بیروڕا

‘هیدایەتی دووانە’ لە مەدرەسەی یوسفی

بەخامەی: جەمیل تۆکپنار

 

دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بوو. دوای ئەوەی لەگەڵ گروپێک لە هاوڕێیان وانەی پەیامەکانی نوور و بەرهەمەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) مان دەخوێند، لە کۆتایی وانەکەدا لە نێوان خۆماندا قسەمان دەکرد. مامۆستا هارون تۆکاک باسی لە نامەیەک کرد کە لە ڕێگەی بەرنامەی وەتسئەپەوە پێی گەیشتبوو. پێی وتین کە دەیەوێت یادەوەرییەکی جەژنی یەکێک لە برایانمان بۆ بخوێنێتەوە کە پێشتر لە گرتووخانەدا ماوەتەوە و دواتر ئازاد کراوە. ئەو شتانەی بۆی خوێندینەوە سنوورەکانی یادوەرییەکی جەژنیان تێپەڕاند بوونە چیرۆکی “هیدایەتی دووانە” کە لە ماوەی چەند مانگێکدا ڕوویدابوو. هەم خۆی دەگریا و قورگی گیرابوو، و ناوبەناو دەنگی دەبڕا، و هەم ئێمەشی دەخستە گریان. کاتێک مامۆستا هارون لە چیرۆکەکە تەواو بوو داوام لێکرد بۆم بنێرێت. دواتر منیش بۆ خەڵکی ترم گێڕایەوە و دووبارە بە گریانەوە لە سەردانێکی جەژنە پیرۆزەدا بۆ خەڵکیم خوێندەوە.

دواتر دەربارەی سەرچاوەی ئەو چیرۆکە مەراقم بۆ درووست بوو. چونکە چەند پرسیارێکم هەبوو دەمویست لێی بپرسم. بە داخەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە تایبەت لەو شتانەی لە ڕێگەی وەتسئەپەوە بڵاودەکرێنەوە هەڵەیەک هەیە کە زۆر دووبارە دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە زۆرێک لە بابەتەکاندا سەرچاوەکەی باس ناکرێت. دوای هەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆر توانیم سەرچاوەی ئەو نووسینە بدۆزمەوە. لەگەڵ برایەک بە ناوی سەییاح کە ئەو ڕووداوەی بەسەردا هاتبوو، و بڵاوی کردبووەوە پەیوەندیم درووست کرد و پێم وت دەمەوێت ئەو ڕووداوە لە نووسینەکەمدا بەکار بهێنم و چەند پرسیارێکیشم لێ کرد. سەییاح هەندێک شتی بۆ ڕاستکردمەوە هەندێک شتی تری بۆ ڕوون کردمەوە و چەند زانیارییەکی نوێشی پێدام، منیش دەمەوێت ڕاستگۆ بم لەگەڵ شێوازەکەی ئەو و لە زاری خۆیەوە ئەو چیرۆکە جوان و پڕ لە ئامۆژگارییەتان بۆ بگێڕمەوە:

“چەند مانگێک پێش ئێستا دوو گەنجی تەمەن نزیکەی ٢٥ ساڵ هێنرانە قاوشەکەی ئێمە کە بە تۆمەتی دڕاندنی پۆستەرەکانی پارتی دەسەڵاتدار و بڵاوکردنەوەی ئەو کارەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کرابوون. شوێنەواری چەقۆ و چەند تاتۆیەکی نامۆ لەسەر شان و قۆڵیان هەبوو. بە پێی ئەوەی خۆیان دەیانگێڕایەوە یەکێک لەو دوو گەنجە پێشتریش چەند مانگێک لەسەر مادەی هۆشبەر خرابووە زیندانەوە. ئەو دوو گەنجە کاتێک منداڵ بوون دایکیان کۆچی دوایی کردبوو، و دواتریش باوکیان زۆر بە توندی ئالوودەی مەی بووبوو و ئەوانی پشتگوێ خستبوو. نەیاندەزانی خێزان واتای چییە. لە پەروەردەی خێزان دوور کەوتبوونەوە، لە ئوتێل و شوێنە جیاوازەکانی دیکە دەستیان بەکار کردبوو، و هەر لە منداڵییەوە بە ناڕەحەتییەکانی ژیان ئاشنا بووبوون و ناچاربوون باری سەختی ژیان بخەنە سەر شانی خۆیان. بە هۆی ئەوەی لە گرتووخانەدا هیچ هاوکارییەکیان لە لایەن باوکیانەوە پێ نەدەگەیشت، ئێمە لە ناو خۆماندا هەوڵمان دەدا هاوکارییەکیان بۆ کۆبکەینەوە و پێداویستییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەین. ئەوانیش بۆ ئەوەی بەو هۆیەوە زۆر شەرمەزار نەبن هەرچەند لەدەستیان دەهات کاریان دەکرد و خواردنیان دابەش دەکرد و قاپەکانیان دەشۆرد و قاوشەکەیان پاک دەکردەوە.

هەرچەندە لە کەشی ناو خێزان بێبەش بووبوون، بەڵام خاوەنی شکۆ بوون و ئیشکەر بوون. ڕەنگە خوێندنیان نەبینیبێت بەڵام زۆر ژیر بوون. هەموومان ئەو گەنجانەمان زۆر خۆشدەویست. ئەوانیش ئێمەیان زۆر خۆشدەویست. لەگەڵ ئێمەدا هەر هەشت نوێژەکەیان دەکرد لە ڕۆژێکدا. بەڵێ، هەشت نوێژ دەڵێم؛ بە بێ هیچ پشتگوێ خستنێک نوێژەکانی چێشتەنگاو و شەونوێژ و ئەوابینیان بەجێدەگەیاند. کاتێک نوێژیان دەکرد لە دوورەوە بە لاچاو تەماشام دەکردن. هیچ بارودۆخێکی وایان پێوە دیارنەبوو کە بۆ ڕواڵەت و ڕیا لەبەر ئەو شوێنەی کە تێیدان پەرستشەکانیان ئەنجام بدەن. دوای نوێژەکان دەستەکانیان دەکردەوە و چاویان دادەخست و بە کوڵ دووعایان دەکرد و دەپاڕانەوە.

ئێمە هەموومان سەرسام ببووین بەو گۆڕانە گەورەیەی لەواندا ڕوویدا. لە یەکێک لەو هاوڕێیانەمان کە لە قاوشەکەدا لەگەڵماندا بوو، و پێشتر پرۆفیسۆری یاریدەدەر بوو، فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز ببوون. بە جۆرێک گەڕابوونەوە کە هەر کارێکیان لەدەست بهاتایە دەیانکرد بۆ ئەوەی هەڵەکانی پێشوویان ڕاست بکەنەوە و کەموکوڕییەکانیان پڕ بکەنەوە. لەسەر خواستی ئەوان وانەی تایبەت لە قاوشەکەدا دەوترایەوە. لە دوای نوێژەکانی زیکر و تەسبیحاتەکانیان پشتگوێ نەدەخست و بە شێوەیەک بەرنامەیان دانابوو کە ڕاستەوخۆ لە دوای نوێژەکان نوێژی یەک ڕۆژ بە قەزا بگێڕنەوە کە پێشتر لەدەستیان چووبوو. هەموو ڕۆژانێکی دووشەمان و پێنجشەمان بە ڕۆژوو دەبوون. بەردەوام تەسبیحاتیان دەکرد و کتێبی دووعای وەک جەوشەنیان دەخوێندەوە.

ڕۆژێکیان ئەوەیان کە پێشتر لەسەر مادەی هۆشبەر خرابووە زیندانەوە وتی:

من پێشتریش لە ئەستەمبوڵ بۆ ماوەی چوار مانگ لە زینداندا بووم. هەر کاتێک لەسەر جێگەکەم پاڵ دەکەوتم کتێبێکم لە ژێر تێشرتەکەوە لەسەر سنگم دادەنا بۆ ئەوەی خۆم باپرێزم  چونکە نەمدەتوانی دڵنیابم لەوەی شەو کەسێک نایەت و بە چەقۆ یاخود بە شتێکی تیژ زیانم پێ ناگەیەنێت. بەڵام ئێستا تەماشای ئەم بارودۆخە دەکەم، تەنانەت قفڵ و کلیل بە یەک دۆڵابیشەوە نابینم. لێرە هیچ ترسێکی لەو جۆرەم لە هیچ کەسێک نییە. ناتوانم لەوە تێبگەم کە چۆن و بۆچی مامەڵەی تیرۆریست لەگەڵ ئەم کەسانە دەکرێت کە لێرەن.’

ڕۆژێکیان لە باخچەکەدا بووم. لەسەر مێزەکەم پەیامەکانی نوور و دەفتەرەکەم هەبوو کە تێبینیم تێدا دەنووسی، لەو بەشانەی دەمخوێندەوە هەر تێبینییەکم هەبووایە دەمنووسی. نزیکەی ٢٥ کەس لەو باخچە بچووکەدا بووین، هەندێک لەگەڵ هاوڕێکەی گەڵتەیان دەکرد و هەندێک تەسبیحیان بەدەستەوە بوو، و دووعایان دەکرد و هەندێکی تر خەریکی چا خواردنەوە بوون. ئەو بارودۆخەی ئەو کەسانەی بینویانە دەزانن… لەو باخچە بچووکەی نزیکەی ٢٥ کەسی تێدا بوو، وەک ئەوەی کەسی تری لێ نەبێت جگە لە من و کتێبە سوورەکەی بەردەمم ڕۆدەچوومە ناو خوێندنەوەی کتێبەکەوە، بەڵام لە ناکاو کەسێک بە دەنگێکی هێمن لێی پرسیم: “کاکە گیان ببوورە، دەمەوێت پرسیارێکت لێ بکەم. تۆ بەردەوام ئەم کتێبانە دەخوێنیتەوە و تێبینی لێ وەردەگریت، چی لەم کتێبانەدا هەیە کە بەم شێوەیە تۆ ڕادەکەێشێت؟”

من هیچ کات ئەو دیمەنەم لەیاد ناچێت. گەنجێک کە شوێنەواری چەقۆ و تاتۆی نامۆ لەسەر شان و قۆڵی هەبوو، خودای گەورە بە هۆی چەند هۆکارێکی وا کە بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ناکەین دڵی گەنجێک دەگۆڕێت و وای لێدەکات بێت لە قەراخ مێزەکەم بە جوانی دابنیشێت و بڵێت ‘باسی خودای گەورە بۆ من بکە’. من هەوڵم دەدا ئەو بارودۆخە ڕۆحییەی لەو کاتەدا هەمبوو لەو گەنجە بشارمەوە و بە دەنگێکی نزمەوە بە کورتی باسێکی پەیامەکانی نوورم بۆ کرد و تێمگەیاند کە مامۆستا سەعیدی نوورسی کێ بووە و چی کردووە. دواتر ڕەحمەتێکی دیکە بەسەرماندا باری و داواکارییەکی دیکەی کرد و وتی: “کاکە گیان دەتوانیت هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی دیاریکراودا کاتی خۆتمان بۆ تەرخان بکەیت و ئەو تێبینییانەمان بۆ باس بکەیت کە خۆت نوسیوتە بۆ ئەوەی منیش لە دەفتەرەکەی خۆمدا بینوسم، دەتوانیت هاوکاریم بکەیت؟” دوو سێ مانگی دواترمان پێکەوە لە خزمەت پەیامەکانی نووردا بەسەر برد.

یەکێکی تر لەو یادەوەرییانەی کە هیچ کات لەیادم ناچێت ئاهەنگەکانی ناو قاوشەکەمان بوو کە بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی هاوڕێیانەوە دەگێڕدرا. ئەو دوو برایە لەبەر ئەوەی دووانە بوون لە هەمان ڕۆژدا ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونمان بۆ گێڕان. کێکێکی پسکیتی گەورەمان ئامادەکرد و لە باخچەکەدا سەپرایزمان بۆ ئەو گەنجانە کرد و توانیمان دڵییان بەدەست بهێنین. گەنجەکان زۆر دڵیان بەوە خۆشبوو، و دەیانوت ‘ئەمە یەکەم جارە لە ژیانماندا کە ئاهەنگ بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونمانەوە دەگێڕدرێت’.

ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتا. ئەوە سێیەم جەژنی ئێمە بوو لە مەدرەسەی یوسفییدا. بەیانی ڕۆژی یەکەمی جەژن سفرەیەکی تایبەتمان ڕاخست لە باخچە بچوکەکەماندا. چی نەبوو لەسەر سفرەکەمان، تەنها شیری باڵندە نوقسان بوو. دوای ئەوەی نانمان خوارد و سفرەکەمان کۆکردەوە، بە ڕیز ڕاوەستاین بۆ ئەوەی جەژنە پیرۆزە لە یەکتر بکەین. سەرەتا هەندێک لە هاوڕێیانمان هەست و بیروبۆچوونی خۆیان دەربڕی دەربارەی جەژن کردن لە کەشێکی غوربەت و نامۆی لەو جۆرەدا. هەرچەند هاوڕێکانمان قسەیان دەکرد بە شێوەیەکی نهێنی و ئاشکرا دەنگی پڕمەی گریان زیاتر بەرز دەبووەوە. کەشێکی زۆر پڕ لە هەست درووست بووبوو. زۆرێک لە هاوڕێیان قسەیان کرد یاخود کە دەیانویست قسە بکەن تەنها دەیانتوانی یەک دوو ڕستە بڵێن و دواتر قوڕگیان دەگیرا و دەستیان بە گریان دەکرد.

کەسێکی دیکە دەستی بەرز کردەوە بۆ ئەوەی قسە بکات. یەکێک بوو لە دوو برا دووانەکە و وتی ‘دەمەوێت منیش هەندێک شت بڵێم’. ئەویش چاوی پڕببوو لە فرمێسک. وتی ‘من ئەمە یەکەم جارە لە ژیانمدا ڕووبەڕووی کەشێکی لەم شێوەیە دەبمەوە. هەتا ئێستا ناتوانم لەوە تێبگەم کە بۆچی من لێرە لەگەڵ ئەم مرۆڤە باشانەدا کۆبوومەتەوە. ئێستا هەمووان لێرە لە خێزانەکانیان و منداڵەکانیان و سۆز و خۆشەویستییان بۆ ئەوان کرد. من و براکەم نازانین خۆشەویستی دایک و باوک چۆنە و کەشی ناو خێزانمان هیچ کات نەبینیوە، و نەزانیوە و تێیدا نەژیاوین. ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە زۆر لەو شتانە تێنەگەیشتبێتین کە ئەو برا گەورانەمان باسیان کرد. بەڵام لێرەدا بۆ یەکەم جار تامی شتێکم کرد و چێژم لێ وەرگرت، ئەمە یەکەم جارە ئەو هەستەم بۆ درووست دەبێت، خۆم ناگرم نەیڵێم. لەبەر ئەوە ویستم قسە بکەم. بەڵێ من لێرە فێربووم کە برایەتی چییە، سۆز و بەزەیی چییە، میهرەبانی چییە و فیداکاری چییە. ڕەنگە هەتا ئێستا من و براکەم کەشێکی خێزانیی ڕاست و درووستمان نەبووبێت، بەڵام من لێرەدا خانەوادە چل کەسییەکەی خۆمم دۆزییەوە’.

دوای ئەوەی ئەو قسانەی کرد وشەکان لە قوڕگیدا گیرابوو. قەدەری پێکەوەبوونمان لەگەڵ ئەو گەنجانەدا کە نزیکەی ٤ بۆ ٥ مانگ پێکەوە بووین بە هاوارێکی سارد و سڕی پاسەوانی گرتووخانەکە لە پەنجەرەی دەرگا ئاسنەکەوە کۆتایی هات کە وتی “ئازاد کران!”. وا دیاربوو کە ئەو دوو برا دووانەیە ئازاد دەکرێن و ڕزگارییان دەبێت. داوایان لێ کردن تا ١٥ خولەکی دیکە کەلوپەلەکانیان ئامادە بکەن، چونکە بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە. یەکسەر بە پەلە کەلوپەلەکانیان خستە ناو جانتاکانیانەوە. ئەو برایەیان کە پێشتر قسەکانی کردبوو بە مەبەستی وتنی کۆتا قسەکانی ڕۆشتە سەر دووەم پلەی پلیکانەکان و ئاوڕی بۆ ئێمە دایەوە و وتی: ‘ڕەنگە ئێستا ئێوە بە لاتانەوە شتێکی نامۆ بێت بەڵام من بە هیچ شێوەیەک دڵم خۆش نییە بە ئازادبوونم و جیابوونەوەم لە ئێوە. بەڵام تەواو بە پێچەوانەوە زۆر نیگەرانم کە کۆمەڵێک مرۆڤی باشی وەک ئێوە بەجێدەهێڵم. ڕەنگە ئێستا ئێوە وابزانن کە من بابەتەکە گەورە دەکەم بەڵام ڕێک ئەو هەستانەم دەردەبڕم کە ئێستا هەستییان پێ دەکەم. لە ڕاستییدا لێرە زۆر باش بووین. ئەگەر ڕێگەیان بداینایە حەزمان دەکرد کەمێکی دیکەش لێرە لە لای ئێوە بمێنینەوە. بەڵام دەزانم کە ڕێگەمان پێ نادەن. خۆی لە خۆیدا کاتێک ئازاد دەکرێین هیچ شوێنێکی وا دیارمان نییە کە بۆی بچین. ئیتر بە جانتاکانی دەستمانەوە دەڕۆین و بە دوای چارەی خۆماندا دەگەڕێین. ئینشاالله بەردەوام دەبین لەسەر ئەو شتانەی کە لێرە فێری بووین. واز لە نوێژەکانم ناهێنم. بە تۆبە کردن لە هەموو کردەوەکانی ڕابردووم لێرەوە دەچمە دەرەوە. ئەگەر حەقێکی من لای ئێوە بێت گەردنتان ئازاد بێت، ئەگەر منیش حەقێکی ئێوەم لە لا بێت گەردنم ئازاد بکەن. ئینشاالله ئێوەش لە نزیکترین ماوەدا ئازاد دەبن و بە ماڵ و منداڵی خۆتان شاد دەبنەوە. هەمووتان ئامانەتی خودا بن’.

کەمێک دواتر جارێکی تر دەرگای قاوشەکەمان کرایەوە و بە چەپڵە و خۆشی دەربڕین و لە ئامێر گرتنەوە بەڕێمان کردن و بەشێک لەم چیرۆکە جوانە لێرەدا کۆتایی هات. هەرچەندە کەمێک درێژ بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ جەژنە ویستم ئەم یادەوەرییەی خۆمتان لە ناو مەدرەسەی یوسفییە بۆ بگێڕمەوە. دەزانم کە ئێستاش لەوێ هەر بەیانییەکی جەژن دەگوزەرێت، دیسان سفرەیەکی نانی بەیانی جەژن ئامادە دەکرێت و دیسان پڕمەی گریان بەرز دەبێتەوە. ئەگەر توانیبێتم گەرچی کەمێکیش بێت ئەو کەشوهەوایەی ئەمڕۆی ناو زیندانتان بۆ باس بکەم و توانیبێتم ببمە هۆکاری ئەوەی ئێوە کاتێک ئەم نووسینە دەخوێننەوە لە ناخی دڵتانەوە دووعا بۆ کەسە غەریب و چەوساوانەی ناو زیندانەکان و مەدرەسە یوسفییەکان بکەن، ئەوکات خۆشحاڵ دەبم بەوەی کە ئامانجەکەی خۆمم پێکاوە.”

“چیرۆکی هیدایەتی دووانە” لێرەدا کۆتایی دێت. نازانم چەند جار بە دەم گریانەوە ئەم چیرۆکەم خوێندووەتەوە و لەو کاتانەدا یادەوەرییەکانی مامۆستا سەعیدی نورسی و تەلەبەکانیم لە ناو زیندانەکاندا بەبیردەهاتەوە. کەواتە مێژوو دووبارە دەبێتەوە. خزمەتگوزارانی ئیمان و قورئان کە بە هۆی چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر و بێ بنەما لە زیندانەکاندا بەند کراون، بەردەوامن لەوەی بە ژیانی خۆیان ببنە ئاوێنەیەک بۆ ڕووناکی و نوور، کاتییان نییە بۆ دوژمنایەتی کەسانی دیکە و بەردەوام هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی موحەبەت و میهرەبانییەوە دڵەکان فەتح بکەن.

وەک ئەوەی هەموو جارێک وتوومە ئەمجارەش دەیڵێمەوە، هەندێک کەس هۆنراوەی شەهیدەکان دەڵێنەوە و هەندێک کەسی دیکەش شەهید دەبن، هەندێک کەس یادەوەرییەکانی زیندان دەگێڕێتەوە و هەندێک کەسی دیکە لە مەدرەسەی یوسفییەدا داستانەکان دەنووسنەوە…

وە هەندێک کەسی دیکە پاڵپشتی لە ستەم دەکەن، و هەندێک کەسی دیکەش تەنانەت ئەگەر گیانی خۆشی لەسەر دانابێت لە هێڵی خاکڕەسایی خۆی لانادات.

چی دەڵێت خەمخۆری ئەم سەدەیە: “مردن بە ستەملێکراوی زۆر باشترە لە زیان بە ستەمکاری و ژیان لەگەڵ ستەمکارییدا”.

 

https://tr724.com/medrese-i-yusufiyede-ikiz-hidayet/

131 جار بینراوە 90 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە