بیروڕاهەواڵ

ئەشکەنجە تۆقێنەرەکانی ناو زیندانەکانی ڕژێمی ئاکەپە!

 

ئێرهان باشیورت

لە مانگی ڕەمەزان و بە تایبەت لە شەوێکدا کە ئەگەری زۆرە شەوی قەدر بێت، حەزم بە نوسینی بابەتێکی لەم شێوەیە نەدەکرد.

 بەڵام بیستنی دەنگی قوربانیەکان و فەراهەمکردنی زەمینەیەک بۆ گەیاندنی هاواریان، بیرخستنەوەی یاسا و کەرامەتی مرۆڤەکان بە کاربەدەستانی تورکیا،  وەک ئەرکێکی سەرشانمی لێهات.

 

لە سەرەتاوە داوای لێبوردنتان لێدەکەم، کە پێدەچێت بەم بابەتە، خوێن لە ویژدانتان بهێنم. بەڵام گێڕانەوەی ئەم وەحشەتە بە شێوازێکی تر، کاری نەکردە بوو.

لە دوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وڵات  لە دوای ١٥ ی تەموزەوە، ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان شێوەیەکی بەربڵاوی وەرگرتووە و هەتا دێت سکاڵاکان ڕوو لە زیاد بوون دەکەن.

سەبارەت بەوەی هێزە ئەمنیەکان، ئەشکەنجەی هاوڵاتیانیان داوە، شایەت و بەڵگەی زۆر بەهێز بوونیان هەیە.

 

ئاکەپە کاتێک هاتە سەر دەسەڵات، بەڵێنی ئەوەی دەدا کە بە هیچ شێوەیەک چاو لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان نەپۆشێت و، لەم بابەتەدا هەندێک هەنگاوی ئەرێنی هەڵگیرا.

لە حاڵی ئێستادا، دیسان ئاکەپە لەسەر دەسەڵاتە و بەڵام بە پێچەوانەوەی ڕابردوی خۆیەوە، بە تەواوی پاڵپشتی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان دەکات.

 

ئێستا بە تایبەت کەسانێک دادەمەزرێنن کە لە بواری ئەشکەنجەداندا شارەزایی هەیە.

ئێستا ڕێگە بە سکاڵای هاوڵاتیان نادەن و لە ڕێگەی یاساکانەوە، قەڵغانی پاراستن بە کەسانی ئەشکەنجەدەر دەبەخشن.

ئەشکەنجەدانی ئەو سەربازانەی کە تۆمەتی بەشداریان لە هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ بەسەرەوە بوو، لە لێدان و فەلاقەوە هەتا دەگاتە لاقە کردنیان، لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتەیەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە.

 

هەروەها کەسانێکی مەدەنیش بە نمونەی مامۆستا گۆکهان ئاچککۆلو، لەو سەردەمەدا  لە ژێر ئەشکەنجەداندا  گیانیان لە دەستدا.

تەنانەت هەتا ئێستاش، لێپرسینەوەیەکی جددی یاسایی بەرامبەر ئەم ڕووداوانە ئەنجام نەدراوە.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وڵاتدا، دەستیان کرد بەوەی ئەشکەنجەی دەرونی و مامەڵەی خراپ لەگەڵ هاوڵاتیان، بە شێوەیەکی کەیفی و بەربڵاو،  وەک شێوازێکی سزادان بەکاربهێنرێت.

بۆ نمونە هێشتنەوەی زیندانیەک بۆ چەندین مانگ لە ژووری تاکە کەسیدا.

ڕێگە نەدان بەوەی چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت.

 

یاخود بۆ ئەوەی نەتوانێت بە ڕێکوپێکی چاوی بە کەسوکارەکەی بکەوێت و نەتوانێت بێتە بەردەم دادگا، هەتا بە تەواوەتی بەرگری لە خۆی بکات، ڕاگواستنی دۆسیەی هاوڵاتیان بۆ شوێنگەلێک کە هەزاران کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبونیەوە دوورە.

تێخزاندنی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان بە ڕێژەی دوو یان سێ قات، بۆ ئەو قاوشانەی کە قەبارەیەکی بچوکیان بۆ زیندانیکردنی هاوڵاتیان هەیە.

ىڕینی ئاو لەسەر زیندانیەکان و پێنەدانی خواردن وەک پیویست.

 

ڕێگرتن لە فەراهەمکردنی پێداویستیە سەرەکیەکان، کە مافی یاسایی زیندانیەکانن.

بەڵام لە حاڵی ئێستادا وەها دیارە،  کە هەنگاویان بەرەو قۆناغێکی نوێتر هەڵگرتبێت.

ئێستا چەشنی ساڵانی ١٩٨٠، دیسان بە شێوەیەکی ئاشکرا، ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان دەستی پێکردۆتەوە.

لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەی ڕابردوودا، وەک لەلای هەموو کەسێکی شارەزای ڕۆژەڤی تورکیا ئاشکرایە، ٤ ڕووداو بونیان هەیە، کە ئاماژە بە هەمان بابەتی سەرەوە دەکەن.

 

یەکەمیان لە ناوچەی هەلفەتی لە شاری ئورفا ڕوویدا.

لەم شارۆچکەیەدا  دوای ئەوەی شەوی ١٨ ی ئایار، پێکدادانێکی چەکداری ڕوویدا، بەو نیوە شەوە ٥١ هاوڵاتی لە ماڵەکانیان دەردەهێنرێن و دەستگیر دەکرێن.

دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بە پێی پەتی و، لە دەستکردنی کەلەپچە لە دواوە و پاڵخستنیان لەپەوڕوو لەسەر زەوی، وێنەی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی وەبیرهێناینەوە، کە لە ساڵانی ١٩٨٠ ئەنجام دەدرا.

هەندێکیان بە شێوەیەکی بەردەوام، لە کاتژمێر دووی شەوەوە هەتا ٧ ی سەرلەبەیانی بەم شێوەیە ڕاگیرابوون.

بەڵام مامەڵەی نامرۆڤانەی هێزە ئەمنیەکان هەر بەمەوە نەوەستاوە و، پاشان ئەوە ئاشکرابوو کە ئەشکەنجەی سەختی هاوڵاتیەکانیان داوە.

 

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی غازیعەنتەب، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو هاوڵاتیانە پەنایان بۆ برد، سکاڵاکانیانی کرد بە ڕاپۆرت و ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە سکاڵای هاوڵاتیە کوردە دەستگیرکراوەکان:

“هەندێک لە هاوڵاتیەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی بە لێدانی کارەبا ئەشکەنجەیان دراوە، لە هەمان کاتدا ئەندامی نێرینەیان گوشراوە و لەم ڕێگەیەوە ئازارێکی سەختیان پێگەیاندراوە. هەروەها برینداربوونی سەرو برۆی هاوڵاتیەکان بەدی کراوە، کە زیاتر لە ٨ لەزگەی پێوە بووە و لە شوێنە جیاوازەکانی لاشەیاندا، شوێنی شین و مۆر بوەوە بەدیکراوە”.

 

“‌‌هاوڵاتیان لەبەردەم دادگادا، “هێندەی توانییان” باسیان لە ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکان کرد”

یەکێک لە هاوڵاتیە کوردەکان بە ناوی” گ. ئا”، لە بەردەم دادگادا دەڵێت” لە ئاسایشی ئەشکەنجە درام، بە شەق و تێڵا هێرشیان بۆ هێنام. کارەبایان لە لاشەم دا. زۆر شتی تریان لێکردم، بەڵام لەبەر ئەوەی لێرەدا گونجاو نیە ئاماژەیان پێبدەم، هەر هێندە دەڵێم”.

 

“کارەبا لێدان، لێدان بە لیس، گوشینی ئەندامی نێرینەیان”

**

 

ڕووداوی دووهەم سەبارەت بە ١٠٠ کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە لە ئەنقەرە دەستگیرکران.

 

دوائ ئەوەی سکاڵایەکی زۆر دەچێتە لای سەرۆکی پارێزەرانی ئەنقەرە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە ئەشکەنجەی کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات، ئەمەش بەشێکە لەو ڕاپۆرتە تۆقێنەرە:

 بە گوێرەی لێدوانی هاوبەشی ٥ لەو کارمەندانەی لە هۆبەی لێپرسینەوەی تاوانە دارایەکان دەستگیر کراون، باس لەوە دەکەن کە لە دەرگایەکەوە براونەتە ژوورەوە، کە لە سەری نوسراوە “هاتنە ژوورەوە قەدەغەیە” و لەوێوە بەرەو ژوورێکی تاریکتر بردراون.

 

پاشان لە ژوورە تاریکەکەدا لەلایەن چەند کەسێکەوە، لە پشتەوە کەلەپچەیان لە دەستکراوە و، دوای ئەوەی بە دار لێیان داون، هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردوون کە گەر قسە نەکەن، ئەوا دارەکە دەخەنە ناو کۆمیانەوە…

 

هەروەها باس لەوە دەکەن کە ٣ کەسیان بە تەواوی ڕووت کردۆتەوە، هاوڵاتیەکی تریان لە خوار پشتیەوە ڕووت کردۆتەوە، هاوڵاتیەکی تریشیان هەتا نیوەی پانتۆڵەکەی داکەندووە، پاش ئەوەی پشتیان پێ دەچەمێننەوە، دارێک بە دەوروبەری کۆمیاندا دەخشێنن و، لەم کاتەشدا هەڕەشەیان لێکردوون و سوکایەتیان پێکراوە.

پاشان هەڕەشەی ئەوەیان لێکردوون کە گەر لە ماوەی یەک تا دوو خولەکدا قسە نەکەن، دەچنە قۆناغی دووهەم و دارەکە دەبڕنە کۆمیانەوە.

هەروەها ماددەیەکی شلی وەک جێلی لە دارەکە دەدەن و لە کۆمی هاوڵاتیەکان دەخشێنن، وەک هەڕەشەی ئەوەی کە گەر قسە نەکەن، دارەکە دەبڕنە ناو کۆمیانەوە.

 

 

“لە هەلفەت چی ڕوویدا، لە ئەنقەرەش هەمان ڕووداو بە دەستی دەوڵەت”

 

حاڵەتی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کە لەلایەن کەسانی یاسا پارێزەوە کراوە بە ڕاپۆرت، ئەوەمان پشان دەدەن، کە حاڵەتی ئەشکەنجەدان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێت و، بە تایبەت لەلایەن وەزیری ناوخۆی تورکیاوە ڕێگەی پێدراوە.

 

**

هەروەها خانمێک بە ناوی “ها.ش” لە شاری ئەنتالیا، سەرەڕای ئەوەی دوو گیان دەبێت، بەڵام بەدەستی کەلەپچەکراوەوە دەبردرێت بۆ نەخۆشخانە.

ئەم خانمە ٤ ڕۆژ لە دوای لە دایک بوونی منداڵەکەی، دیسان دەبردرێتەوە بۆ زیندان.

 بە هەمان شێوە سەدان خانمی زەیستان هەیە کە لە ژووری نەشتەرگەری منداڵ بوون هەڵیان دەگرن و دەیانبەنەوە بۆ زیندان.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی یاساکان، تەنانەت ئەو خانمانەی لەلایەن دادگاوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە، هەتا ماوەی ٦ مانگ بەسەر لە دایک بوونی منداڵەکەیدا تێنەپەڕێت، سزاکەی بەسەردا جێبەجێ ناکرێت.

ئەم مامەڵە نایاساییانەش کە بەرامبەر خانمان ئەنجام دەدرێت، بە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان ئەژمار ناکرێت؟

ئەمە تەنیا ئەشکەنجەی خانمە زەیستانەکە نیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئەشکەنجەی منداڵێکی ساوای تازە لە دایک بووە.

هەروەها ڕووداوێکی تر لەلایەن پارێزەر و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ ئەرەن کەسکینەوە ئاشکرا کرا.

لە تویتێکیدا کە لە بەرواری ٣٠ ی ئایاری ئەمساڵدا بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت:

ئەمڕۆ لە ئۆفیسەکەمان چاومان بە خانمێک کەوت، کە لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە جەماعەتی گولەن دەستگیر کراوە، باسی لەوە کرد کە پاش ئەوەی ڕووتیان کردۆتەوە، بە زۆر وەرزشی هەستان و دانیشتنیان پێ ئەنجامداوە. ئایا بەمە دەوترێت” سفر چاوپۆشی لە ئەشکەنجەی هاوڵاتیان؟”…

 

لە سایەی ئاکەپەوە چی بەسەر ئەم وڵاتە هات؟

بیر لەوە بکەنەوە کە دەسەڵاتی ئاکەپە، ئەشکەنجەی ئەو پۆلیس و دادوەر و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەدات، کە هەتا دوێنی کاری لەگەڵدا دەکردن. یاری بە کەرامەتیان دەکەن و بە کارەبا و تێڵا ئەشکەنجەیان دەدەن.

تەنانەت دەست لەوە ناپارێزن کە ئەشکەنجەی خانمانی زەیستان و منداڵە ساواکەی بدەن.

ئەمە وێنەی لە مرۆڤایەتی دەرچوون و تەواوبوونی ئیسلامیە سیاسیەکانە..

 هەڵپەی سیاسیەکانیان چاویان کوێر کردووە و ئەقڵیانی بەدیل گرتووە. باشە لە بەرامبەر ئەم هەموو سوکایەتیکردنە، هێشتا ویژدانیان نابزوێت؟

 

تاوانی ئەشکەنجە هیچ کاتێکی بەسەردا تێناپەڕێت و تاوانێکە دەرحەق بە هەموو مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە.

ئەوانەی ئەنجامی دەدەن و کەسانێکیش کەوا دەیانپارێزن و ڕێگەیان بۆ خۆش دەکەن، بە بێ گومان ڕۆژێک دێت، کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت.

 

 

 

 

68 جار بینراوە 3 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە