هەواڵ

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای لێکۆڵینەوە لە دیاردەی ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی تورکیا دەکەن

 

٥ ڕێکخراوی تایبەت بە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە دیاردەی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان لە زیندانەکانی تورکیا، داوایەکی فەرمیان بۆ کۆمیسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدانی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرز کردەوە.

 

هەریەک لە ڕێكخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ژنێڤ، وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران، ڕێکخراوی پارێزەرە بێ دەنگکراوەکانی تورکیا، ڕێکخراوی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی ستۆکهۆلم بۆ ئازادیەکان، پێکەوە داوایەکی فەرمی هاوبەشیان بۆ “کۆمیسیۆنی ڕێگری لە ئەشکەنجەدان” ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بەرز کردەوە.

ڕێکخراوەکان لە نوسراوەکەیاندا، ئاماژەیان بەوەدا کە لە تورکیادا بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕێکەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکرێت و بۆ  سەلماندنی ئەم بابەتەش بەڵگەی بەرجەستەیان لەبەردەستدایە.

 

” ڕژێمی ئێردۆغان لە دوای ١٥ ی تەموزەوە، ڕێگەی بۆ زوڵمکردن لە هاوڵاتیان ئاوەڵا کردووە”

لەو نوسراوەی کەوا پێشکەش بە کۆمیسیۆنەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە، ئاماژە بەم چەند خاڵەی خوارەوە دەکات:

 

دوای ئەوەی دۆسیەکانی ١٧ و ٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣، بڵاوبەونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرچاو لە حکومەتی تورکیادا خستە ڕوو، رژێمەکەی ئێردۆغان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگای تورکیا، پیلانێکی تۆقێنەرانەی دەست پێکرد.

 

هەربۆیە کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، چەکێکی کراوەی بە ئێردۆغان و رژێمەکەی بەخشی.

لە ڕێگەی دادگاکان کە بە شێوەیەکی زۆر توند کۆنتڕۆڵ کراون، هەروەها لە ڕێگەی سەرمایەداران و مێدیا زەبەلاحەکانیانەوە کە بۆ خزمەتی پڕوپاگەندەی دەسەڵات بەکاری دەهێنن، بزاڤی خزمەت کرایە “قۆچی قوربانی” و زوڵمێکی گەورە بەرامبەر هاوسۆزای خزمەت دەست پێکرا.

 

“بە شێوەیەکی بەرفراوان و سیستەماتیکیانە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەستی پێکرد”

 

هەربۆیە ئەم زوڵمە بە شێوەیەکی بەرفراوان و سیستەماتیکی لە دژی هاوڵاتیان دەستپێکرا. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وڵات و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە لە هەمان چوارچێوەدا دەردەکرا، دەست کرا بەوەی هاوسۆزانی خزمەت بە شێوەیەکی بێ چاودێری و لێپرسینەوە، لە زیندانەکاندا بهێڵدرێنەوە و زۆریان لێبکرێت بۆ “دانپێدانان” بە شتانێکدا کە ئەنجامیان نەداوە.

دادگاکانیش کە دوورن لە سەربەخۆیی و بێ لایەنی، بە بێ ئەوەی توشی هیچ لێپرسینەوە و چاودێرێیەکی یاسایی ببن، دەستیان کرد بەوەی بڕیاری هێشتنەوەی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی کەیفی بۆ ماوەیەکی دوور  درێژ لە زینداندا دەربکەن. هەربۆیە لە دوای ١٥ ی تەموزوە هەموو هەفتەیەک نزیکەی ٤٠٠ هاوڵاتیان دەست بەسەر کردووە.

 

نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەتا ئێستا ٩ حاڵەتی تایبەتمەند بە هاوسۆزانی خزمەتی تۆمار کردووە، کە بە شێوەیەکی کەیفی لەلایەن دەسەڵاتداررانی تورکیاوە دەستبەسەر کراون.

ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و بەربڵاو، وەک سیاسەتێکی پەیڕەوی لێکراوی حکومەتی ئێستای تورکیای لێهاتووە.

تەنانەت ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیەکان، لە نوێترین حاڵەتیدا لە ئەنقەرە، بەرامبەر دیپلۆماتکارەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بەکارهێنراوە و خراونەتە ژێر ئەشکەنجەدانەوە.

 

 سیاسەتی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان، زیاتر لە ڕێگەی ئەوەی مۆڵەتی چاوپێکەوتن بە پارێزەرەکانیان لێ قەدەغە بکەن، یاخود رەچاوی باری شاراوەیی چاوپێکەوتنی نێوان هاوڵاتیان و پارێزەرەکەی نەکەن، هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمیسیۆنانەی کە چاودێری بارودۆخی زیندانەکان دەکەن، ڕێگە نەدان بەوەی ڕاپۆرتی پزیشکی بە هاوڵاتیانی زیندانی بدرێت، درێژە بەم جۆرە مامەڵانە دراوە و ڕێگەیان بۆ خۆش کردووە.


“ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە تۆمار کراوە”

هەریەک لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان(OHCHR)، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(HRW)، بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر، ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانیان بە مەبەستی زۆرلێکردن بۆ دانپێدانان، تۆمار کردووە.

 

هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە شەق، دەستدرێژی، هێرشی سێکسی، هەڕەشەی هێرشی سێکسی، لێدانی کارەبا و سەرکردن بە ئاودا هەتا ڕادەی خنکان، وەک شێوازی ئەشکەنجەدان بەکارهێنراوە.

زۆرێک لەم حاڵەتی ئەشکەنجەدانانەش، لە کاتی دەستگیر کردن و مانەوەی هاوڵاتیەکان لە بنکەکانی پۆلیس ئەنجامدراوە.

هەروەها جێگەی ئاماژە پێدانە، نوسراوی ٥ ڕێکخراوەکە، لەگەڵ ناوی کەسانی بەرپرس لە ئەشکەنجەی هاوڵاتیان، خراوەتە بەردەم  نەتەوە کۆمیسیۆنەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان.

 

 

بانگەشەکان لە جیاتی بە دواداچوون، پەردەپۆش دەکرێن

 

تورکیا وەک ئەوەی خاوەنی دامودەزگایەکی ڕێکوپێک، خاوەن دەسەڵات و ئارەزومەند لە بە دواداچوونی ئەم بەڵگە حاشاهەڵگرانەدا نیە، لە هەمان کاتدا لە جیاتی بەدواداچوون، هەوڵی پەردە پۆشکردنی ڕووداوەکان دەدات.

 

بۆ نمونە نوسراوێکی فەرمی نهێنی کەوا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هێزە ئەمنیەکانەوە بۆ  بەڕێوەبەرایەتی هێزە ئەمنیەکانی ٨١ شاری تورکیا نێردراوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کرایەوە؛ لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێکخراوێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی ئەشکەنجەدانی ناو زیندانەکانی تورکیا، لە ئەوروپاوە هاتووە و، داوا لە بەڕێوەبەرەکان دەکات کە تەواوی شوێنەوارەکانی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان لە بنکەکانیاندا بسڕنەوە. هەروەها فەرمانیان پێ دەکات کە شوێنە فەرمیەکانی دەوڵەت بە مەبەستی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان بەکارنەهێنن و، لە شوێنی تایبەتیکراو بەو دیاردەیە، ئەشکەنجەی هاوڵاتیان پەیڕەو بکەن.

هەروەها لە ڕاپۆرتی هەریەک لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی چاودێر مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بە سەختی و ڕێگریەکانی بەدواداچوون لە دیاردەی ئەشکەنجەدان کراوە و پاشان ئاماژە بە ترسی هاوڵاتیانیش کراوە لە بابەتی ئەوەی دان بە ئەشکەنجەدانیان بنێن.

 

“ئەو ٢٦ هاوڵاتیەی ڕفێندراون، هەموویان توشی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە”

 

هێزە ئەمنیەکان و هەواڵگریەکانی سەر بە ڕژێمی ئێردۆغان، سەرەڕای ئەوەی ئەشکەنجەی هاوڵاتیان دەدەن، لە هەمان کاتدا خۆیان لە ڕفاندنی هاوڵاتیانیش بە دوور نەگرتووە.

 

لە دوای ١٥ ی تەموزەوە هەتا ئێستا، لە ٢٦ حاڵەتی هاوشێوەدا هەوڵی ڕفاندنی هاوڵاتیان دراوە و ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەم حاڵەتانە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ئەنجام دەدرێن.

 

هەروەها ئەم کەسانەی توشی ئەم جۆرە حاڵەتانە بوونەتەوە، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە شوێنی نادیار هێڵدراونەتەوە و دووچاری مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.

“لە ١٨ وڵاتی دەرەوەی تورکیاش نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی ڕفێندراون”

 

حکومەتی تورکیا تەنیا هاوڵاتیانی ناوخۆی وڵاتەکەی نافڕێنێت و لە هەمان کاتدا لە ١٨ وڵاتی تری دونیا، نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی سەر بە بزاڤی خزمەتی ڕفاندووە.

خودی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش، لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بە شێوەیەکی بێ ئابڕوانە ئاماژە بەوە دەدات کە لە ١٨ وڵاتی دونیا نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتیان ڕفاندووە و بە شانازیەوە باسیان دەکات. هەروەها لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەش بەوە کراوە کە ئەم هاوڵاتیانە لە دوای دەستگیر کردنیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە.

“٣ هەزار کەس لە زیندانی تاکە کەسیدایە و ٥٤ حاڵەتی مردنی گوماناوی ڕوویداوە”

هەروەها جگە لە بنکەکانی پۆلیس، ئەشکەنجەی هاوڵاتیان لە ناو زیندانەکانی تورکیاش دیاردەیەکی بەربڵاوە. هەتا ئێستا نزیکەی ٣ هەزار هاوڵاتی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژووری تاکە کەسیدا دەمێننەوە، کە یاساکانی تورکیا ڕێگەی پێنەداوە؛ ٥٤ هاوڵاتی ناو زیندانەکانی تورکیاش، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

لە ڕاستیشدا زیندانیکردن لە ژووری تاکە کەسی و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە بێ دادگایی کردن، خۆی لە خۆیدا سوکایەتی پێکردنیانە.

هەروەها هەتا ئێستا ٥٤ حاڵەتی خۆ کوشتنی زیندانیەکان تۆمار کراوە و گومانی بەهێزیان لەسەرە کەوا لە ژێر ئەشکەنجەداندا گیانیان لە دەستدابێت.

ئەم حاڵەتی خۆ کوشتن و گیان لە دەستدانانەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هاوڵاتیەکان خراونەتە ژێر ئەشکەنجەوە، یاخود وەک پیویستە ڕێگەیان نەدراوە بەوەی دەستیان بە پێداویستیە پزیشکیەکانیان بگات.

 

“ژنانی دووگیان یان زەیستان، لەگەڵ منداڵەکانیاندا لە زیندانەکاندا دەهێڵدرێنەوە”

ڕژێمەکەی ئێردۆغان، ژنانی دووگیان یاخود ئەوانەی تازە منداڵیان بووە و زەیستانن، بە شێوەیەکی سیستەماتیکی بە ئامانج گرتووە و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجەیان دەدات.

 

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، لە ڕاپۆرتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ٥٠ ژنی دووگیان، ماوەیەکی کەم بەر لە لەدایکبوونی منداڵەکانیان، یاخود ڕێک لە دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان خراونەتە زیندانەوە. هەروەها ئاماژە بە زیندانیکردنی ٦٠٠ دایک دەکات، کە زۆربەیان زەیستانن و هەندێکیشیان منداڵەکانیان خوار تەمەنی ٦ ساڵانە.

 

لە زۆرینەی ڕووداوەکانیشدا بنەمای “خۆیی بوونی تاوان” پێشێل کراوە و ئەم خانمانە بە هۆی تۆمەتبارکراوی بوونی هاوسەرەکانیانەوە لە زیندانن.

٥ ڕێکخراوەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیاندا، داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کردووە، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دیاردەی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی تورکیا بکەنەوە و کەسانی بەرپرس لەو تاوانانەش بخەنە بەردەم لێپرسینەوەی دادپەروەرانەی دادگا نێودەوڵەتیەکان.

 

 

52 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە