بیروڕاهەواڵ

لە ترسی چوونە زیندان لەسەر نایلۆنێک منداڵی بوو

 

لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، سەدان ژنی بێ گوناح لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبووندا دەستگیرکران و خرانە ناو زیندانەکانی تورکیاوە.

بەم هۆیەوە زۆرێک لە ژنانی دوو گیان، بە ناچاری لە ماڵەوە منداڵیان دەبێت و ناوێرن بچنە نەخۆشخانەکان.

 

یاسەمین ئاتیک کە لەگەڵ یاسین ئەتیکی هاوسەری پیشەی مامۆستایەتیان هەیە،   یەکێکە لەو خانمانەی لە ترسی دەستگیرکردن و زیندانی کردنی لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵ بوون، بە درێژایی ماوەی دووگیان بوونی لە ماڵەوە خۆی شاردۆتەوە و هەر لە ماڵەوەش منداڵی بووە.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕێکخراوی پارێزەرانی تورکیای بێدەنگکراو، باسی چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات.

خانمەکە لە ڤیدیۆیەکدا  باسی ئەو ڕۆژە سەختانەی ژیانی دەکات کە لە تورکیا بەسەری بردوون.

یاسەمین لە دوای ١٥ ی تەموزەوە، نزیکەی دوو ساڵ لە خانوی کەسێکی نزیکیدا ناچار بە خۆشاردنەوە دەبێت.

ناوبراو لە ژوورێکی ٤ مەتری هەمان خانودا، ناچار بەوە دەبێت کە یوسف موحسینی کوڕی لەسەر نایلۆنێک بهێنێتە دونیاوە.

سێڤینچ ئۆزئاسڵانیش لە ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا، چیرۆکی ژیانی خانمەکەی بڵاو کردەوە.

“لەبەر ئەوەی بەشداریم لە خۆپشاندانێکدا کردبوو، ناوم چوو بووە ناو لیستی داواکراوەکانەوە”

لە زانکۆی مارمارا، بەشی کارگێڕیم تەواو کردووە. لە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، لە بەشێکی ناوخۆیی، دەستم بە ڕێنمویی خوێندکاران کرد. پاشان لە ناوچەی بێشیوزئێڤلەر، لە ڕێکخراوێکدا دەستم بە کارکردن کرد. لە ساڵی ٢٠٠٦ هاوسەرگیریم کردووە و پاش ٨ مانگ لە هاوسەرگیریەکەمان، ماڵمان بۆ ناوچەی کەشانە لە ئیدیرنە گواستەوە. لەوێ لە بەشێکی ناوخۆیی وەک کارمەندی سەرپەرشتیاری بەشێکی ناوخۆیی کارم دەکرد. کاری ئێمە ئەوە بوو بە دەم خەم و کێشەی خوێندکارەکانەوە بچین.

هاوسەرەکەشم بە ناوی یاسین ئەتیک، بەشی فەلسەفەی زانکۆی ئیستەنبولی تەواو کردووە. ئەویش لە دەرسخانەیەک مامۆستایەتی دەکرد. پاش ئەوەی ماوەیەک لە ناوچەی کەشانەی ئێدیرنە ژیانمان بەسەر برد، لە ساڵی ٢٠١٠ چووینە ناوەندی شاری ئێدیرنە.

ئەمجارەیان لە ڕێکخراوی “هاریکاری ژیانی خێزانی”  و بەشی ناوخۆیی “بەشاری” دەستم بە کار کرد.

لەم ماوەیەدا ٣ منداڵمان بوو.

ئەنەس لە ٢ ی حوزەیرانی ٢٠٠٨، ڕەیحان لە ٣٠ ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٩، نالانیش لە ٨ ی ئابی ٢٠١٥ هاتە دونیاوە.

لە کاتی ڕووداوەکانی ١٥ ی تەموزیشدا، وەک هەموو کەس ئێمەش سەرەتا لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە هەواڵەکانیمان بیست.

لەو ڕۆژەدا خۆم و هاوسەر و منداڵەکانم، لە  ئیستەنبول لە ماڵی خۆمان بووین. من خەریکی منداڵەکانم بووم و هاوسەرەکەم لەو کاتەدا خەریکی سەیرکردنی ئینتەرنێت بوو. سەرەتا لە دەمی هاوسەرەکەمەوە هەواڵی کودەتا و ڕوداوەکانی دواترم بیست.

پاشان هێواش هێواش دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی هاڕێکانمان. کاتێک هەستمان بە مەترسی بارودۆخەکە کرد، ئیدی بڕیاری ئەوەماندا کە چیدی لە ماڵی خۆمان نەمێنینەوە.

هاوسەرەکەشم لە پێش ١٥ ی تەموزدا، لە بەرواری ٤ ی ئازاری ٢٠١٦، لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا ئەنجامدابوو. کاتێک بەشە ناوخۆیەکەی شاری ئێدیرنەیان داخست، ئێمەش بە ناچاری گەڕاینەوە بۆ ئیستەنبول.

لە بەرواری ٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٦، بە فەرمانی دەستبەسەکردنەوە هاتنە سەر ماڵەکەی ئیستەنبولمان. هاوسەرەکەم لەو کاتەدا لە ماڵەوە نەبوو، منیش لە دوای مانگی ئابی ٢٠١٦، چیدی لەو ماڵەدا نەمامەوە.

“بە ناچاری ماوەی ٢ ساڵ خۆمم شاردەوە”

بێگومان کاتێکی زۆر سەخت بوو. بە ٣ منداڵەوە لە شوێنێکم و هاوسەرەکەشم لە شوێنێکی ترە. ڕۆشتن و هاتن بەو هەموو منداڵەوە کارێکی سەخت بوو. پاشان لە گەڕەکێکی تر خانوویەکمان گرت، ماوەی ٢ ساڵ بە ناچاری لە تورکیادا خۆمان شاردەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ تاوانێکیشمان ئەنجام نەدابوو. تەنیا بە هۆی ئەوەی هەندێک کەس لە کاتی لێپرسینەوەدا ناوی ئێمەیان دابوو، لە زیندانیکردن و دەستگیرکردن دەترساین.

لە مانگی کانونی دووهەمی ٢٠١٦، دۆسیەیەکیان لەسەر من کردەوە. ئەم دۆسیەیەش بە هۆ ناوم هێنانم لەلایەن کەسێکەوە بوو، کە لە هەمان دۆسیەدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدرابوو. یەکەم دانیشتنی دادگاش لە مانگی شوباتی ٢٠١٦ ئەنجامدرا.

بە تۆمەتی سەرپەرشتیاری گروپی تیرۆرستی بڕیاری دەستبەسەرکردنم بۆ دەرکرابوو. کاتێک ئەم هەواڵەم بیست، سەرەتا شۆک بووم و پاشان وتم “وای خودایە” و دەستم بە پێکەنین کرد.

باوەڕم بەوە نەدەکرد کە کەسێکی ئاسایی وەک کارمەندی بەشی ناوخۆیی، وەک سەرپەرشتیاری گروپی تیرۆرستی تۆمەتبار بکرێت.

بیرم لەوە دەکردەوە و کە ئاخۆ دەبێت چیم کردبێت و کامە گروپی تیرۆرستیم بەڕێوە بردبێت.

جارێکیان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ئێدرنە بەشداریم لە خۆپشاندانێک کردبوو. لەگەڵ هاوڕێکانم پڕۆتێستۆی پێشێلکاریەکانی حکومەتم کرد، کە دەرحەق ئازادی بیروڕا و مێدیاکان ئەنجامی دەدا. پاشان ئەوەم بۆ دەرکەوت کە هەموو بەشداربووانی خۆپشاندانەکە ناویان تۆمارکراوە.

هەروەها ئەوەم بیست کە دراوسێکەشمان شکاتی لێکردووم. بە پۆلیسەکانی وتبوو کەوا کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و دەرماڵەمان بۆ خوێندکارە هەژارەکان کۆکردۆتەوە.

دراوسێکەشم ژنێکی پەرستار بوو، هاوسەرەکەشی پزیشک بوو، ئەگەری زۆرە لە ترسی ئەوەی کە خۆیشیان شتێکیان بەسەر نەیەت، لە دژی ئێمە قسەیان کردبوو. من هیچ بەو خانمە و کەسانی تریش ناڵێم. دڵم لە کەسیان زویر نەبووە. چونکە من دەزانم لە کاتی لێپرسینەوەدا، چی لە هاوڵاتیان دەکەن و بە چی شێوەیەک هەڕەشەیان لێدەکەن.

 

“لە ماوەی ٩ مانگی دوو گیانیدا تەنیا ٤ جار چاوم بە پزیشک کەوتووە”

لە گەڕەکێکی تر خانومان گرت، لەم ماوەیەدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە بە منداڵی چوارهەممانەوە دووگیان بووم.  لە تەواوی ٩ مانگی دووگیانیمدا، تەنیا ٤ جار چاوم بە پزیشک کەوتووە. جاری چوارەمیان هەفتەیەک بەر لە لەدایکبوونی منداڵەکەم بوو. چوونم بۆ نەخۆشخانەش کارێکی زۆر پڕ مەترسی بوو، لە نەخۆشخانەکە سەرەم نوسی و پاشان چوومە دەرەوە، لە شوێنێکی دوور وەستام و سەیری نەخۆشخانەکەم دەکرد کە ئاخۆ هێزەکانی پۆلیس دێن یاخود نا. کاتێک زانیم سەرەم هاتووە، دیسان چوومە ژوورەوە.

 

“مامانێکم دۆزیەوە کە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرابوویەوە”

٤٥ ڕۆژ پێش من، خانمێکی تر منداڵی بوو. نەخۆشخانەیەکمان بۆ دۆزیەوە کە ناوی لە لیستی داواکراوەکاندا تۆمار نەکرابوو. شتەکە ڕێکەوت(توافق) بوو. ماوەیەک چەند هاوڕێیەکمان لەو نەخۆشخانەیە منداڵیان بوو، هەر ئێوارەیان لێدەهات، یەکسەر بە بیانویەک نەخۆشخانەکەیان جێدەهێشت.

منیش بیرم لەوە دەکردەوە کە لە هەمان نەخۆشخانە نەشتەرگەری ئەنجام بدەم. بەڵام پاشان بیستم کە هاوڕێیەکمان لە کاتژمێر ٧ چۆتە نەشتەگەری و پۆلیسەکانیش کاتژمێر ٨ لەبەردەم ژووری نەشتەرگەریدا ئامادە بوون. پاش نەشتەرگەریەکە خانمەکەیان بردۆتە بنکەی پۆلیس و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام داوە. ئەم ژنە داماوە لە نێوان بنکەی پۆلیس و دادگادا هەر خەریکی هاتوچۆ بوو، بەو هۆیەوە خۆیی و منداڵەکەشی پەرێشان بوون. منداڵەکەی توشی زەردوویی بوو بوو. کاتێک منیش ئەمانەم بیست، وەک ئەو پەرێشان بووم.

زوو زوو هەواڵیان بۆ دەناردم کە پێویستە چارەیەک بدۆزمەوە، منیش بڕیارمدا لە ماڵەوە منداڵم ببێت. هاوسەرەکەم لەم بابەتەدا زۆر یارمەتی منیدا. بە هۆی هاوڕێیەکیەوە، مامانێکی زۆر شارەزامان پەیدا کرد، کە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرابوویەوە.

٤ تا ٥ ماڵمان بۆ کاتی لە دایکبوونی منداڵەکە تەرخان کرد. تەگبیری ئەوەمان کرد کە گەر لە شوێنێک توشی کێشە بووین، یەکسەر بتوانین لە شوێنێکی تر منداڵەکەم ببێت. لەو کاتانەدا پێویستە بیر لە هەموو شتێک بکەیتەوە. لە بەرواری ١٠ ی ئەیلولی ٢٠١٧، شەوەکەی کەوتمە سەر ژان. هەر بە ڕۆژیش هەستم بەوە کردبوو کە دەشێت ئەو شەوە منداڵم ببێت و پێش چەند کاتژمێرێک بەر لە لەدایک بوونی منداڵەکە، تەلەفۆنمان بۆ مامانەکە کرد.

 کاتژمێر ٣ ی سەر لە بەیانی چووین بە دوای مامانەکەدا و کاتژمێر ٦ ژانەکەم ڕووی لە زیادبوون کرد. براکەم چوو بە دوای مامەنەکەدا و لەگەڵ خۆی هێنای. ژنێکی تریشی لەگەڵ خۆی هێنابوو، ئەویش هەر مامان بوو. بە مەبەستی گوێ گرتن لە لەرەی دڵم ئامێری NTS و هەناسەپێدانیان هێنابوو، هەموویان پەیدا کردبوو.

پێش منیش لەگەڵ چەندین ژنی تر بە هەمان شێوە مامانیان کردبوو. دوای من بە نیازی چوون بۆ لای خانمێکی تریش بوون.

بە ڕاستی ژنێکی شارەزا بوو، من تەواوی منداڵەکانی ترم لە نەخۆشخانەی سەما بوو بوو. هەستم بە هیچ جیاوازیەک نەکرد لەگەڵ پەرستارەکانی ئەو نەخۆشخانەیەدا. زۆر یارمەتیاندام و بە ئاسانی منداڵەکەم بوو.

“لە ژوورێکی چوار مەتریدا جێگامان داخست و بە نایلۆن دامانپۆشی”

 

پێش چەند ڕۆژێک لە هاتنی مامەنەکە، بە تەلەفۆن قسەمان کرد و داوای لێکردین کە نایلۆنێکی گەورە و نایلۆنی گەورە و تەنەکەی زبڵ ئامادە بکەین.

کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەم چووین بۆ کڕینی نایلۆنەکە، خاوەنی دوکانەکە سەری سوڕما لەوەی کە ئەو هەموو نایلۆنەمان بۆ چیە؟ پرسیاری ئەوەی لێکردین کە ئاخۆ بە مەبەستی فەرش شۆردین بەکاری دەهێنین یاخود نا؟ ئێمە بە پێکەنینەوە وتمان بەڵێ فەرش دەشۆرین…

ئەوە یەکێک بوو لەو ساتانەی لە وەڵامی هەر پرسیارێکدا قوڕگمان پڕ دەبوو لە گریان و هیچ کاتێک ئەو ساتانە لە یاد ناکەم.

ئەو خانوەی تێیدا دەمامەوە زۆر بچوک بوو، تەنیا ٤٥ مەتر بوو، کاتێک مامەنکان هاتن، نایلۆنە گەورەکەیان بەسەر جێگاکەدا داخست. مامانەکان داوایان لێکردم کە لە ژوورەکەدا بسوڕێمەوە، منیش چەند کاتژمێرێک لەو ژوورە بچوکەدا سوڕامەوە. پاشان کاتژمێر ٩ ی سەرلەبەیانی، یوسف موحسینی کوڕم هاتە دونیاوە.

لە کاتی نەشتەرگەریەکانی تردا، هێندە ماندوو بووم، ئاگام لە منداڵەکانم نەبوو. بەڵام ئەمجارەیان چاوم کراوە بوو، زۆر خەمی تەندروستی کوڕەکەمم بوو. دەست و قاچ و چاوی جوڵەی دەکرد. هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا. پاشان شۆردیان و دایانە دەستم. هەردووکمان زۆر ماندوو بوو بووین، پێکەوە نوستین.

“زۆر لێم دەپرسن کە چۆن بێ هاوارکردن منداڵم بووە”

کاتێک بە شێوەیەکی ئاسایی منداڵت دەبێت، بە خێرایی دێیتەوە سەر خۆت. لە ماوەی ٢ تا ٣ ڕۆژدا دێیتەوە سەر خۆت و هەڵدەستیتە سەر پێ. منیش یەکسەر چاک بوومەوە. پاش ٣ ڕۆژ لە ژوورەوە بێزار بووم، هەناسەم لێ بڕابوو. ئیدی منداڵەکەم جێهێشت و بۆ ماوەیەک چوومە دەرەوەی خانوەکە.

زۆرترین پرسیار کە لێم دەکرێت ئەوەیە: بێ ئەوەی بتوانیت هاوار بکەیت، چۆنی منداڵت بوو؟

وەڵامەکەی منیش زۆر سادەیە: چونکە نەمدەتوانی هاورا بکەم.

هەتا ئەو ساتەی منداڵم بوو، فێری ئەوەیان کردین کە چۆنی بەرگەی ئازار بگرین!

دوو ساڵ خۆت بشاریتەوە و نەهێڵیت منداڵەکانت هیچ شتێک بۆ خەڵک ئاشکرا بکەن، نەتوانیت لەگەڵ کەسوکارت باسی هیچ بکەیت، دوو جار پۆلیس بێتە سەر ماڵەکەت هەتا هاوسەرەکەت دەستگیر بکەن، کاتێک ئەم ئازارانە بەراورد دەکەین لەگەڵ ئازاری کاتی لە دایک بوونی منداڵەکەمدا، زۆر سادە دەبینرێت.

 

جگە لەوە هاواریش بکەیت چی دەبێت؟ ژیانی خۆت و منداڵە ساواکە دەخەیتە مەترسیەوە، من بەرگەی ئازاری زۆرم گرتووە، کەسێکی ناسک نیم…

 

125 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە