بیروڕاهەواڵ

ئەشکەنجەدەران خەجاڵەت بن نەک ئێوە!

مەحمود ئاکپنار

 

 

لە تورکیادا ئەشکەنجەی دەروونی بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێت. مرۆڤەکان بەهۆی ناسنامە، جیاوازی بیروباوەڕیانەوە سوکایەتیان پێدەکرێت. بە کۆمەڵ تاوانبار دەکرێن، ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

 

ئەوەی لێرەدا زۆر جێگەی سەرنجە، ئەم کارە لەلایەن ڕۆژنامەکان، تەلەڤیزیۆنەکان و ئەو کەسانەی کە پێویستە یاساکان پەیڕەو بکەن، ئەنجام دەدرێت.

منداڵان لە خوێندنگەکاندا، لەلایەن هاوڕێکانی و مامۆستاکانیەوە بە “منداڵی تیرۆرست” تاوانبار دەکرێن، دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەی دەروونیەوە. بە هۆی ئەم حاڵی جیاکاری و تاوانبارکردنەی لە کۆمەڵگادا بونی هەیە، زۆرێک لە هاوڵاتیان بیر لە جێهێشتنی وڵاتی خۆیان دەکەنەوە.

کەسانێک کەوا ئەوەی لە ٣ ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراوە پێیان هەزم ناکرێت و بەرگەی ئەوە ناگرێت کە چاوی بە کەسانی بوختانکەر بکەوێت، چیدی توانای بەرگەگرتنی ئەم حاڵەی نەماوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

جگە لەو ئەشکەنجە دەروونیە لە تورکیادا ئەنجام دەدرێت، لە تورکیادا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەشکەنجەی جەستەیش ئەنجام دەدرێت. کەسانێکی وەک مامۆستا گۆکهان کە بەرگەی ئەشکەنجەیان نەگرتووە و گیانیان لە دەستداوە، سەدان کەسی تێپەڕاندووە. بە تایبەت کەسانێکی زۆر هەیە کە خودی خۆم دەیانناسم و لە بنکەکانی – ئەشکەنجەدانەوە بەرەو مەرگ پەلکێش کراون. کەسانێکیش سەقەت بوون و تەندروستی ڕۆحیان لە دەستداوە. هەروەها خێزان و منداڵانی ئەم جۆرە کەسانەش، ڕووبەڕووی چەندین کێشەی جیاواز بوونەتەوە.

 

لە ڕاستیدا لە زیندانەکاندا، تەندروستی باری دەروونی و لاشەیی هاوڵاتیان، ڕاسپاردەی دەستی دەوڵەتە. پۆلیس، پاسەوان، بەڕێوەبەرانی زیندانەکان، لێپرسراون بەرامبەر ئەو شتانەی بەسەر هاوڵاتیاندا دێت لە کاتی دەستگیرکردن و زیندانی کردنیاندا.

پێویستە لەم بابەتەدا ئامادەی بەردەم لێپرسینەوە ببن. ئەشکەنجە تاوانێکی زۆر قورسە کە بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجام بدرێت و بە هیچ شێوەیەک کاتی بەسەردا تێناپەڕێت. ئەو کەسە ئەشکەنجەدەرانەی لە سەردەمی هیتلەردا بوونیان هەبوو، لە تەمەنی ٩٠ – ١٠٠ ساڵیدا، لەو کونانە دەرهێنران کە خۆیان تێدا شاردبوویەوە و برانە بەردەم دادگا. هەروەها لە مێدیاکانەوە ئەم جۆرە دادگاییانە پەخش کران، هەتا هەموو دونیا بە چاوی خۆیان سەرئەنجامی کاری ئەو جۆرە کەسانە ببینن.

سزادانی کەسانی ئەشکەنجەدەر،  تەنیا لەبەر ئەوە نیە  تاوانێکیان ئەنجام داوە و دەبێت سزا بدرێن، بەڵکو بۆ ئەوەیە ببێتە پەند و وانە بۆ کەسانێک کەوا بیر لە جۆرە کارێکی هاوشێوە دەکەنەوە. بەداخەوە؛ مرۆڤایەتی زۆرجار لەبەر ئەوەی خراپەکاریەکان سزا نەدراوە، بەردەوام بووە لە کارەکانی خۆی.

گەر تاوانباران سزا نەدرێن، یاخود وەکو پێویست سزای خۆیان وەرنەگرن، ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تاوانەکە بە سوک وەربگرن. بڕیاری لێبوردنی گشتی کە زوو زوو دەردەکرێت، وای کردووە لەوەی تاوان بە گرنگی نەبینرێت و زیاتر بڵاو ببێتەوە. لە بابەتی پەردەپۆشکردنی دز، دەستدرێژیکار و تاوانەکان و خستنە ناو زەرفی “بێ تاوان”ییەوە، کەس ناگات بە وڵاتی ئێمە.

کەسانی “بکوژ” و “دەستدرێژیکار”مان ناوناوە مەحکومی قەدەر!

 

ئۆپۆزسیۆن بوون و ڕەخنەگرتن تاوانێک نیە، لێرەشدا مەبەستمان لە تاوانە سیاسیەکان نیە کە لە کاتی ئۆپۆزسیۆن بووندا ئەنجام دەدرێن. لە وڵاتە دیکتاتۆریەکاندا، زۆر جار ئەوەی بە تاوانی سیاسی ناو دەبرێت، بە گوێرەی پێودانگێکی بابەتی و یاسا گەردونیەکان دیاری نەکراوە و تاوان نیە.

بەکارهێنانی مافە دیموکراسیە سەرەتاییەکان، نوسین و ڕەخنەگرتن و ئۆپۆزسیۆن بوون، تاوان نیە. لەم جۆرە وڵاتانەدا، بە بیانوی “نیشتیمان” و “دەوڵەت”، تاوانی سیاسی دروست دەکرێت و ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێت، نادیدە دەگیرێن. ئەمە لە کاتێکدایە یاسا دەبێت کار بە بەڵگەی ماددی و کرداری بەرجەستە بکات. ئۆپۆزسیۆن بوون، ڕەخنەگرتن و جیاوازی لە بیروڕادا، بابەتگەلێکی خۆیین(سوبێکتن)، تاوان نین و لە ئازادیەکانی مرۆڤن.

لە دوای ١٥ ی تەموزەوە، تەقینەوە لە حاڵەتەکانی ئەشکەنجەداندا ڕوویداوە. لە ڕێگەی سیناریۆیەکەوە کۆمەڵگایان فوو تێکرد و نەیارانی ئێردۆغانیان لەبەرچاوی کۆمەڵگا، کردە ئامانج. بە هۆی کاریگەری مێدیاکانەوە، هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان توشی گەلەکۆمەکی لێکردن و جیاکار دەبن و ئەوانەی لە زیندان و بنکەکانی پۆلیسن، توشی ئەشکەنجەدان بوون. بە هۆی ئەوەی حکومەت بە شێوەیەکی بێ دەربەستانە مامەڵە دەکات و وەک پێویست هەستیاری پشان نادات، نەخۆشی ئەشکەنجەدان لە هەموو لایەک بڵاو بۆتەوە.

کەسانێک کەوا خاوەنی پەروەردەیەکی بەرز و خاوەن سەنگ و ڕێزن، بە شێوەیەکی زۆر توند سوکایەتیان پێ دەکرێت و لەلایەن کەسانێکەوە کە لە مرۆڤایەتی دەرچوون، ئەشکەنجە دەدرێن. ئێستا سەدان مرۆڤ، بە هۆی ئەشکەنجەدانیانەوە مەغدور بوون. بێدەنگی و هەڵنەبڕینی دەنگیشیان، وایکردووە کە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ زیاتر بڵاو ببێتەوە.

مرۆڤگەلێکی بێ بەرگری کە خۆیان ڕادەستی یاسا و دادگا کردووە، توشی هەموو جۆرە ئەزیەت و جۆرەکانی ئەشکەنجە بوونەتەوە. لەلایەکی ترەوە بێدەنگی ئەم جۆرە کەسانەش دەبێتە هۆی مەغدور بوونی کەسانی تر.

 

سەرەڕای ئەوەی ٣ ساڵ بەسەر ١٥ ی تەموزدا تێپەڕیوە، هێشتا هەواڵی حاڵەتی ئەشکەنجەی سەخت دەبیستین. هەفتەی ڕابردوو، هەواڵی ئەشکەنجەدانی کۆمەڵێک گەنجی کورد، کە لە هەلفەت دەستگیرکرابوون، لە ڕۆژەڤدا بوو. ئەم هەفتەیەش هەواڵی ئەشکەنجەدانی کەسانێکی دیپلۆماتکار دەبیستین، کە لە ئەنقەرە دەستگیکراون. تەنیا بێدەنگی کۆمەڵگا نیە کە وایکردووە ئەم حاڵەتانە ڕوو لە زیاد بوون بکات، بەڵکو بێدەنگی، شەرمکردنی ئەو کەسانەی توشی ئەشکەنجەدان بوون و بەدوانەچوونیان بۆ مافی خۆیان، وایکردووە، ئەم حاڵەتانە ڕوو لە زیاد بوون بکات.

زۆرێک لە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی شەرم دەکەن، یاخود لەبەر ئەوەی دیسان هەمان ڕووداویان بە بیردا نەیەتەوە و هەستی پێنەکەنەوە، ڕووداوەکە نادیدە دەگرێت و بە دوایدا ناچێت. بەڵام ئەم بێدەنگیەی ئەوان و بەدوانەچوونیان بۆ مافەکانی خۆیان، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکانی ترشی بە هەمان قۆناغی ئەواندا تێپەڕن. کەسانی ئەشکەنجەدەریش هەست بەوە دەکەن کە چیدی سزای تاوانەکانیان وەرناگرن و بەو هۆیەوە لە ئەنجامدانی کاری خۆیان بەردەوام دەبن.

هەموو جوڵەیەک کە ئازاری مرۆڤەکان بدات، یاخود ئەزیەت و جەفایەک کە وەک فشار بخرێتە سەر کەسانی دەستگیرکراو، هەتا دان بە تاوانەکانیاندا بنێنن، بە تاوانی ئەشکەنجەدان ئەژمار دەکرێت.

 

لە دەستوری تورکیاشدا هاتووە” نابێت ئەشکەنجە و ئازاری هیچ کەسێک بدرێت، هیچ کەسێک ڕووبەڕووی مامەڵە و سزایەک نابێتەوە کە لەگەڵ حەیسیەتیدا یەک نەگرێتەوە”، بەم شێوەیە مافی هەموو هاوڵاتیانی خستۆتە ژێر گەرەنتیەوە.

لە یاسای سزاکانی تورکیاشدا هاتووە” ئازاردانی کەسێک لە ڕووی دەرونی و لاشەییەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤدا گونجاو نەبێت، یاخود هەوڵدان بۆ کاریگەریدان لەسەر وێنا و ئیرادەی کەسەکە، یاخود هەر مامەڵەیەک لەلایەن کارمەندی دەوڵەتەوە ئەنجام بدرێت کە ڕێگە بۆ سوکایەتی پێکردنی کەسەکە بکاتەوە، سزای ٣ هەتا ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت”.

گەر ئەم تاوانە لەسەر شێوازی دەستدرێژی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی و پارێزەران و کارمەندانی تری دەوڵەت ئەنجام بدرێت، ئەوا سزاکەی قورستر دەبێت. ئەو کەسانەی لە هەمان تاواندا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداریان کردووە، یاخود بە شێوەیەکی بێ دەربەستانە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە و فەرامۆشیان کردووە، بە هەمان شێوە سزا دەدرێن. بە پێچەوانەی تاوانەکانی ترەوە، لە حاڵەتی تاوانی ئەشکەنجەداندا، بە هیچ جۆرێک سوک کردنی سزاکان نایانگرێتەوە.

تورکیا بە گوێرەی ئەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیانەی واژۆی لەسەر کردووە، پابەندە بەوەی کە دەبێت هەموو ڕێکارێک لە دژی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان بگریتە بەر.

جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ کە لە ساڵی ١٩٤٨ لە نەتەوەیەکگرتوەکان ڕاگەیاندراوە دەڵێت” هیچ کەسێک نابێت ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی زاڵمانە، نامرۆڤانە، سزایەک بکرێتەوە کە کەرامەتی مرۆڤەکە بشکێنێت”.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بە هیچ شێوەیەک ئەشکەنجەدان پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە و بە هیچ هۆیەکەوە ناتوانرێت بە شێوەیەکی مەشروع پشان بدرێت. پاشان دەڵێت” فەرمانی کەسێکی سەرو خۆت لە دەزگایەکی دەوڵەتدا، نابێتە هۆی ئەوەی کە تاوانی ئەشکەنجەدان بە شەرعی پشان بدات”.

هەروەها تورکیا لە لە ٢٦ ی تشرینی ساڵی ١٩٨٧، واژۆی لەسەر ڕێکەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کردووە؛ کە دەبێت ڕێگە لە هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەیەکی نامرۆڤانە بگرێت.

 

پێویستە ئەشکەنجەدەران شەرم بکەن

 

ئەشکەنجەدان بۆ مرۆی خاوەن ڕێز و ئەخلاق، شتێک نیە کەوا جێگەی قبوڵکردن و بەرگەگرتن بێت. هەربۆیە زۆرێک لەو مرۆڤانەی کە دووچاری ئەشکەنجەدان بوونەتەوە، باسی ئەو ئەشکەنجەدانانە ناکات کە بینیوێتی و، پەنگ خواردنەوەی گەردەلولی ئەو ڕووداوانە، لە ناخی خۆیدا بە باشتر دەزانێت. زۆرێک لەو مرۆڤانەی لە دوای بینینی ئەشکەنجە لە زیندان ڕزگار بوون، لە ژیان تۆراون و ناچنە ناو خەڵکەوە. ئەوانەی هەست دەکەن بە هۆی ئەشکەنجەوە سوکایەتیان پێکراوە، لەناوەوە خۆیان دەکرمێنن و خۆیان تەواو دەکەن.

دەشێت لە تەواوی ئەم هەستانەیان تێبگەین. بەڵام لە حاڵێکدا ئەوەی پێویستە شەرم بکات خودی ئەشکەنجەدەرەکانە؛ پێویستە ئەوان ڕووی ئەوەیان نەبێت کە بچنە ناو کۆمەڵگاوە. بەڵام دەستەوسانی، بەدوانەچوون بۆ مافەکانمان، ئاگادارنەکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، وا لە ئەشکەنجەدەران دەکات، کە بەردەوام بن لەسەر کاری خۆیان. هەربۆیە گەر بەم هۆیەوە گیانی خەڵکی تریش بسوتێنن و مەغدور و مەزڵومی تریش بخولقێنن، ئایا ئۆباڵی ئەوان لەسەر ئێمەش نابێت!؟

 

ئەوەی پێویستە شەرم بکات و خەجاڵەت ببێت ئەوانن و ئێوە نین! بە پێچەوانەوە کەسانی ئەشکەنجەدەر دەبێت بە دوای کونێکدا بگەڕێن، هەتا خۆیانی تێدا حەشار بدەن. بەڕای من هەرکەسێک توشی ئەشکەنجەدان بووبێت و بە دوای بکەرانی ئەو ڕووداوەدا نەڕوات، ئۆباڵی ئەشکەنجەدانی کەسانی تریشی دێتە سەر. ئێوە بەم کارە تەنیا دەستان لە مافی خۆتان هەڵنەگرتووە، بەڵکو دەستان لە مافی خەڵک و حەقی  خوداش هەڵگرتووە.

 

گەر ئێوە بە دوای حەقی خۆتاندا نەڕۆن و لە ئەشکەنجەدەران نەپرسنەوە، ئەوا ئەم جۆرە ڕووداوانە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن.

 

ئەشکەنجەدەران ئاشکرا بکەن و لە ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەن. تەنانەت گەر بەڵگەشتان نەبێت، لەگەڵ کەسانی هاوشێوەی خۆتاندا یەک بگرن، یەک وتار دروست بکەن و پێکەوە لە دژی ئەشکەنجەدەران، خەبات بکەن.

لە تورکیادا مەغدوریەتی زۆر سەخت و پێشێلی گەورەی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت. بەڵام هەتا ئەو ساتەی کەسانی مەغدور قسە ناکەن، ئەوەی باس دەکرێت، جگە لە حەقایەت و گێڕانەوەی دەماودەم، هیچی کاریگەریەکی تری نابێت.

70 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە