆر گرنگی بە بیرکردنەوەی شیکارکاریانە دەدات و یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە زۆرترین سەرنجی بۆ ئەم بابەتە ڕاکێشاوە. یەکێک لەو ڕەهەندە گرنگانەی زەریای بیرکردنەوەی شیکارکاریانەی ئەویان گۆش کردووە، بریتیە لە وەرشە فکری و دونیای تەفەکورەی هەیەتی.

گەر بە شێوەیەکی ورد سەرنج لە بەرهەمەکانی بدەیت،  شتانێک کەوا کەسانێک بە هەڵواسراو دەیانبینن، خۆیانی لێ بە دوور دەگرن، غیرەتی لێک نزیک بوونەوەیان نیە،  لەلای مامۆستا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت و دەرچەی ماقوڵیان بۆ دەدۆزێتەوە و مرۆڤ بە دۆڵە دەوڵەمەندەکانی زیرەکێتی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە دەگێڕێت.

 

ئەو کاتێک لە بوارە جیاوازەکان نزیک دەبێتەوە، قورئان و سونەت وەک میحوەری سەرەکی وەردەگرێت  و بە گوێرەی ئەوان چارەسەر و پێگەی کێشە و رووداوەکان دیاری دەکات.

پاشان لە ڕێگەی شیکاری و شرۆڤەی دروستەوە، بەرهەمی بیرکردنەوەی شیکارکاریانە پێشکەشی خوێنەرەکانی دەکات.

 

 

 

 

[1] گۆزەی شکاو

تەپۆڵکە زومرودیەکانی دڵ[2]

[3] ئەو ئاسۆیەی ڕوناکی لێوە دیارە

[4] گۆزەی شکاو

[5] ئەو ئاسۆیەی ڕوناکی لێوە دیارە

[6] ئایدیاڵی ژیان

[7] بارانەکانی نوێژی عەسر

 

[8] لە چاوەڕێی بەهاردا

[9] بورجی هیوا

[10] ئاوێزە

99 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە