بیروڕاهەواڵ

چەند تێبینیەک لەسەر قورئانی کەریم…

عەبدوڵا ئایماز

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە کتێبی ” ڕەنگدانەوەی قورئان لە ئیدراکدا”، باسی قورئانمان بۆ دەکات. بەڵام چۆن باسکردنێک!

لە یەکەم ڕستەدا دەڵێت” قورئان تیشکی ئەبەدیەتە کە لە جیهانی پیت و وشەکاندا درەوشاوەتەوە…”.

بەڵێ قورئانی کەریم بە ٣٠٠ هەزار و ٦٠٠ پیت، واتە بە چەند پیتێکی سنوردار، واتایەکی بێ کۆتا دەبەخشێت و کەلامێکی ئەزەلیە.

هەربۆیە ئوستاد دەڵێت:

مرۆڤ لە کاتی قسەکردنیدا، خودی خۆی بەدەردەخات. چونکە بە گوێرەی هەلومەرجی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژی و،  بە گوێرەی  ئاستی زانست و زانیاری خۆی، کاریگەری بەسەر قسەکانیەوە دەبێت. ئیدی سنور و ڕادەی ئەو وتەیەش ئاشکرایە. بەڵام وتەی جەنابی حەق، لەبەر ئەوەی کەلامێکی ئەزەلی و ئەبەدیە، هەتا ڕۆژی قیامەت، قسە لەگەڵ یەکە بە یەکە سەردەمەکان و مرۆڤی هەموو ئاستەکان دەکات. وەڵامی داواکاریەکانیان دەداتەوە و دەرمانی دەردەکانیان دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی ماددی و مەعنەوییان.

هەربۆیە تەواوی مرۆڤەکان، گەر هەموویان لە گوێیەکی گەورەی هێندەی هەموو گەردوندا کۆ ببنەوە و گوێ لە کەلامی خودا بگرن کە قورئانی کەریمە؛ لەوە دەچێت ئەو کاتە بتوانن خاوەنی ئەو کەلامە ببینن.

بەڵام قورئانی کەریم؛ لایەنێکی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە ڕۆژی دواییدا زیاتر پەی بە واتاکانی دەبردرێت. هەربۆیە وتوویانە، جەنابی حەق لە ڕۆژی دواییدا، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ زاتی خۆیدا، سورەتی ڕەحمان، بە تیلاوەتێکی موقەدەس بەسەر بەهەشتیەکاندا دەخوێنێتەوە.

 

وتەکانی پێشەکی مامۆستا بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت:

قورئان لە زەریای هەست، هزر و سۆزی مرۆڤ و جنۆکەکاندا، دەنگ و هەناسەیەکی مەلەکوتیە… با ساتێک لە بەردەم ئەم ڕشتە ئاوریشمیە بکەوینە سەر ئەژنۆ و سەیری ئەو گەوهەرانە بکەین کە لە شێوازی وشەدا پێیدا هەڵواسراون و، هەوڵی تێگەشتن لە واتاکانیان بدەین”.

ئوستادیش بە هەمان دەنگ  و هەناسە، بەم شێوەیە ئاماژە بە لایەنێکی تری بابەتەکە دەکات:

ئەو مرۆڤەی گوێ لە قورئان دەگرێت، بە هۆی ئەو زانستی حەقیقەت و نوری حەقیقەتەی لە قورئاندایە، کە چیەتی دونیایی بۆ دەردەخات، ئیدی لەوە تێدەگات کە عەشق و وابەستەیی بە دونیاوە شتێکی زۆر بێ واتایە. واتە بۆ مرۆڤ دەسەلمێنێت و پێی دەڵێت:

دونیا کتێبێکی بێ هاووێنەیە(صمدانی)،  پیت و وشەکانی، ئاماژە بە خۆیان ناکەن و، ئاماژەن بۆ سیفات، ناو، خودی کەسێکی تر کە جەنای حەقە. مادام وەهایە، لە واتاکانی تێبگە و وەریگرە، دوودڵیەکانت بڕەوێنەوە.

هەروەها دونیا کێڵگەیەکە، بچێنە و بەروبومەکەی بدورەوە، پاشان پارێزگاری لێبکە، هەرچی دڕک و داڵ، خەڵتە و پیساییشی تێدایە، فڕێی بدە و، گرنگی پێمەدە.

 

 دونیا لە هەمان کاتدا چەشنی کۆکۆی ئاوێنەگەلیکە کە هەمیشە بە دوای یەکدا دێن و دەڕۆن. مادام بەم شێوەیەیە، ئەوە ببینە و بزانە کە لەسەر ئاوێنەکان دەردەکەوێت، نورەکانی ببینە و، لە درەوشانەوەی دەرکەوتی ئەو ناوە جوانانەی لەسەری دەردەکەون  بڕوانە و، لە خاوەنی ناوەکان تێبگە و خۆشت بوێت و، پەیوەندی خۆت بپچڕێنە لەگەڵ پارچە شوشەکانی ئەو ئاوێنەیە، کە مەحکومن بە نەمان وتیاچون و شکان.

دونیا لە هەمان کاتدا شوێنی بازرگانیەکی کاتیە. هەربۆیە سەودا و مامەڵەی خۆتی تێدا بکە و وەرەوە. بێهودە بە دوای ئەو کاروانەدا ڕامەکە کە لە دوای تۆوە دێن و ڕووت پێنادەن و، خۆت پێوەیان ماندوو مەکە.

 

هەروەها دونیا سەیرانگایەکی کاتیە. هەربۆیە بە تێڕوانینی پەند و عیبرەت وەرگرانەوە سەیری بکە و نەکەی ڕووت لە ڕواڵەتی ناشرینی بێت، تۆ سەرنج بدە لە ڕووی جوان و شاراوەی خاوەنەکەی کە خاوەنی جوانی بێ کۆتایە، گەشتێکی خۆش و بەسودی تێدا ئەنجام بدە و بگەڕێوە. وەک منداڵێکی بێ ئەقڵ مەگری بە دوای ئەو پەردانەی کە ئەو دیمەنە جوان و جوانانە پشان دەدات و خەفەتی بۆ مەخۆ.

 

هەروەها دونیا میوانخانەیە. هەربۆیە لە چوارچێوەی مۆڵەتی خاوەنە بەخشندەکەی میوانخانەکە بخۆ و بخۆرەوە و سوپاسی بکە. لە چوارچێوە یاساکانی ئەودا کارەکانت بڕێسە و هەنگاو هەڵبگرە. پاشان ئاوڕ لە دوای خۆتت مەدەوە و بڕۆ. بە شێوەیەکی هەرزەکارانە خۆت لە بابەتەکان هەڵمەقورتێنە. بە شێوەیەکی بێ واتا، خۆت بە شتانێکەوە خەریک مەکە، کە پەیوەندیان بە تۆوە نیە و کاری تۆ نین. خۆت مەخنکێنە بەو کارە کاتیانەی کە دەبێت ئەنجامی بدەیت.(وتەی ١٧، کۆتایی مەقامی یەکەم).

 

مامۆستاش وەک بەردەوامیدان بەم قسانە دەڵێت:

ڕۆژێک دێت کاتێک ئەو قورئانە لە سەدەفێکی بێ هاوتادا چەشنی مرواریەکی لێدێت، ئا لەو کاتەدا، چاوی زیڕەنگەرەکان دەکەوێتە سەر جوانییەک کە ڕەنگ پەڕین و زەرد بوون و ژاکانی بۆ نیە!

65 جار بینراوە 5 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە