بیروڕاهەواڵ

خودایە هەرچۆنێک بێت ڕزگارمان بکە!

فاتمە بەتول مەریچ

شەو قاتێکی تۆخی نیلی پۆشیوە. هۆکاری بێداریم لەم ساتانەی شەودا، تەنیا منداڵەکانمە. لەم ساتانەدا ئاگری جەرگم هەستاوە، کە وەک کەبابی لێهاتووە و بە هۆی گریانەوە چاوەکانم ئاوساون.

هێندە بێدەنگ و بێ کەسم هەر مەپرسە…

 دەنگی منداڵێک دێت، یەکسەر دەست دەکەم بە گەڕان بە دوای ئەو منداڵانەی لە ماڵە تەنیاکەمدا لێی جیا بوونەوە.

 لە ساڵۆنەکە یەک دوو هەنگاو دەنێم و چی ببینم!

یاری میکانۆکانیان کە پێش دوو ڕۆژ جێیان هێشت. هەروەها ئەو گۆرەویە جوانەنەیان کە وێنەی  خۆشەویسترین قارەمانەکانی فیلم کارتۆنەکانی لەسەرە و خۆزگە بە ماچکردنی قاچەکانیان دەبەم.

 دەیانگرم بە دەستمەوە و دەڵێم دەی ئێوە لە کوێن؟

لە کوێیە دەنگی قاقا و ژاوەژاوەکانتان کە لە خراپترین ساتەکانیشدا هادەمییان دەکردم.

لە کوێیە چاوە قاوەییەکانتان کە گەر بە درێژایی هەموو تەمەنم سەیریان بکردنایە لێیان وەرز نەدەبوم و، دەستە پیس و چەپەڵەکانتان و وتنی “دایکە” تان لە کوێ؟

 

لە دراوسێکەی قاتی سەروی خۆمانەوە هەست بە مەشغوڵیەتی بەربانگ دەکەم، بە بۆنی چێشتەکانیاندا کە باڵی مەتبەخەکەی منیشدا کێشاوە، لەوە تێدەگەم. منداڵەکان خەریکی ڕاکەڕاکن، دەکەون و دیسان هەڵدەستنەوە.

بەڵام ماڵەکەی من بێ دەنگ و سەدایە.

وەک دیوەخانێکی جێهێڵدراوە کە چەندین ساڵە هاتوچۆی بەسەرەوە نەبێت.

 ماڵەکە هەتا دێت گەورەتر دەبێت و منیش لە ناویدا زیاتر بچوکتر!

 

ئارەزوی هیچ شتێکم نەماوە لە ناویدا ئەنجامی بدەم و تا دێت واتای ژیانمی تێدا ون دەکەم. پاش چەندین خولەک لە بانگ، ڕۆژووەکەم دەشکێنم. هیچ پەلە ناکەم، چەشنی ئەو کەسانەی کە بۆ هیچ شتێک پەلە ناکەن. هەندێک ئاو دەخۆمەوە بە نیازی ئەوەی جەرگی سوتاوم کەمێک فێنکایی پێدا بێت.

 

چیدی خواردنەوەی چا تامێکی نەماوە و تامی ئەو خواردنانەشی بە تەنیا دەیانخۆم، جێیان هێشتووم. دەچمە مەتبەخ و دوو کورسی شیر خواردنی منداڵان بەرچاوم دەکەون. بەڵام کەسیان لەناو نیە و تەنیا پەڵەی هەندێک خواردن و بۆیەی منداڵانیان پێوە ماوە. دەبەی ئاو خواردنەوەی منداڵەکانم دەست لەسەر ئەژنۆ و پەژموردە وەستاون.

 

لەسەر دەرگای سەلاجەکەم جێگەی دەستە بچوکەکانیان و ئەو وێنانەی بە پەنجە بچوکەکانیان کێشاویانە، دەبینم.

هەروەها وێنەی باوکیان لەسەر دیوارەکە دەبینم کە ماوەی ١٨ مانگە چاویان پێی نەکەوتووە و، لە وێنەکەدا وەستانی خۆڕاگرانەی بەدی دەکەم، کە هەرگیز بۆ زاڵمان ملی نەوی نەکرد. هەمیشە شەڕیان دەکرد لەسەر ئەوەی کە دەبێت کامیان لە کاتی نانی بەیانیدا وێنەکەی باوکیان بگرن بە دەستیانەوە و، ئینجا نانیان دەخوارد.

پاشان دوو پیاوی بچوک، ئەمیان دەیوت “ئەوە باوکی منە” و ئەویشیان دەیوت” نەخێر باوکی منە” و بەم شێوەیە دەستیان بە شەڕکردن دەکرد.

 دەیانوت باوکە گیان و پێکەوە وێنەکەیان ماچ دەکرد.

 گەورەکەیان دەیوت” دایکە چەندە باشە کە تۆمان هەیت” و منیش دەموت” وای چەند باشە کە منیش ئێوەم هەیە”.

کەریم دیسان لێی دەپرسیم: دایکە گەر ئێمە نەبووینایە تۆ خۆت بە تەنیا چیت دەکرد؟

منیش لەو ساتەدا باوەشم پێدا دەکرد.

سەری دەخستە سەر سنگم و دەیوت: گەر ئێوەم نەبووایە، زۆر دڵتەنگ دەبووم و هەمیشە دەگریام.

منداڵە بچوکەکەم بە ناوی سەلیم، هەمیشە ئیرەیی بە برا گەورەکەی دەبرد، لە ساڵۆنەکەماندا، هەریەکەیان باوەشیان بە قاچێکمدا دەکرد و بەو شێوەیە دەڕۆشتین. سەرەتا یاری ئەسپەکەمان دەکرد و پاشان هەردوکیانم پاڵ دەسخت و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بۆنم بە هەردووکیانەوە دەکرد.

 

کاتێک بۆنە بەهەشتیەکانم بە لوتم هەڵدەمژی، چاوەکانم پڕ دەبوون لە فرمێسک. ئیدی خۆشیم لەو ساتە نەدەبینی و بیرم لە باوکی دوورە دەستیان دەکردەوە و بە حەسرەتی باوکیان بۆ منداڵەکانی، دڵتەنگ دەبووم و ترسی ئەوە دایدەگرتم کە منیشیان لێبکەن!

**

وابزانم ساڵانێکی دور و درێژە کەوا مەتبەخەکەم بەم شێوەیە پاکوتەمیزی بە خۆیەوە نەبینیوە.  نە پەڵەیەک لەسەر زەوی مەتبەخەکە، نە قاپوقاچاغێک کە چاوەڕێی شۆردن بکات، نە شۆربایەک چاوەڕێی کوڵین و  نە سێوێک کە دەبێت بۆ منداڵەکان لەتی بکەم.

ئەم مەتبەخە پاکە کە ئاماژەی ژیانی تێدا نەماوە، یەکێک نەبوو لە خەیاڵەکانی من. ئێستا خۆزگە بەو ڕۆژانە دەخوازم کە هەزار جار پاکم دەکردەوە و هێشتا سەرم سوڕ دەما بەوەی، کە کوێڕا وەها زوو پیس بوو.

لە مەتبەخ دەردەچم و دەچمە کۆریدۆرەکەوە، بە درێژایی دیوارەکە چاوم بە پەڵەی قەڵەم بۆیەی منداڵەکانم دەکەوێت، چاوم بە وێنە و هێڵ و دەموچاوی کێشراوی نیگارکێشە سوریالیستیەکان دەکەوێت.

لە هەموو شوێنێک هەر ئەوانی لێن، جێ پەڵەی دەستیان لەسەر دەرگاکە، لەکەی ئەو شیرەی دەیانخوارد لەسەر فەرشەکە هەرماوە و کاتێک سەیری دەکەم، خەریکە دڵم لە سنگم دەرچێت.

هێڵەکانی ناو لەپی دەستیان، ژمارەی برژانگەکانی چاویان، خاڵەکانی سەر ڕانیان، ئەو منداڵانەی کە بۆنی پشتە ملیانم لەبەر کردبوو.

ئەی ئەو منداڵانەی کە چەندین ساڵ چاوەڕێم کردن و پزیشک نەما سەردانی نەکەم.

ئەی ئەو جگەرگۆشانەی کە بە هۆیانەوە نازانم هەتا ئێستا چەندین دەرزیم لە خۆم داوە و ٩ مانگ بە نیگەرانیەوە چاوەڕێم کردن؛ نوری چاوم و ڕوناکی دڵم…

ئەی ئەوانەی منتان کرد بە دایک. ئەی ئەوانەی منتان بۆ پایەی دایکایەتی بەرز کردەوە. ئەی ئەوانەی هەتا بەیانی منتان بە بێداری دەهێشتەوە.

 

ئەی جوانترینی لایەنی من کە لە دڵی پڕ شەفەقەت و مەرحەمەتی منەوە هاتنە دەر. تەنیا پێکەنینێکی ئێوە تەواوی دونیای ملگرتووی بەرەو تاریکی منی، ڕوناک دەکردەوە.

ئێستا لەلای من نین و هەربۆیە ئەم هەموو ئازارەی دڵم!

پاڵ بە دیواری ڕاڕەوەکە دەدەمەوە و بە خەیاڵ دەتانهێنمە لای خۆم. لە کاتێکدا بوونی ئێوە ئیکسیرێکی زۆر بەهێزی دەوای دەردم بوو، ئێستا من نەخۆشێکی دوور کەوتوو لە شیفای ئێوەم.

بە خۆم دەڵێم: بەرگە دەگریت و دەبێت بەرگە بگریت. ئارامدەگریت،  ناڕوخێیت و نابێت چۆک دابدەیت.

چیرۆکی تۆ تەنیا چیرۆک نیە، تەنیا تۆ نیت، ئەو لاشەیەی لە کاتی ژیانیدا پارچەیەکیان لێ دابڕیبێت.

زۆرێک لە دایکانی تریش هەن.

لە شوێنی خۆم ڕاست دەبمەوە.

دەچمە ساڵۆنەکەم و لەسەر مێزەکەم دادەنیشم و کۆمپیوتەرەکەم دادەگیرسێنم.

لەسەر دێسکتۆپی کۆمپیتەرەکەم، وێنەی دوو منداڵی بچوک کە باوەشیان بە یەکدا کردووە، بە جوانترین حاڵی خۆیانەوە تەماشای من دەکەن.

سەیری شاشەکە دەکەم و دەڵێم: ئێوەم خۆش دەوێت، لە کوێن ڕۆڵەکانم؟

ئێوە لەلام نین، بۆیە وەها هەتیو کەوتووم. ئەو فرمێسکانەی بێ وەستان لە چاوم دەوەرن، تەنیا لەبەر ئەوەیە کە دەستە لۆکەییەکانی ئێوە لە دەستمدا نین. ئێوە لە هەموو شوێنێکدا هەن و لە تەواوی ژوورەکانی دڵمدا دێن و دەچن. دوو برا لەسەر جۆلانی دڵم دێن ودەچن، سەیری شوێنێکی دوور دەکەن…

لەوە دەچێت ئێوەش ئیستا لە خەوە منداڵیەکانی خۆتان بە ترسەوە خەبەرتان ببێتەوە و بە دوای دایکتاندا بگەڕێن.

ئێستا بیری من دەکەن بە بێ ئەوەی بزانن کە بیرکردن چیە. ئێستا پەڵپ بە دایکە گەورەتان دەگرن و فشاری دەخەنە سەر، هەر دەڵێن دایکمان لە کوێیە و کەی لە ئیش دێتەوە؟ هەر لەسەر یەک دەڵێن ئێمە زۆر بیری دایکمان دەکەین.

کۆمپیوتەرەکەم دادەخەم و کاغەزە ڕەشنوسەکانی بەردەمم کۆ دەکەمەوە. ئەو کاغەزانەی کە پێش ٣ ڕۆژ، بچکۆلە بەقوربانەکانم پڕیان کرد لە لەکەی چا.

ئەشکی چاوم کە بە بێ دەنگی دەوەرێن، لە پڕێکدا وەک تاڤگەیان لێدێت و وەک مۆرێک دەدەن بەسەر کاغەزەکانی بەردەمم.

ئیدی توزانەوەی لوتم لەولاوە بوەستێت کە بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت.

 

بەردەوام فرمێسکەکانم دەخۆمەوە و هەم بۆ منداڵەکانی خۆم، هەم بۆ ئەو ٨٠٠ منداڵەی لەناو زیندانن و بۆ ئەوانەش کە لە دەرەوە چاوەڕیی گەڕانەوەی دایکیان دەکەن.

ئەمە چۆن ئاگرێکەوە وەها هەناسەی لێبڕیوم.

بە پێچەوانەی ئوستاد شێخ غالیبەوە کە کەشتی لە مۆم دروستکراوی بە دەریای ئاگریندا تێدەپەڕاند، تەواوی کەشتیەکانم دەتوێنەوە. ئەو کەشتیانەی جگە لە وشەکانم هیچی تریان هەڵنەگرتووە.

خودایە ڕزگاریان بکە! ئەوانەی بە غەریبیەوە ڕەمەزانێکی تریان کردەوە، ئەوانەی دەست لە ئەژنۆ و پەژموردە ژیانی دیلێتی بەسەر دەبەن.

خودایە ڕزگاریان بکە و جەژنێکی تریش وەها بە بێ خاوەنی نەبەنە سەر.

 

با چیدی منداڵانی ساوا لەبیری نەکەن  سیمای دایکان و باوکیانیان. با چیدی منداڵان نەگرین بە هۆی ئەو چاوپێکەوتنانەی کە خزێندراونەتە چەند خولەکێکەوە.

باوکێک نەمێنێت کەوا؛ یادی لە دایک بوونی کۆرپەکەی، ئەو کاتەی ناوکی دەبڕدرێت، یەکەم دەرزی کوتان و تێپەڕینی چلەی، دەرهاتنی یەکەم ددانی و ئەو ڕۆژەی بۆ یەکەم جار دەڵێت باوکە، بە چاوی خۆی نەبینێت.

 

خودایە ڕزگاریان بکە! ئەو دایکانەی بە جەرگی سوتاوەوە، شیرەکانیان لە زیندان دەدۆشن و دڵیان لە دەرەوە جێهێشتووە و ناو زیندانەکانیان کردووە بە باخچەی گوڵان.

ئەوان شاد بکەرەوە بە کۆرپە،هاوسەر،  ئەو ئازادیانەی کە مافی خۆیانە، لەگەڵ بینینی شینایی ئاسمان.

خودایە ڕزگاریان بکە ئەوانەی لە دەرەوەن و نیوەیان لە زیندانەکان بەجێماوە.

خودایە ئەوانە ڕزگار بکە، وێڕای ئەوەی لە دەرەوەشن، بەڵام لە دەست و قاچەکانیاندا کەلەپچە و پێوەندی نەبینراو هەیە.

ئەوانەی ناچار کراون لە نێوان چوار دیواردا سەیری تێپەڕینی چوار وەرزی ساڵ بکەن.

خودایە هەر چۆنێک بێت هەموویان ڕزگار بکە!

 

 

 

 

32 جار بینراوە 3 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە