بیروڕاهەواڵ

ئەوانەی قومێک ئاو بە زۆر دەزانن!

عەبدوڵا ئایماز

 

 

 

ئەبوجەهل ماوەیەک دەبێتە سەرپەرشتیاری منداڵێکی هەتیو. ڕۆژێک ئەم منداڵە بە ڕووت و قوتی دێتە لای ئەبوجەهل و داوای لێدەکات، کە لە سەروەت و سامانەکەی بەشی بدات.

ئەبوجەهلیش پالێکی پێوە دەنێت و فەرامۆشی دەکات. گەورەکانی قوڕەیشیش بە منداڵەکە دەڵێن” بچۆ بۆ لای محمد، با ئەو شەفاعەتت بۆ بکات”، بەم شێوەیە گاڵتەی پێدەکەن.

منداڵەکەش لەبەر ئەوەی لە واتای قسەکانی ئەوان تێناگات، دێتە لای پێغەمبەری خودا و داوای یارمەتی لێدەکات.

پێغەمبەری خوداش لەبەر ئەوەی عادەتی ئەوەی هەیە، کە داوای هیچ کەسێک ڕەتنەکاتەوە، دەستی منداڵەکە دەگرێت و دەیبات بۆ لای ئەبوجەهل. دوای ئەوەی باسی حاڵی منداڵە هەتیوەکە دەکەن، ئەبوجەهل بەوە ڕازی دەبێت، کە حەقی منداڵە بدات. گەورەکانی قوڕەیشیش کە ئاگایان لەم ڕووداوە دەبێت، دەست دەکەن بە سەرزەنشتی ئەبوجەهل و دەڵێن” تۆش گومڕا بوویت، وەک محمد بوویت بە منداڵ”.

ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت” نەخێر، گومڕا نەبووم، لەلای ڕاست و چەپی محمد قەمەیەک هەبوو، ترسام لەوەی گەر پێینەدەم، بەو قەمەیە لێمبدات”.

لە هەندێک ڕیوایەتدا هاتووە کە ئەمە هۆکاری دابەزینی سورەتی ماعونە.

وەک لە ڕاڤەی ئەم سورەتەدا دەبینین، وەک چۆن یارمەتی نەدانی کەسانی هەتیو، بە سیفاتی کەسانی کافر ناوزەندکراوە، لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدا بە کەسانی نوێژکەر، لە بابەتی ئەوەی یارمەتی هەژاران نەدەن و، هانی مرۆڤەکانی تر نەدەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی خودادا ماڵی خۆیان ببەخشن.

“ئایا تۆ ئەو کەسەت بینیوە کە دین بە درۆ دەخاتەوە؟ ئەوانە کەسانێکن کە هەتیوان فەرامۆش دەکەن. هەروەها هەوڵی تێرکردنی هەژاران نادەن و لەم بابەتەدا هانی کەسانی تریش نادەن. وای بە حاڵی ئەو کەسە نوێژکەرانە، ئەوانەی لە واتای نوێژەکانیان  ناگەن و لە کارەکانیاندا خەریکی ڕووپامایین و ڕێگری لە قوتی کەسانی تریش دەکەن”. (سورة الماعون)

 

فەرامۆشکردنی  هەتیوان، ڕانەکردن بە دەم کەسانی هەژار و لێقەوماوەوە، هەروەها هان نەدانی کەسانی تر بۆ دەستپێشخەری لەم بابەتەدا و بەزەیی نەهاتنەوەیان بە کەسانی هەژار و برسیدا، وەک چۆن حاڵێکە کەوا بە نیسبەت مرۆڤایەتیەوە جێگەی داخ و پەژارەیە، لە هەمان کاتدا ئەمە عادەت و نەریتیە ئەو کەسانەیە کە دین بە درۆ دەزانن و ویژدانیان لە دەستداوە.

بەڵام لە بەشی دواتری ئەم ئایەتەدا، سەرکۆنەی کەسانی نوێژکەریش دەکات، کە هەڵگری هەمان سیفاتن و بە وشەی “ویل” ئاگاداریان دەکاتەوە؛ لەو شوێنەی لە ئاگری دۆزەخدا دەبێتە جێگایان.

واتە “ویل” بۆ ئەو نوێژکەرانە بێت، کە یارمەتی هەتیو و هەژاران نادەن؛ ڕاستتر وەهایە بڵێین “ویل” بۆ ئەوانە بێت، کە لە ڕواڵەتدا خۆیان وەک نوێژکەر دەردەخەن!

 

چونکە ئەوانە لە نوێژەکانیاندا بە هەڵەدا چوون، وەک حەزرەتی مەولاناش دەفەرموێت” سەریان لەسەر زەوی داناوە و کلکیان چووە بە ئاسماندا!”.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم جۆرە نوێژکەرانە لە نوێژەکانیاندا خەریکی ڕیا و ڕووپامایین و ڕێگریش لە قوتی کەسانی هەژار و هەتیو دەکەن. یاخود کەسانێکن کەوا زەکات نادەن و شتانێکی زیادە لە خۆیشیان، بە هیچ شێوەیەک بە کەسانی خاوەن پێداویستی نابەخشن.

 

ئێستا دەپرسین کە ئاخۆ ئەوانەی وتیان “قومێک ئاویش بە هاوسۆزانی خزمەت مەدەن و فڕێیان بدەنە ناو زیندانەوە”، خۆیان لە کوێی ئەم سورەتەدا دەبینن؟

 

گاڵتە کردن بە مرۆڤەکان و شکاندنی دڵیانیش بریتیە لە یەکێک لە سیفاتی کەسانی کافر. وەک چۆن خواردنی حەرام و ئەنجامدانی زیناش سیفاتی کافرانە. هەربۆیە کەسێک بەم جۆرە کارانە هەڵدەستێت، تەنانەت گەر لە دڵیشیدا بە کافر ئەژمار نەکرێت، ئەوا لە ڕووی سیفات و کردارەوە، هەڵگری هەمان سیفاتی کەسانی کافرە.

لە مەککەدا ئەبوجەهل و وەلیدی کوڕی موغیرە، گاڵتەیان بە کەسانێکی ئیمانداری وەک عەماری کوڕی یاسر و بیلالی کوڕی حەبەشی دەکرد.

“کاتێک بە کەسانی ئیماندار دەگەشتن، بە گاڵتەوە بە چاویان ئاماژەیان بۆ یەک دەکرد و، کاتێک ئەم گوناحکارانە دەگەڕانەوە ماڵەکانیان، بە پێکەنینەوە باسی ئەو شتانەیان دەکرد، کە بەرامبەر کەسانی ئیماندار ئەنجامیانداوە. هەروەها کاتێک بە کەسانی ئیماندار دەگەشتن، لە نێو خۆیاندا دەیانوت” بەڕاستی ئەمانە لە نێو گومڕاییەکی ئاشکرادان”.  بەڵام لە ڕۆژی دوایدا، کەسانی ئیماندار لەسەر دیوانەکانیانەوە، سەیری کەسانی گوناحکار دەکەن و پێدەکەنن، ئایا ئێستا کافران گەشتن بەو سەرئەنجامەی کە دەبوو پێیبگەن؟”.(سورة المطففین)

 

“وای بە حاڵی ئەوانەی بەردەوام خەریکی ماڵ کۆکردنەوەن و بژاردنێتی و، بەردەوام تانە لە مرۆڤەکان دەدەن و بە ئاماژەی چاویان گاڵتەیان پێدەکەن. ئەمانە وا دەزانن سەروەت و سامانەکانیان هەتا ئەبەد دەیانژیەنێت. نەخێر، سوێند بێت ئەوانە هەموویان دەخرێنە ناو ئاگری دۆزەخەوە(الحطمة). ئایا دەزانی “الحطمة” چیە؟ ئەوە ئاگرێکی هەڵگیرساوی خودایە کە بەسەر دڵاندا دەدات. ئەو دۆزەخیانە سەرەڕای ئەوەی بە کۆڵەکەکانی دۆزەخەوە بەستراوەن، لەناو ئەو ئاگرەدا، دەرگایان لەسەر دادەخرێت”.(الهمزة)

 

ئەوانەی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، تەنانەت گەر کافریش نەبن، کاتێک هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی درۆ و بوختانەوە، دڵی هاوسۆزانی بێ گوناحی خزمەت بریندار دەکەن، لە بەرامبەر ئەم ئایەتانەدا خۆیان لە کوێدا دادەنێن؟ ئایا لە هیچ گۆشەیەکی ئەقڵیاندا، بیرکردنەوە لە بەخۆداچووەنەوە و لێپرسینەوە لە خودی خۆیان هەیە؟!

 

72 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە