بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

سەرمایەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن و ساڵانی ژیانی لە کرکلارەلی

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن چیدی نەیدەتوانی لە ئەدیرنە بەردەوام بێت، کە بە تەواوی تەنگیان بە کارە خزمەتیەکانی هەڵچنیبوو. لە پاڵ ئەوەی کەسانێک دوژمنایەتی ئەوەیان دەکرد، کە بە خۆشەویستیەوە باوەشی بۆ خەڵکی ئەو شارە بگرێتەوە، لە هەمان کاتدا  بێ وەفایی، حەسودیی، کینە و  نەفرەتی هەندێک لە دۆستانی، ژیانیان بە تەواوی لێ تاڵ کردبوو. کاتێک مۆڵەتی وتاربێژیان لە مامۆستا سەندەوە، کە هەمیشە بە “خۆشەویستە بچوکەکەم” ناوی دەبرد، جگە لە بەجێهێشتنی ئەدیرنە، چارەیەکی تری لەبەردەمدا نەمابوو.

 

پاشان لە بەرواری ٢٣ ی تەموزی ١٩٦٥، بڕیاری دەستبەکاربونی لە کرکلارەلی بۆ دەرچوو. مامۆستاش لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، شاری ئەدیرنە بەجێهێشت و بەرەو کرکلارەلی بەڕێکەوت. هەروەها مامۆستا یەشار توناگوڕیش لە ئیزمیرەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت  و، وەک یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاینی ئەو کاتەی تورکیا، دەست بەکار بوو.

 

مامۆستا هەتا بەرواری ١١ ی ئازاری ١٩٦٦ کە بڕیاری دەستبەکاربوونی لە شاری ئیزمیر بۆ دەرچوو، نزیکەی ٨ مانگ لە کرکلارەلی، وەک وتاربێژێک بەردەوامی بە کارەکانی خۆیدا.

 

مامۆستا بەم شێوەی باسی ڕۆژانی ژیانی لە کرکلارەلی دەکات:

” لە کرکلارەلی هەموو ڕۆژانێکی هەینی وتارم دەدا. لە ڕۆژانی ڕەمەزانیشدا هەموو ڕۆژێک وتارم دەدا. کاتێک ڕۆشتم جگە لە یەک دوو کەس، هیچ کەسێکی ترم نەدەناسی. بەڵام لەو ماوەیەی لەوێدا مامەوە، دۆستانێکی زۆرم بۆ پەیا بوون.

لە ئەدیرنە دوو ماڵ پێکەوە نران، کە هاوڕێ خوێندکارەکانمانی تێدا دەمانەوە. منیش لەوێ خانوویەکم بە کرێ گرت و تەنیا دوو ژووری تێدا بوو. دوو کومبارم بە قەرز کڕی و لە ماڵەکەدا دامخستن. تەوواوی کەلوپەلی ماڵەکەم بریتی بوو لەو دوو کومبارە. لەو کاتەدا هەم کرێی خانووەکەی ئەدیرنەم دەدا، هەم کرێی خانوەکەی کرکلارەلیشم دەدا.

هەر جارە و بە بیانوویەک دەڕۆشتمەوە ئیدیرنە و دەهاتمەوە.

موفتی موستەفا ئەفەندیش، دوای ئەوەی کودەتا ڕوویدا، ڕیش و سمێڵی تاشی و شەپقەیەکیشی لەسەر کردبوو. هەتا ڕادەیەکی زۆر، خۆی وەک کەسێکی لایەنگری کودەتاچیەکان پشان دەدا.  من زۆر ڕێزم لێدەگرت، ئەویش بەو هۆیەوە، سەبارەت بە هاتوچۆکانم بۆ ئیدیرنە، قسەیەکی نەدەکرد. هەتا ماوەی ساڵێک بەم شێوەی بەردەوام بووم، پاشان مۆڵەتی یاسایم وەرگرت”.

 

لێپرسینەوە… لێپرسینەوە

لە یەکێک لە ڕۆژەکانی هەینی کە وتارم دەدا، ژاوەژاوی منداڵان لە دەرەوە، هەتا ناو مزگەوتەکە دەهات. ئیدی لەو کاتەدا هەرچیەکم وتبێت، بە ژاوەژاوی منداڵەکانەوە بەستیانەوە و سکاڵایان لە دژم جوڵاند. لە ڕاستیدا دادگاییەکی تریشم بەردەوامی هەبوو، ئینجا ئەم لێپرسینەوەیەشیان بۆ ساز کردم. بە گوێرەی یاسای فەرمانبەرێتی، ئەنجومەنێکیان بۆ لێپرسینەوە لە قسەکانم پێکهێنا.

ئەنجومەنەکە دەبوو لەوە بکۆڵنەوە، کە ئاخۆ قسەکانی من، ڕەهەندی تاوانی تێدایە یاخود نا. لەبەر ئەوەی پارێزگاری شارەکە و بەڕێوەبەری هێزە ئەمنیەکان کەسانێکی نەرم و نیان بوون، ئەم لێپرسینەوەیەم بە ئاسانی بەسەردا تێپەڕی. وتەیان لێوەرگرتم و بڕیاری بەدوانەچوونی دۆسیەکەیان دەرکرد.

ڕۆژنامەی ئەتایۆڵو، لەو کاتەدا ڕۆژنامەیەکی خۆماڵی بوو. هەر هەلێکیان بۆ بڕەخسایە، لە دژی من وتارێکیان دەنوسی. لەو کاتەدا منیش پاڵتۆیەکی ڕەشم هەبوو، کە هەمیشە لەبەرم دەکرد. تەنانەت بە شێوەیەکی زۆر بێ ئابڕوانە ئەم پاڵتۆیەیان کرد بە بابەتی نوسینەکانیان و دەیانوت” شەوان لە ترساندا ناوێرین بچینە دەرەوە”.

لەو سەردەمەدا هەموو چالاکیەکی دینی بە چالاکی کۆنەپەرستانە لە قەڵەم دەدرا. بە تایبەت ڕۆژنامەی ئەتایۆڵو، هەموو قسەیەکی مامۆستای بە “دژایەتی شۆڕش” لە قەڵەم دەدا. بەم شێوەیە هەموو کاتێک لە دژی مامۆستا دۆسیەی لێکۆڵینەوە دەجوڵێندرا و پاشان بڕیاری بە دوانەچوونی دۆسیەکە دەردەکرا.

 

لەگەڵ نەجیب فازڵ کساکیورەکدا…

نەجیب فازڵ کساکیورەک کە یەکێک دەبێت لە سیمبوڵەکانی ئەو سەردەمە، لە بەرواری ٢٩ ی تشرینی دووهەمی ١٩٦٥، بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسێک کەوا خودی مامۆستا خەریکی سازکردنی بوو، سەردانی کرکلارەلی دەکات.

کسا کیورەک وەک یەکێک لە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە، وتارێک لە ژێر ناوی ” حاڵمان، ڕێگەمان، چارەمان” بڵاو دەکاتەوە.

یەکێکی تر لە سەر وتارەکانی ئەو کۆنفرانسە بریتی دەبێت لە “تورکیا لەبەرچی دواکەوتووە” دەبێت.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی کۆنفڕانسەکەی کرکلارەلی دەکات:

لەو کاتەدا کەسایەتیەکی وەک نەجیب فازڵ کساکیورەکیشمان بانگهێشتی کۆنفڕانسەکە کرد. بە تایبەتی خۆم زۆر خەریکی ڕێکخستنی کۆنفڕانسەکە بووم. ئەو شەوە بە تایبەتی، لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانمان، میوانداریمان لە نەجیب فازڵی ڕەحمەتی  کرد. تەنانەت ئەوەم هەرگیز لەبیر ناچێت، کە ڕەحمەتی لەو ڕۆژەدا کەمێک دڵتەنگ بوو. وەک ڕۆژەکانی تری ژیانی، بە جۆش و خرۆشەوە نەمانبینی. یەکێک لە بەشداربووان بە نەجیب فازڵی وت” مامۆستا ئەمشەو کەمێک پاسیڤ بوویت”. ئەویش لە وەڵامدا ئاماژەی بە بەشداربووانی سەر خوانەکە کرد و وتی” نەخێر ئەمانە پاسیڤ بوون”.

پاش ئەوەی بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ نەجیب فازڵ دەستمان بە قسەکردن کرد، زیاد لە حەددی خۆم، بایەخی بە قسەکانی من دەدا. تەنانەت بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەسەر یەک، لە ڕۆژنامەی ڕۆژهەڵاتی گەورە، وتاری دەنوسی و پەسنی پەیامەکانی نوری دەکرد.

من بۆ ئەوەی بەشێک لە کولیاتی پەیامەکانی نوری بە دیاری پێبدەم، سەردانی ئیستەنبوڵم کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ئابرا زوبەیر بە باشی نەدەزانی، بێ ئەوەی دیاریەکەی پێبدەم، بڕیاری گەڕانەوەم دا.

 

ڕۆژنامەی ئەتایوڵ، لە دژی نەجیب فازڵیش وتارێکی بڵاو کردەوە. ئێمەش وتارەکەمان بۆ نەجیب فازل نارد. لەو کاتەدا کاریکاتێرێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژهەڵاتی گەورە بڵاوکرایەوە. وێنەی سەگێکی گەورە و کۆمەڵێک توتکەی تێدابوو. لە ژێریشیدا نوسرابوو:

“ئێمە خەریکی سەگە گەورەکانین، ئەم توتکە بچوکانە لە کوێوە پەیدا بوون؟”، بەم شێوەی وەڵامێکی پڕاوپڕی خۆیان دایەوە، کە هەموو لایەکمانی لەو کاتەدا خۆشحاڵ کرد. بەم شێوەیە هەندێک چالاکی سیستەماتیکیمان لە کرکلارەلی هەبوو. هەروەها هەموو شەوێک لەو هێلانە بولبولەی بە کرێم گرتبوو، وتارم پێشکەش دەکرد. لە هەموو جەماعەتەکانەوە، کەسانێکی زۆر، سەردانی ئەو ماڵەیان دەکرد. لە نێوانماندا تێکەڵی و ناسیاویەکی زۆر دروست بوو بوو. هیچ کاتێکیش دۆستایەتی مامۆستا عەبدولحەمید لە یاد ناکەم.

 

مامۆستا عەبدولحەمید ئۆروچ بەم شێوەی باسی ئەو ڕۆژانە دەکات:

 

مامۆستا تازە لە ئەدیرنەوە هاتبوو، سەردانی دوکانەکەی منی کرد، کە خەریکی کتێب فرۆشتن بووم. لە دوای نوێژی نیوەڕۆ، نزیکی بانگی عەسر بوو، پێکەوە چا و قاوەمان خواردەوە. هەروەها حوسەین ئاککایناکیش ئامادە بوو، کە ناسیاوی خۆمان و خاوەنی هۆتێلێک بوو. خاوەنی هۆتێلی ئیستەنبول بوو. پێم وت لە ئەدیرنەوە مامۆستا هاتووە، هەتا ژوورێکی بۆ ئامادە بکات.

مامۆستاش هەتا ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە هۆتێلی ئیستەنبول مایەوە.

پاشان مامۆستا بۆ ماوەی دوو مانگ، لەو خانووە بچوکەدا مایەوە، کە لەلایەن دەستەی سەرپەرشتیاری وەقفی مزگەوتەکەیەوە، لە حەوشەی مزگەوتدا دروست کرابوو. پاش ئەوەی مامۆستا ئەوەی بیستەوە کە هەندێک لە ئەندامانی وەقفەکە وتوویانە” کێ بە مامۆستای وتووە ئەم شوێنە بکات بە ماڵی خۆی”، یەکسەر خانوی مزگەوتەکەی بەجێهێشت.

مامۆستا خانویەکی دوو ژووری ٧٠ هەتا ٨٠ مەتری لە گەڕەکی پاشا چەشمە بە کرێ گرتبوو، کە هەمیشە بە هێلانەی بولبول ناوی دەبرد. مامۆستا هەتا ڕۆشتەوە بۆ ئیزمیر، هەر لەو خانوویەدا مایەوە.

مامۆستا لە مزگەوتی خزربەی، وتارەکانی ڕۆژی هەینی، جەژنەکان،  هەروەها وتارەکانی پێش نوێژی تەراویحی شەوانی ڕەمەزانی پێشکەش دەکرد. وتارەکانی مامۆستا لە بەرواری ٢٤ ی کانونی یەکەمی ڕەمەزانی ساڵی ١٩٦٥ دەستی پێکرد و لە ٢٢ کانونی دووهەمی ١٩٦٦ کۆتایی پێهات.

لەگەڵ مامۆستادا دەچووین بۆ چایخانە و قاوەخانەکان، پاش ئەوەی مۆڵەتمان لە خاوەنی چایخانەکە وەردەگرت، داوامان لە خەڵکەکە دەکرد کە بۆ ماوەی ١٠ خولەکێک گوێمان لێبگرن. هەروەها دەچووینە ناو کاسپکارانی ناو بازاڕەوە و لەگەڵ ئەوانیشدا قسەمان دەکرد. بەڵام ئەو کارە وەک ئێستا نەبوو، هەمیشە پۆلیسێک یان دووان بە دوامانەوە بوون. هەربۆیە ئێمەش لەگەڵ ژمارەیەکی دیاریکراو لە کاسپکاران قسەمان دەکرد.

 

پۆلیسەکە چەشنی ئەوەی پاسەوانی ئێمە بێت، هێندە لێمان نزیک دەبوویەوە، کە گوێی لە تەواوی قسە و باسەکانی نێوانمان بوو. ئێمە بە بەردەوامی لە نێو شارەکەدا دەسوڕاینەوە، ئەوانیش نزیکەی ٢٠ هەتا ٣٠ مەترێک لە دوامانەوە دەڕۆشتن. هەتا دەهاتینە ماڵەوە بە دوامانەوە بوون، کە دەگەشتینە ماڵەوە، بەجێیان دەهێشتین.

هەربۆیە من سەبارەت بە مامۆستا و شوێنکەوتوانی پەیامەکانی نور بانگەشەیەکم هەیە، کە هەمیشە ئاماژەی پێدەدەم:

 شوێنکەوتوانی پەیامەکانی نور، ڕاستگۆترین ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانەن کە بە هەموو تاقیکردنەوەیەکی سەختدا تێپەڕیون و بچوکترین هەڵەیان ئەنجام نەداوە.

چونکە هەموو چرکەیەکی ژیانیان لە ژێر چاودێریدا بوون و چرکە بە چرکە تۆمار کراوە، دەوڵەت ئاگای لە بچوکترین وردەکاری ژیانی هەموویان بووە. لێرەدا پێویستە ئەوە بپرسین کە ئاخۆ ژیانی چەند کەس لەوانەی بە شوێنی مامۆستاوە بوون، بەم شێوەیە خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی سەختەوە.

دەچووین بۆ ماڵان و قسەمان دەکرد، هەروەها سەردانی گوندەکانیشمان دەکرد و لەوێش وتارمان دەدا. بۆ ئەوەی خوێندکارگەلێک بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامیەکان بدۆزینەوە، بەردەوام سەردانی گوندەکانمان دەکرد. مامۆستا بۆ ماوەیەکی کەمی وەک هەشت مانگ، لە کرکلارەلی مایەوە. وتارەکانی زۆر بەهێز بوون، هێندەی ئەوەی کە تێڕوانینی زۆر کەس بگۆڕن، کاریگەریان لەسەر خەڵک دادەنا.

مامۆستا ئەو ٨ مانگەی لە کرکلارەلی بردیە سەر، بە شێوەیەکی گەرموگوڕ چالاکی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی پۆلیس هەمیشە لە بەردەم ماڵەکەی گەڕەکەی پاشا چەشمە دەوەستان، کە خۆی بە هێلانەی بولبول ناوی دەبرد، بەڵام ئەو هەر بەردەوامی بە وتارەکانی خۆی دەدا.

هەندێک لەوانەی لەسەری کۆڵانەکەدا چاویان بە پۆلیسەکان دەکەوت، لە ترساندا دەگەڕانەوە و، هەندێکیشیان هەموو شتێکیان لەبەرچاو دەگرت و دەهاتنە ژوورەوە.

پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٨ مانگ لە کرکلارەلی مایەوە، مامۆستا لە ئەنقەرەوە نوسراوێکی فەرمی بەدەست گەشت.

لەو کاتەدا داوایان لە هەموو تاربێژەکان کرد کە وتارێکی تێروتەسەل ئامادە بکەن و بینێرنەوە بۆ ئەنقەرە. دەبوو وتارەکانیان لە ١٥ هەتا ٢٠ لاپەڕەدا جێ بکەنەوە و مامۆستاش لەو کاتەدا، سەبارەت بە مرۆڤ، وتارێکی ئامادە کردبوو.

 

هێشتا ئەوەم بیرماوە کە چەند بەرگێکی پەیامەکانی نورم لەلا بوو، مامۆستاش وتەی ٢٣ هەمینی لێ وەرگرتم و پاش ئەوەی خەتی بە ژێر دێرە گرنگەکانی پەیامەکاندا هێنا، بەو شێوەیە وتارەکەی ئامادە کرد. واتە وتەی ٢٣ هەمینی کردە بناغەی وتارەکەی.

کاتێک وتارەکەی ناردە سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی، وتارەکەی قبوڵکرا و لە هەمان کاتدا بەو هۆیەوە، شوێنێکی نوێ بۆ دەستبەکاربوونی دیاری کرا.

مامۆستا بەم هۆیەوە لەلایەن مامۆستا یەشار تونا گۆرەوە، لە شاری ئیزمیر، وەک وتاربێژ دامەزرێندرا.

 

ئەگەر فەرمانبەری دەوڵەت بیت، هەر ئەرکێکت پێ بسپێرن بە گوێرەی ئەوەی  فەرمانت پێکراوە ئەنجامی دەدەیت. بەڵام فەرمانبەرێتی مامۆستا وەک کەسێکی وتاربێژ جیاواز بوو.

فەرمانبەرێتی مامۆستا تەنیا سیفاتی فەرمی ئەو بوو. یاخود بە دەستیەوە وەک کلیلێک وەهابوو، هەتا بە کاری ڕاستەقینەی خۆی هەستێت. مامۆستا جگە لە یەک دوو کاتژمێری خەو، ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێر خەریکی خزمەتکردن بوو. خودا دەزانێت، لەوە دەچێت لە کاتی خەوەکەشیدا بیری لەو خزمەتانە کردبێتەوە، کە دەبێت لەو ڕۆژەدا ئەنجامی بدات. ئەو لە کاتی خەوتنیشدا هەر وتاربێژی خۆی دەکرد.

هەربۆیە گونجاو نیە کەوا مامۆستا وەک وتاربێژێکی ئاسایی مزگەوتەکان ببینین.

ماوەی ٢٤ کاتژمێر بیری دەکردەوە، پڕۆژەی دادەنا، شیکاری و هەڵسەنگاندی بۆ ڕووداوەکان دەکرد. کەسێکی دابڕاو لە دونیا نەبوو، ئاگای لە هەموو ڕووداوەکان بوو، لە ڕۆژنامە و ڕادیۆکانەوە گوێی لە دەنگوباسی دونیا دەگرت. ڕۆژانە ڕۆژنامەکانی دەخوێندەوە و بە دوای هەواڵەکاندا دەڕۆشت. بەڵام هەرگیز بە لای پارتێکی سیاسی و ڕەوتی فکری هیچ لایەکدا نەدەڕۆشت. هەمیشە ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد بەوەی کە خۆیان لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک بە دوور بگرن.

 

مامۆستا تایبەتمەندیەکی تری هەیە کە لەو سەردەمەوە بە باشی هەستم پێکردبوو. کەسێکی زۆر بە وەفا بوو. سەرەڕای ئەوەی چاوی بەو هەموو خەڵکە دەکەوت، بەڵام هیچ کاتێک سیمایانی لەبیر نەدەکرد و هەمیشە هەواڵیانی دەپرسی. ئەمەش شتێکی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، تەنانەت ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی کەم پەیوەندیان پێوە هەبوو، هەرکاتێک چاوی بە ئێمە دەکەوت، ئەحواڵی فڵان و فیساری لێدەپرسین.

هەندێک لەوان هێشتا لە ژیاندا مابوون و هەندێکشیان وەفاتیان کردبوو. هەواڵی ئەکرەم تان و نیهات ئەکایی و زۆر کەسی تری لێدەپرسیم، کە تەنانەت خۆشم هێندەی ئەو لەبیرم نەمابوون. هەربۆیە کەسێکی زۆر بە وەفا بوو، هەستی وەفا تێیدا زۆر گەورە بوو. هەروەها کاتێک سەیری مێژوو دەکەم، زۆرێک لەو مرۆڤانەی کە سیفاتی سەرکردایەتیان پێدراوە، بە هەمان شێوە هەستی وەفایان تێدا بەرز بووە. هەمیشە بە وەفاوە مامەڵەیان کردووە. من هەر لەو کاتەوە ئەوەم بەدیکرد، کە چۆن ئەحواڵی مرۆڤەکان دەپرسێت و چۆنی دەچێت بە دەم پیویستیەکانیانەوە.

 

کاتێک مامۆستام ناسی، خۆم هەر لەناو پەیامەکانی نوردا بووم. دەمانخوێندەوە و لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دەدا و پێکەوە باسمان دەکرد. بەڵام کاتێک مۆدێلی خزمەتمان لەلایەنه مامۆستاوە خرایە بەردەم، بە شێوەیەکی چالاکانەتر و گەرموگوڕانەتر کەوتینە ڕێ. ڕێچکەی خزمەت بە نیسبەت ئێمەوە سوودێکی گەورەی پێگەیاندین و چاومان بە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و هاوڵاتیان کەوت.

من هەمیشە ئوستادم بە کەسێک چوواندوە کە لە بیابانێکدا ئاو دەردەهێنێت و، مامۆستاشم بە باخەوانێک شوبهاندووە، کە ئاوەکەی دەستی مامۆستای بە هەموو لایەک گەیاندووە و لەو بیابانەدا، سەوزە و میوەی زۆر بە سوودی پێگەیاندووە و هەموو لایەکی کردووە بە سەوزایی.

 

 

نیهات ئەکای بەم شێوەی باسی ڕۆژانی کرکلارەلی دەکات:

مامۆستا لە کرکلارەلی خزمەتی گەورەی ئەنجامدا. بەڵام لە چی بوارێکدا؟ لە دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٦٠، خەریک بوو سیستەمێکی کۆمۆنیستی لە وڵاتدا دادەمەزرا. دین و دیانەت لە ژێر فشاردا بوون. مامۆستاش بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە مامەڵەی دەکرد و بە توندی هەموو شوێنکەوتوانی خۆی ئاگادار کردەوە. مامۆستا فەتحوڵڵا و مامۆستا عەبدولحەمید ئۆروچ، لە دوای کودەتاکەی ١٩٦٠، ڕۆح و شعوریان بە بەری خەڵکدا هێنایەوە. لە دوای نوێژی خەوتنان پێکەوە دەڕۆشتینەوە بۆ ماڵەوە، لەو سەردەمەدا ٣ کەس نەیاندەتوانی بە پاڵ یەکەوە بڕۆن و کۆببنەوە، یەکسەر لەلایەن پۆلیسە دەستگیر دەکران.

مامۆستا لەو سەردەمەدا سەیری دەموچاوی هەرکەسێکی دەکرد، بە شێوەیەکی کاریگەری لەسەر دادەنا، کەسەکە لەبەردەمیدا دەتوایەوە. خودا هەیبەتێکی بەو شێوەیەی پێدابوو. مومکین نەبوو کەسێک لە نزیکەوە چاوی پێی بکەوێت و لە ژیر کاریگەری ئەودا نەمێنێتەوە. تەمەنی تەنیا ٢٦ ساڵان بوو، خاوەنی قەد و باڵایەکی بەرز، قەدرگران، بە دەنگە سەنگینەکەیەوە وەک دەریایەکی بەرین دەردەکەوت. زانیاریەکی زۆری هەبوو، بە باشی هەلومەرجی سەردەمی خۆی دەخوێندەوە. لە هەموو بابەتێکدا، مرۆڤێک نەبوو کەوا گوێی لێبگرێت و قەناعەتی پێنەکات. ئەمە ڕاستیەک بوو کە هەموو لایەک دەیزانی. هەندێک کەس کاتێک چاویان پێی دەکەوت، ئیدی بە تەواوی خۆیان ڕادەستی ئەو دەکرد.

کاتێک مامۆستا هاتە شارەکەی ئێمە، وتارەکانی زۆر سەرنج ڕاکێش بوون. لە دوای وتارەکانی مامۆستا عەبدولحەمید، وتارەکانی مامۆستا بە شێوەیەک بوو، کە ناخی مرۆڤی دەهەژاند. لە ماوەیەکی کەمدا سەرنجی هەموومانی ڕاکێشا و دەستمان کرد بەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی وتارەکانی بکەین. پاشان مامۆستا حەمید ئێمەی بە مامۆستا ناساند و لە دوای ئەو یەکتر ناسینەوە، پەیوەندیەکی گەرموگوڕمان هەبوو. پێکەوە چامان دەخواردەوە و سەردانی دوکانەکەی ئێمەی دەکرد. بەڵام مامۆستا ماوەیەکی کەم لە کرکلارەلی مایەوە. خەریک بوو وەزعەکە بەرەو گەرمی دەڕۆشت، ڕێک لەو کاتەدا مامۆستا بەرەو ئیزمیر گواسترایەوە.

مامۆستا هەمو ڕۆژانێکی هەینی وتاری دەدا. هەموو شەوانێکی ڕەمەزانیش وتاری پێشکەش دەکرد. وتارەکانی کاریگەر  و سەنرجڕاکێش بوون. لە کرکلارەلی خەڵکێکی جیاواز بوونیان هەبوو، بە شێوەیەک نەبوون کەوا بە ئاسانی بێنە وتار و گوێڕادێری ببن. بەڵام لە دوای ئەوەی مامۆستا دەستی بە وتاردان کرد، خەڵک دەستیان کرد بەوەی گوێی لێبگرن و سەرنج لە قسەکانی بدەن. جەماعەتێکی زۆر لە مزگەوتەکەی کۆ دەبوونەوە، تەنانەت کەسانێکی چەپڕەو کە نوێژ و تاعەتیان نەدەکرد، دەهاتنە مزگەوت و بە پێوە دەوەستان و گوێیان لێدەگرت.

گەر مامۆستا ئیمانی بەو ڕادەیە بەهێز نەبووایە، ئەوا نەیدەتوانی بەو شێوەیە کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێت.

 

لە وتارەکانیدا بە باشی دەیزانیت کەوا دەبێت چی بڵێت، لەگەڵ ئەو شتانەی باسی دەکردن خۆی ئاوێتە  بوو بوو، وەک ئەوەی لە ناویدا بژی بۆ خەڵکی باس دەکرد. هەمیشە باسی ژیانی هاوەڵانی دەکرد، باسی ئەوەی دەکرد کە هاوەڵان لە پێناوی گەیاندنی ئاینەکەیاندا توشی چۆن ناسۆری و ناڕەحەتیەک  بوو بوون. ئاماژەی بەوە دەدا کە چۆن ئاینی ئیسلام، بە هۆی فیداکاری هاوەڵانەوە، لە ماوەیەک کەمدا بە هەموو دونیادا بڵاو بوویەوە. ئیدی هەرکەسێک گوێی لەو بگرتایە، بە شێوەیەک نەبوو کە بتوانێت بە وتارەکانی کاریگەر نەبێت. ئیدی حەزت بەوە دەکرد وەک هاوەڵان لە پێناو ئەو دینەدا خەریکی ڕاکە ڕاک بیت، چونکە ئێمە لەو سەردەمەدا بە تەواوی لەناو ئیسلامەتیدا نەدەژیایین. لە هەموو لایەک خراپەکاری بڵاو بوو بوویەوە. هەموو چالاکیەک بە ناوی دین و دیانەتەوە بە کۆنەپەرستی لە قەڵەم دەدرا و تاوان بوو. هەربۆیە ئەم وتارانەی مامۆستا، هەستی ئیمانی و ئیسلامی هەموو لایەکمانی بزواند.

لە کاتی وتارداندا لە ماڵەکەی، هەندێک لە هاوڕێیان یارمەتیان دەدا، بەڵام کارەکانی تری ماڵەوەی وەک جل شۆردن و چێشت لێنان، لەلایەن خودی خۆیەوە ئەنجام دەدرا. مامۆستا هەمیشە خەریکی لێنانی پەتاتە بوو، هەرجارە و بە شێوازێک لێی دەنا. زۆر حەزی بە نان خواردن نەدەکرد. هەمیشە پێمان دەوت کەوا با خاتونێکی باشی بۆ بدۆزینەوە و هاوسەرگیری بکات، بەڵام ئەو هەر گوێی لێنەدەگرتین. هەروەها لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر جددی بوو، نەماندەتوانی لەو بابەتەدا زۆری لێبکەین.

 

بیر لەو بکەرەوە کە هێندە قوتابخانە بکەیتەوە و  هێندە مرۆڤ پێبگەیەنیت، کەسانێکی زۆر بنێریت بۆ هەموو لایەکی دونیا هەتا خزمەتی پەروەردەیی پێشکەش بکەن، ئەم خزمەتێکە هەتا ئێستا لەلایەن کەسانی ترەوە ئەنجام نەدراوە.

کەسانێک دین و لە من دەپرسن کەوا “ئەم هەموو پارەیان لە کوێ بوو؟” ، منیش لە وەڵامدا دەڵێم:

مامۆستا خۆی هیچ پارەیەکی نیە، بەڵام سەرمایەی دڵی هەیە، کاتێک بە کەسانێک دەڵێت لە فڵان شوێن فیسار شت بکەن و لە فیسار شوێنیش فڵان شت ئەنجام بدەن، یەکسەر کەسانێک هەن ئامادەن بە ئەنجامدانی ئەو کارە و فەرمانەکەی جێبەجێ دەکەن.

 

 

 

128 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە