بیروڕاهەواڵ

داوایەک لە یۆنان: پەنابەران سنورداش مەکەنەوە

ڕێکخراوی بەرگریکارە بێدەنگکراوەکانی تورکیا(AST)، کە ڕێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ و ناوەندەکەی لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمەریکایە، سەبارەت بە سنورداشکردنەوەی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە وڵاتی یۆنان، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە وڵاتی یۆنان کراوە کە هاوسۆزانی خزمەت سنورداشی وڵاتەکەیان نەکەنەوە.

یۆنان بە هۆی پێگە جوگرافیەکەیەوە، یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی لە کاتی گەشتی نێوان قاڕەی ئاسیا و ئەوروپا، پەنابەران ڕێیان تێیدەکەوێت.

دەیان ساڵە هاوڵاتیانی پەنابەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی دەریاچەی ئەگە(ئیجە)، یاخود لە دەریاچەی مەریچ، کە سنوری وشکانی نێوان تورکیا و یۆنانە، هەوڵی پەڕینەوە بۆ وڵاتی یۆنان دەدەن.

“ژمارەی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان زیادی کردووە”

 

لە دوای کودەتا سیناریۆکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، بە هۆی ئەو زوڵم و زۆر و ڕەشبگیریەی لە دژی هاوسۆزانی خزمەت دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی تورکیا، لە ڕێگەی دەریاچەی ئەگە یاخود مەریچەوە، هەوڵی پەڕینەوە بۆ وڵاتی یۆنان دەدەن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی ئەوروپا کە لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ لە ژێر ناوی “پەنابەران و ئاوارەکان) بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧، ٦ هەزار و ٥٩٢ پەنابەر، لە ساڵی ٢٠١٨، ١٨ هەزار و ١٤ پەنابەر، لە دەریاچەی مەریچ و ئەگەوە ڕوویان لە وڵاتی یۆنان کردووە.

 

بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ژمارەی هاوڵاتیانی تورکیاش کە وەک پەنابەر ڕوو لە وڵاتی یۆنان دەکەن، لەم ساڵانەی دوایدا ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦ تەنیا ١٨٩ هاوڵاتی تورکیا داوای مافی پەنابەرێتی لە یۆنان کردووە، لە ساڵی ٢٠١٧ ئەم ژمارەیە بۆ هەزار و ٨٢٦ هاوڵاتی بەرز دەبێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٨، ژمارەکە گەشتۆتە ٤ هەزار و ٨٣٤ کەس.

 

” لە پڕێکدا مامەڵەی وڵاتی یۆنان گۆڕانکاری بەسەردا هات”

وڵاتی یۆنان ماوەیەکی زۆرە پارێزگاری لەو هاوڵاتیانی تورکیا دەکات کە داوای مافی پەنابەرێتی لێدەکەن.

بەڵام لە دوای ناوەڕاستەکانی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩، مامەڵەی وڵاتی یۆنان لە پڕێکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

 

لەم چەند ساڵەی دواییدا هەواڵی ئەوە لە مێدیاکاندا بڵاو بوویەوە، کە دیاردەی لێدان لە پەنەبەرانی هاتوو لە وڵاتی تورکیاوە بڵاوبۆتەوە و، ئاماژە بەوە کرا کە پەنابەران دوای ئەوەی بە پیسی لێیان دەدرێت، پاشان ڕەوانەی تورکیایان دەکەنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی The Guardian ژمارەیەک هاوڵاتی دەموچاو بەستراو بە ماسک کە هەتا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە، پاش ئەوەی بە شێوەیەکی سەخت لە هاوڵاتیانی پەنابەر دەدەن و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکەن، هەروەها سەرەڕای ئەوەی جلوبەرگی تەواویشیان لەبەردا نەبووە و لە وەرزی زستاندا بوون، بەڵام بە زۆر ڕەوانەی تورکیایان کردونەتەوە.

کۆمیسیۆنی بەرگری لە مامڵەی خراپ و ئەشکەنجەدانی مرۆڤەکان(CPT) سەر بە یەکێتی ئەوروپاش، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەم بابەتە دەکات و دەڵێت” چەند هاوڵاتیەک بە بەلەمی چوپ لە وڵاتی تورکیاوە خۆیان دەگەیەننە وڵاتی یۆنان. بە گوێرەی هەندێک بانگەشە، ئەم هاوڵاتیانە لەلایەن کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی سوپا و پاسەوانی سەر سنورەوە، ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە و بە دار کێشراوە بە سەریاندا”.

سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا، هەواڵی مامەڵەی خراپ لەگەڵ هاوڵاتیانی پەنابەری وڵاتانی دی لە مێدیاکاندا بڵاو بوویەوە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە وڵاتی یۆنان، بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی تورکیا بکات.

 

ڕێکخراوی بەرگریکارە بێدەنگکراوەکانی تورکیا، لە ڕاپۆرتێکی ئاماژە بە حاڵەتەکانی مامەڵەی خراپ و سنورداشکردنەوەی هاوڵاتیان دەکات.

“ئەو هاوڵاتیانەی بە زۆر رەوانەی تورکیا کراونەتەوە، لە تورکیا دەستبەسەر کراون”

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، خانەوادەی خەلیل گوڵ و هاوسەرەکەی بە ناوی سەحەر گوڵ، کە سێ منداڵیشیان لەگەڵدا بووە، دوای ئەوەی ئاوی دەریایان بڕی و خۆیان گەیاندە وڵاتی یۆنان، بە مەبەستی ئەوە داوای مافی پەنابەرێتی بکەن؛ بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک کەسی دەموچاو بەستراو بە ماسکەوە، توشی مامەڵەی خراپ دەبن و بە زۆر ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کراونەتەوە.

هەروەها دوای ئەوەی هاوڵاتیەکان بە زۆر ڕەوانەی تورکیا دەکرێنەوە، دایک و باوکی منداڵەکان، لە شاری ئیدیرنەی تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە دەست کران و دادگاش فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن و منداڵەکانیشیان ڕادەستی کەسوکاریان کراوە.

 

هەروەها ڕۆژنامەنوسێک بە ناوی گوڵسوم ئالان، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای مانگی نیسانەوە، هاوڵاتیانی پەنابەر لە تورکیاوە بۆ یۆنان، توشی حاڵەتی مامەڵەی خراپ و بە زۆر ڕەوانە کردنەوە بۆ تورکیا بوون.

بە گوێرەی هەواڵێک کەوا لە ماڵپەڕی Euronews بڵاو کراوەتەوە، لە نێوان بەرواری ٢٣ ی نیسان هەتا ١٣ مانگی ئایاری ئەمساڵ، نزیکەی ٨٢ هاوڵاتی پەنابەر، لەلایەن کۆمەڵێک کەسی دەموچاوبەستراوی هاوڵاتی یۆنان، کە هەندێکیان جلی فەرمیان لەبەردا بووە، توشی لێدان و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە و بە زۆر ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کراونەتەوە.

“پێویستە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی بە زۆر ڕەوانە کردنی هاوڵاتیانی پەنابەر ئەنجام بدرێت”

 

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا، دیاردەی بە زۆر ڕەوانە کردنەوەی هاوڵاتیانی پەنابەر، کاردانەوەی لەلای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتی یۆنان، دروست کردووە.

نزیکەی ١٠ ڕێکخراوی مەدەنی وڵاتی یۆنان کە تایبەتمەندن بە پاراستنی مافی پەنابەران، داوای ئەوە لە حکومەتی یۆنان دەکەن، کە بە زووترین کات لێپرسینەوە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی وڵاتی یۆنان بکات.

لەلایەکی ترەوە رەبەکا هارمس کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠١٩ پەڕلەمانتاری پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپایە، دیاردەی بە زۆر ڕەوانەکردنەوەی پەنابەران لە دوای تێپەڕاندنی دەریاچەی مەریچ، بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتیەکان ناو دەبات.

 

هەروەها داوای لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد، کە سەبارەت بە دیاردەی بە زۆر ڕەوانە کردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بکاتەوە.

“یۆنان پێویستە ئەو هاوڵاتیانە بپارێزێت”

 

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە یۆنان یەکێکە لەو وڵاتانەی پابەندی ڕێکەوتننامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی پەنابەرانە و،  ئەوەی بە بیری کاربەدەستانی یۆنان هێنایەوە، کە پاراستنی ئەو هاوڵاتیە پەنابەرانە، ئەرکی سەرشانیانە.

هەروەها هارمس دەڵێت”وڵاتی یۆنان، کە پابەندی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکانە، سەبارەت بەو هاوڵاتیانەی لە دەست فشاری کاربەدەستانی تورکیا ڕادەکەن، نابێت بە هیچ شێوەیەک لە  بابەتی رەوانەکردنەوە و سنورداشکردن و دەرکردنیاندا، زۆریان لێبکات “.

لەلایەکی ترەوە ئەلفرێد دە زەیاس، پڕۆفیسۆر لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و شارەزای بێ لایەنی نەتەوەیەکگرتوەکان، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەنگۆکان دەربڕی و ئاماژەی بە ماددەی ١٤ ی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد، کە لە ساڵی ١٩٥١ واژۆی لەسەر کراوە.

ناوبراو سەبارەت بە ناوەڕۆکی ماددەی ١٤ ی رێکەوتننامەکە، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو هاوڵاتیەک مافی ئەوەی هەیە هەرکاتێک لە ترسی زوڵم و پێشێلکاری مافەکانی، پەنا بۆ هەر یەکێک وڵاتەکانی دونیا ببات.

زەیاس لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە ماددەی ٣٣ کرد، کە تێیدا ناردنەوە و سنورداشکردنی هەر هاوڵاتیەک کە بە هۆی دین، نەتەوە، ئاستی کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕی سیاسیەوە توشی زوڵم بووبێت، قەدەغە دەکات.

“نەناردنەوەی هاوڵاتیان یەکێکە لە یاساکان”

زەیاس ئاماژەی بەوەشدا کە بە گوێرەی ماددەی سێهەم و حەوتەمی ڕێکەوتننامەکە کە تایبەتە بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان و وڵاتی یۆنانیش واژۆی لەسەر کردووە، هەر هاوڵاتیەک لە وڵاتی خۆی توشی سزا و مامەڵەی نامرۆڤانە و سوکایەتی پێکەرانە ببێتەوە و بەو هۆیەوە پەنا بباتە بەر وڵاتێکی تر، نەناردنەوەی ئەو هاوڵاتیە یاسایەکە و دەبێت پەیڕەوی لێبکرێت.

 

زەیاس ئاماژەی بەوەشدا کە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە هۆی ئەو مامەڵە خراپەی لە تورکیا ڕووبەڕوویان بۆتەوە، بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی تایبەت بە پەنابەران کە لە ساڵی ١٩٥١ واژۆی لەسەر کراوە، بە هەموو شێوەیەک خاوەنی ئەو مافەن کە ڕەوانەی وڵاتی تورکیا نەکرێنەوە.

زەیاس ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی یۆنان هەتا ئێستا باوەشی بۆ هەموو پەنابەران گرتۆتەوە و سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە رەوانەکردنەوە و سنورداشکردن و مامەڵەی خراپ  لەگەڵ پەنابەران دەکەن، داوای لە حکومەتی یۆنان کرد کە ئەرک و بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی سەرشانی بەجێبهێنێت و پاشان داوای کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کرد؛ کە تێیدا بەرپرسانی ئەو جۆرە کارانە ئاشکرا بکرێت.

هەروەها پڕۆفیسۆر ئەنوەر عالەم، سەرۆکی وەقفی گۆشەنیگای سیاسی نیودەلهی، کە کەسایەتیەکی ناسراوی نێودەوڵەتیە، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەدا کە هاسۆزانی خزمەت لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ وڵاتی یۆنان، خاوەنی هەموو مافێکی نێودەوڵەتین کە جارێکی تر ڕەوانەی تورکیا نەکرێنەوە.

 

ناوبراو داوای لە وڵاتی یۆنانیش کرد کە ئەرک و بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی خۆی بەجێبگەیەنێت و دۆسیەی لێکۆڵینەوە و  لێپرسینەوە سەبارەت بەو ڕووداوانە بکاتەوە.

 

49 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە