بیروڕاهەواڵ

یەکەم بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی، دەرگا بە ڕووی ئازادکردنی هاوڵاتیە دەستبەسەرەکان دەکاتەوە

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕۆژەی ئێردۆغان، “پاکێجی ڕێفۆرمی دادگایی” ڕاگەیاند، کە هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت و جگە لە دەستی دەستی کردن بە ڕۆژئاوا هیچی تری تێدا نیە، بڕیارێکی مێژوویی لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەرکرا؛ کە کاریگەریەکی گرنگی بەسەر ژیانی دەیان هەزار هاوڵاتی زیندانی و نانبڕاوکراوی تورکیاوە دەبێت.

لیژنەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، لە بڕیاری ٢٩٨٠- ٢٠١٧، پێشێلکردنی مافی هەریەک لە عیسمەت ئۆزچەلیک و تورگای کەرەمانی تۆمار کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە وڵاتی مالیزیا، لەلایەن دەزگای هەواڵگریەوە ڕفێندران.

هەروەها بڕیارەکە ئەوەمان پشان دەدات، کە دادگای دەستوری تورکیا، چیدی لەلایەن نەتەوەیەگرتوەکانەوە، وەک مەرجەعێکی کاریگەر بۆ بڕیاریی یاسایی نابینرێت و، لە هەمان کاتدا بەرنامەی بایلۆک و پارە دانان لە انکی ئاسیا، بە بەڵگەی پێویست بۆ دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان ئەژمار ناکات.

بەم شێوەیە پاساوی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان و نابڕاوکردنیان بە هۆی پارەدانان لە بانکی ئاسیا و بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆکەوە، للایەن دادگایەکی نێودەوڵەتیەوە پوچەڵ کرایەوە.

پێش ئەوەی بچمە سەر خاڵە گرنگەکانی ئەم بڕیارە، دەبێت ئاماژە بە خاڵێکی زۆر گرنگ بکەم، هەرچەندە لیژنەکە ناوی “کۆمیسیۆن”ی مافەکانی مرۆڤی هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین، کە ئەم لیژنەیەش چەشنی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، دادگایەکی نێودەوڵەتیە.

هەر بڕیارێک لەم دادگایەوە دەربچێت، ڕاستەوخۆ تورکیای پێوە پابەند دەبێت. واتە شانسی نادیدەگرتنی بڕیارەکانی ئەم لیژنەیەی نیە.

ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان، دوای ئەوە دەرکرا، کە دوو مامۆستا بە ناوەکانی عیسمەت ئۆزچەلیک و تورگای کەرەمان، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە(میت)، لە وڵاتی مالیزیا، ڕفێندران.

وەک لای هەموو کەسێک ئاشکرایە، ئەم دوو مامۆستایە، لە ساڵی ٢٠١٧، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە(میت)، لە وڵاتی مالیزیا ڕفێندران و پاش ئەوەی لە تورکیا بردرانە بەردەم دادگا، بڕیاری دەستبەسەکردنیان بۆ دەرچوو.

 

ئێستا کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان، بڕیاری لەسەر پێشێلی مافەکانی هەریەک لەو دوو مامۆستایە داوە و، ماوەی ١٨٠ ڕۆژیشی خستۆتە بەردەمی تورکیا، هەتا پابەندبوونی خۆی بەو بڕیارەوە، جێبەجێ بکات.

هەروەها بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوەش دەکات کە شێوازی دەستگیرکردنی هاوڵاتیەکان بە شێوەیەکی کەیفی ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە داوا لە تورکیا دەکات، قەرەبووی ماددی هەردوو مامۆستاکە بکاتەوە.

 

لە بڕیارەکەدا ئەوە بیر تورکیا هێنراوەتەوە کە واژۆی لەسەر جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کردووە  دەڵێت” دەوڵەتی تورکیا، پێویستە هاوڵاتیەکان ئازاد بکات و لە هەمان کاتدا بە هۆی ئەو پێشێلکاریەی بەرامبەر مافی هاوڵاتیەکان ئەنجامیداوە، پێویستە قەرەبوی ماددیان بکاتەوە”.

“تورکیا پێویستە پابەندی بڕیارەکە ببێت”

یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی ئەم بڕیارەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، ئەوەیە ئەمە یەکەم بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکانە کە سەبارەت بە هاوسۆزانی خزمەت دەریکردبێت. ئەگەرچی پێشتر  سەبارەت بە ٩ حاڵەتی پێشێلکاری، بڕیارێکی تری دەرکردوە، بەڵام لە ڕووی پێویستی پابەندی تورکیا بەو بڕیارانەوە، جێگەی مشتومڕ بوون.

بەڵام لەم بڕیارەیاندا، تورکیا پێویستە پابەندی خۆی بە بڕیاری ئەم دادگا نێودەوڵەتیەوە پشان بدات. بە دەربڕینێکی تر، ئەمە یەکەم جارە کە دادگایەکی نێودەوڵەتی، بڕیارێکی ڕاشکاوانە سەربارەت بە  هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەربکات.

“باری نائاسایی پاساو نیە”

بە گوێرەی بڕیاری ئەم دادگایە، تەواوی ئەو بڕیارانەی دادگاکانی بە پاساوی باری نائاسایی وڵات. سەبارەت بە نانبڕاوکردنی هاوڵاتیان و زیندانیکردنیان دەرکراوە، بە بڕیارێکی نایاسایی ئەژمار دەکرێت.

تورکیا  هەتا ئێستا بە پاساوی باری نائاسائی وڵات ئەم بڕیارانەی دەرکردوە و لە بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەکانیشدا هەمان پاساوی پشان داوە. بەڵام وەک دەبینین لەم بڕیارەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا، پاساوەکەی تورکیا قبوڵ نەکراوە.

لێرەدا جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە لە بڕیارێکی هاوشێوەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا، سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئاڵپاسلان ئاڵتان، ئاماژە بە هەمان خاڵ دەکات و ئەوە ڕادەگەیەنێت کە باری نائاسایی وڵات، نابێتە پاساوی پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیان.

بەم شێوەی دادگا نێودەوڵەتیەکان، بەهانەی ڕژێمەکەی ئێردۆغانیان پوچەڵکردەوە، کە وەک پاساوێک بۆ پشتگوێخستنی مافی هاوڵاتیانی تورکیا بەکاری دەهێنا و ئەوەیان ڕاگەیاند کە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی نایاسایی و ناحەقانە دەستگیرکراون و، ناکرێت ئەم جۆرە بڕیارانە بخرێنە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی لە کاتی باری نائاسایی وڵاتدا دەگیرێنە بەر.

بە دەربڕینێکی تر، تەواوی ئەو حاڵەتی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانەی کە لە چوارچێوەی پاساوی باری نائاسایی وڵات ئەنجامدراوە، لە داهاتوودا دەخرێنەوە بەردەم دادگا و، تورکیاش توانای بازدان بەسەریدا نابێت.


“دادگای دەستوری تورکیا، بە ڕێکارێکی یاسای ناوخۆی تورکیا ئەژمار نەکرا”

 

لەم بڕیارەی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکاندا، ڕەهەندێکی زۆر گرنگ هەیە کە پەیوەندی بە ژیانی دەیان هەزار هاوڵاتی ستەمدیدەی تورکیاوە هەیە.

کۆمیسیۆنەکە تانەیەکی  گرنگی تورکیای ڕەتکردەوە کە دەڵێت” ئەم هاوڵاتیانە هێشتا پەنایان بۆ دادگای دەستوری تورکیا نەبردووە و تەواوی ڕێکارە ناوخۆیەکانیان نەگرتۆتە بەر”، ئاماژە بەوە دەکات کە دادگای دەستوری تورکیا، لە بابەتی هاوسۆزانی م.فەتحوڵڵا گولەندا، بڕیاری بابەتیانەی نەداوە و نەیتوانیوە لە کاتی پێویستدا وەڵامی داواکاریەکان بداتەوە.

واتە کۆمیسیۆنەکە، دادگای دەستوری تورکیا بە ڕێکارێکی پێویستی یاسایی ئەژمار نەکرد، کە دەبێت هاوڵاتیانی ستەمدیدەی تورکیا پێیدا تێپەڕێن.

بە گوێرەی کەسانی شارەزای بواری یاساش، ئەم بڕیارەی نەتەوەیەکگرتوەکان، دەیان هەزار هاوڵاتی تری تورکیاش دەگرێتەوە، کە بە پاساوی باری نائاسایی وڵات، لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، یاخود زیندانی کراون.

تەواوی ئەو هاوڵاتیانەی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەستبەسەرکراون و هیچ بڕیارێکی دادگاییان لەسەر دەرنەچووە، دەتوانن بە هەمان شێوە، پەنا بۆ دادگا نێودەوڵەتیەکان ببەن.

وەک لای هەموو کەسێک ئاشکرایە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، هەر هاوڵاتیەکی تورکیا پەنای بۆ ببات، بە پاساوی ئەوەی” ڕێکارە ناوخۆیەکان و دادگای دەستوری نەگیراوەتە بەر”، داوای هاوڵاتیان ڕەت دەکاتەوە.

دوای ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان، داگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش پێویستە ڕێکارێکی نوێ بۆ خۆی بگرێتە بەر.

 

“بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک و بانکی ئاسیا ناکرێتە پاساوی دەستبەسەرکردن”

 

لایەنێکی تری گرنگی ئەم بڕیارە کە پەیوەندی بە ژیانی دەیان هەزار هاوڵاتیەوە هەیە، ئاماژە کردنێتی بە بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک و پارە دانان لە بانکی ئاسیا. لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پارەدانان لە بانکی ئاسیا، بەکارهێنانی بەرنامەیەکی تایبەت بە پەیوەندی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بە تاقی تەنیا ناکرێتە پاساوی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان.

لە بەشێکی نوسراوی بڕیارەکەدا هاتووە” بەکارهێنانی ئامرازێکی پەیوەندی، ناکرێتە بەڵگەی تاوانبارکردنی هاوڵاتیەک”.

بەم شێوەیە؛ ئەم بڕیارە دەبێتە دەرگایەکی کراوە بە ڕووی تەواوی ئەو هاوڵاتیانەی کە بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک و پارەدانان لە بانکی ئاسیا، کراوەتە پاساوی پێشێلکردنی مافەکانیان و، دەتوانن لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا، مافە زەوتکراوەکانیان بەدەست بهێننەوە.

 

 

 

27 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە