بیروڕا

مرۆڤە چالاکەکانی خزمەت کە قبوڵ ناکرێن!

بەخامەی: تارق بوراک

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، لە دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، دەگەڕێتەوە ئێدیرنە و ، دەستبەجێ بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە، دەست دەکاتەوە بە کارەکەی خۆی. ڕێک لەو کاتەدا، موفتیەکی نوێ لە ئێدیرنە دەست بە کار دەبێت.

لە مانگی ١٠ ی ساڵی ١٩٦٤، مامۆستا سوات یڵدرم، لە دیاربەکرەوە ڕەوانەی ئیدیرنە دەکرێت و وەک موفتی دەست بەکار دەبێت.

مامۆستا لەگەڵ سوات یڵدرم نێوانیان هەر زوو گەرموگوڕ دەبێت و لەگەڵ یەکتریدا بە جوانی ڕێک دەکەون.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات” لەو کاتەدا مامۆستا سوات یڵدرم وەک موفتی ئێدیرنە دەست بەکار بوو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیاواز واتای بابەتەکە نەکرێت، خانویەکی جیاوازمان بۆ ئەو بە کرێ گرت، منیش لە ماڵێکی تر دەمامەوە، بەڵام خانوەکەی هەردوکمان زۆر پەڕپوت بوو. ڕۆژێکیان سەرلەبەیانی زوو چوومە سەردانی مامۆستا و پێی وتم: ئەم ماڵە کێچی زۆری تێدایە، ئەمشەو هەر خەوم لێنەکەوت…

 منیش وتم با خانویەکی تر بدۆزینەوە کە دوو ژووری هەبێت لە یەکێکیاندا من دەمێنمەوە و لەوەی تریشیاندا تۆ بمێنەرەوە، هەربۆیە خانویەکی تازەمان دۆزیەوە. خانوەکە هی ژنێکی پیر بوو. بە هەمووی هەر دوو ژووری تێدا دەبوو. لە سوچێکدا شوێنێک وەک مەتبەخ بۆ کرابوو. ڕێک وەک هێلانەی بولبول وەهابوو، کاتێک هەردووکمان چووین، ژنەکە قیژاندی و وتی: پێیان وتم تەنیا یەک کەس لێرە دەمێنێتەوە، ئێوە دوو کەسن، هەرگیز ڕازی نابم. هەر ئەوەندە مابوو لێشمان بدات. یەکسەر دەستمان کرد بەوەی بۆ خانویەکی نوێ بگەڕێین. خانویەکی نوێمان دۆزیەوە، ساڵۆنێکی تێدابوو لە سەرەتادا و دوو ژووریش بە تەنیشیتی یەکەوە، پاشان لە ژێر پلیکانەکاندا شوێنێک بۆ مەتبەخ جیاکرابوویەوە. تەوالێتەکەشی لە قاتی دوو بوو، دەبوو لەگەڵ خاوەن ماڵەکەدا بە هاوبەشی بەکاریبهێنین. واتە هەر کەسێک بچووایەتە ناو تەوالێتەکەوە، لەلایەن هەموو ئەندامانی ماڵەوەکەوە دەبینرا. منیش لە یەکێک لە ژوورەکان نیشتەجێ بووم و مامۆستا سواتیش لە ژوورێکی تر، من لەو ماڵە پەرپوتە ڕزگارم بوو، مامۆستا سواتیش لە ماڵە کێچاویەکە…”

پرۆفیسۆر سوات یڵدرمیش بەم شێوەیە بەسەرهاتی ئەو ڕۆژگارە دەگێڕێتەوە:

” وەک برا گەورەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم کە هەرگیز دەست لە لایەنی هەستیاریم نەدات و ناڕەحەتم نەدەکردم و بە ڕاستگۆیی و شەفەقەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم. لەگەڵ ئەمەشدا، بە هۆی ئەوەی کە وەک موفتیەک دەست بەکار بوو بووم، سەرەڕای ئەوەی ٥ ساڵ بە تەمەن لەو بچوکتر بووم، بەڵام هەرگیز لە ڕێز گرتندا کەموکورتی پشان نەدەدا. لە تەواوی خزمەتەکاندا بە بێ ئەوەی هەلێک بە من بدات، لە پێشدا خۆی ڕایدەکرد. هەڵکردنی سۆباکە، چێشت لێنان، شۆردنی قاپوقاچاغ، پاککردنەوەی ماڵەوە، لە هەموویاندا هەر ئەو دەستپێشخەری دەکرد”.

مامۆستا کێشەی لە جەرگیدا هەبوو، بەم هۆیەوە توشی هەستیاری بوو بوو، نەیدەتوانی هەموو خواردنێک بخوات، هەمیشە باسی لەوە دەکرد کە بە شێوەیەکی زۆ توند خوران و ئاڵۆش لە لاشەیدا دروست بووە، کاتێک شتێکی توڕەی دەکرد و پێی ناڕەحەت دەبوو، خوارن و ئاڵۆش بۆ چەندین ڕۆژ هەراسانیان دەکرد و دەستیان لێهەڵنەدەگرت.

بەو هۆیەوە هێندە  بە توندی لاشەی خۆی دەخوراند، خوێن لە لاشەی دەهات و ناچار بە گۆڕینی جلەکانی دەبوو.  گەر بیر لە حاڵی سەرەتایی ئەو سەردەمە بکەینەوە، ناچار بوون بەوەی هەموو ڕۆژێک چەند جارێک جلەکانت بگۆڕی، شتێک نیە کەوا مرۆڤ بەرگەی بگرێت. بە تایبەت لە وەرزی زستاندا، شۆرینی جل دەردێکە بۆ خۆی، مامۆستاش لە بابەتی پاکوخاوێنیدا زۆر هەستیار بوو. هەندێک جار دوێنراوەکانی لەم حاڵەی ئەو تێنەدەگەشتن و زۆر بە ڕەقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، ئەمەش ئەوی زۆر ناڕەحەت دەکرد، بەڵام بۆ ئەوەی دڵی بەرامبەرەکانی نەشکێنێت، بێدەنگی هەڵدەبژارد، بێگومان ئەم بێدەنگیەش وای لێدەکرد کە چەندین ڕۆژی تر خورانی لاشەی زیاتر بێت، هەربۆیە هەندێک جار خۆیشی بە سوعبەتەوە دەیوت: دەی با ئەم شەویش لەبەر تۆ خۆم بخورێنم”.

گەرچی ئەمەی بە کەسانی تر نەدەوت، بەڵام بیرمە بە نیسبەت خۆیەوە دەیوت” لەبەر ئەوەی متمانەم بە نەفسی خۆم نەبوو، هەر لە سەرەتای گەنجێتیمەوە نزام کرد و وتم: خودایە بێ ئەوەی کەسانی چواردەروم ناڕەحەت بکەم، بارێکی سەختم بەسەردا بدە، کە نەهێڵێت بە ئاسودەیی دابنیشم. وا هەست دەکەم ئەم خوران و ئاڵۆشەی توشم بووە، هەر لەو بابەتەیە”.

بابەتی ئەوەی مامۆستا خاوەنی کەسایەتیەکی جیاواز بوو، لە هەموو ڕەفتارێکیدا خۆی بەدەردەخست. لە چوارچێوەی تەقوا و پارێزکاریدا، لە خواردن و خواردنەوەکانیدا، هەتا بڵێیت پاکوتەمیز و بەدیقەت و ڕێکوپێک بوو، وەک چۆن لە ماڵەکەشیدا بایەخی بە پاکوخاوێنی دەدا، لە جلو بەرگیشدا هەمان لایەنی ڕەچاو دەکرد. تەواوی کارەکانی ماڵ بە خۆی ئەنجامی دەدا. ئەم کارەشی بەو پەڕی خۆشەویستی و ڕاستگۆیانە ئەنجام دەدا. گەر دەستم بۆ کارێک درێژ بکردایە، یەکسەر ڕێگەی لێدەگرتم و بە خۆی ئەنجامی دەدا…”

بۆ ماوەی ٦ مانگ پێکەوە لە هەمان ماڵدا ژیانمان بەسەر برد. تەنانەت بۆ یەک جاریش هەڵسوکەوتێکم لێنەبینی کە لە ڕواڵەتدا زێدەڕۆیی پێوە دیار بێت. هەمیشە بە جەنابی موفتی بانگی دەکردم، ئەمە لە کاتێکدا بوو لە ڕووی تەمەن و زانستیشەوە لەو بچوکتر بووم. خودی خۆشم هیچ کاتێک لە حزوری ئەودا، ئەوەم بە خەیاڵدا نەدەهات کە موفتی بم. هەتا دێت ڕێزم بۆی زیاتر دەبوو، هەرگیز ڕێزم بۆی ڕووی لە کەمی نەدەکرد. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئەو هەمیشە هەر بە ڕێزی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم. ئەمەش هەڵسوکەوتێک بوو کە لە ڕەسەنایەتی خۆیەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەمە شتێک نەبوو، کە بە شێوەیە دەستکرد ئەنجامی بدات و زۆر لە خۆی بکات.

دۆستایەتیشی هەمیشە لە ڕادەیەکی دیاریکراودا دەهێشتەوە، زۆر بە باشی دەیزانی کە تا چی ڕادەیەک نزیکی لە کەسێکەوە هەبێت، دەتوانم بڵێم ئەو هاوسەنگیەی لەمڕۆدا لە هەڵسوکەتەکانیدا دەیبینین، لەو ڕۆژگارەشدا هەمان شێوە بوو. لەو سەردەمەشدا خاسیەتێکی هەبوو کە هەمیشە سەرنجی ڕادەکێشام. هەرگیز بە جلی خەوتنەوە لەگەڵ کەسدا قسەی نەدەکرد. لەو ماوەیەی لەگەڵیدا ژیام، هەرگیز بۆ تەنیا جارێکیش بە جلوبەرگی خەوتن و بیجامەوە چاوم پێینەکەوت. لەوە دەچێت ئەمە بە وردەکاریەکی بچوک ببینرێت، بەڵام ئەمە تایبەتمەندیەکە کە زۆر دەگمەنە لە هەموو مرۆڤێکدا چاوت پێی بکەوێت.

پێش ئەوەی بچێتە خزمەتی سەربازی تەواوی تاڵەکانی قژی ڕەش بوون، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی لە خزمەتی سەربازی، هەندێک تاڵی سپی تێکەوتبوو. هەمیشە دەیوت ئەو تاڵە سپیانە بە هۆی ئەو ناڕەحەتیانەی لە کاتی خزمەتی سەربازیدا توشی بووە، کەوتوونەتە قژیەوە. بە نمونەی ئەمە و چەندین بابەتی تریش، هەمیشە ئەوەیان دەردەخست کە مرۆڤێکی ئاسایی نیە. من ئەمەم لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا بینی کە پێکەوە ژیانمان بەسەر برد، هەمیشە بە شێوەیەکی ماقوڵانەتر لە تەمەنی خۆی ڕەفتاری دەکرد، هەرگیز وەک مامۆستایەکی ئاینی هاکەزایی مامەڵەی نەدەکرد.

پێم وەهایە ماوەی ٥ تا ٦ مانگ مانەوە لەگەڵ کەسێکدا لە یەک شوێندا، بەسە بۆ ئەوەی بیناسیت، ئەمەش بە نیسبەت من و مامۆستاوە ڕاستە، لەگەڵ تێپەڕینی هەموو ڕۆژێک و هەتا زیاتر بمناسیایە؛ ئیخلاس، ڕاستگۆیی، خەم خواردنی بۆ کەسانی تر و لێبوردەیی زیاتر تێدا دەردەکەوت. منیش بە خۆمم دەوت: بەڕاستی ئەمە کەسێکە کە دەتوانیت هەتا سەر هاوڕێیەتی لەگەڵدا بکەیت، چونکە هەر بە ڕاستیش هێندەی ئەوەی سەرنجی هەموو لایەک ڕابکێشێت، مرۆڤێکی خاوەن تەربیەت و  نەزاکەت بوو. لە هەموو حاڵێکیدا ئەوەی پشان دەدا کە لە خێزانەکەیەوە تەربیەتێکی باشی وەگرتووە، ژیانێکی داوێنپاکانە دەژیا. بایەخی بە ماڵی دونیا نەدەدا. نیوەی ئەو موچەیەی وەریدەگرت، بەسەر ئەو خوێندکارانەدا دابەش دەکرد کە خۆی پەروەردەی دەکردن. هەمیشە دیاری بۆ دەکرێن و هەوڵی دەدا دڵیان ڕابگرێت. تەواوی ئەمانەشی لەبەر خاتری الله ئەنجام دەدا.

زۆر جار چاوت بەو مرۆڤانە دەکەوێت کە گەورە دەردەکەون و کاتێک زیاتر لێیان نزیک دەبیتەوە و شارەزایان دەبیت، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە بەو ڕادەیەش گەورە نین و بەم شێوەیە زۆر کەس توشی نائومێدی دەکەن. بەڵام ئەم حاڵەتە لە زاتە گەورەکاندا بە پێچەوانەوە کاریگەری دادەنێت. هەتا زیاتر لییان نزیک ببیتەوە، گەورەیی ئەوانت زیاتر بۆ دەردەکەوێت. ئەو جێکەوتەی مامۆستاش لەلای من بەجێیهێشتووە، بەو شێوەیەیە. هەتا ئەو ماوەیەی لەگەلیدا بووم، ڕێز و متمانەم بەرامبەری زیادی دەکرد.

هەتا ئەو ماوەیەی لەوێ لەلای بووم و زۆر لە پێشتریش، تەکلیفی زۆر سەرنجڕاکێشی هاوسەرگیریان خستبوویە بەردەمی، لە خانەوادە زۆر دەوڵەمەند و ناسراوەکانی ئێدیرنەوە تەکلیف دەخرایە بەردەمی، بەڵام ئەو هیچ کام لەم تەکلیفانەی قبوڵ نەکرد.

پیشەی فەرمی مامۆستا ئەوە بوو، لە کۆرسێکی فێرکاری قورئانی کەریمدا مامۆستا بوو. بەڵام نەیدەتوانی لەو کۆرسەدا وەک پێویست کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، چونکە مامۆستایەکی تریشی لێبوو کە بە شێوەیەکی پاوانخوازانە مامەڵەی دەکرد. مامۆستاش حەزی بەوە نەدەکرد کە لەگەڵیدا کێشەی هەبێت. ئەو هەمیشە کاری بە پرەنسیپێک کردووە، کە هەر لە سەرەتاکانی ژیانیەوە بۆ خۆی دیاری کردبوو:

دروست کردنی کێشە لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی خزمەت بە دین و زانست و کاری چاکە دەکەن، شتێکی دروست نیە. گەر کەسێک بە کاری خزمەت هەڵدەستا، دروست نیە لەگەڵدا ڕکابەری ئەنجام بدەیت. تەنانەت گەر توانای کارێکی باشتریش لەو هەبێت، پێویستە ئەو بوارەی ئەو بەجێبهێڵیت و لە بوارێکی تردا خزمەتی خۆت بخەیتە گەڕ.

لە ڕاستیشدا ئەوانەی بە شێوەیەکی نا پێویست لەگەڵ یەکتریدا دەکەونە ناکۆکی و ڕکابەریەوە، ناتوانن پارێزگاری لە بزاڤی ئەرێنی خۆیان بکەن و، هەروەک چۆن سەرئەنجامی کارەکانیان بە چاکی کۆتایی نایەت، لە هەمان کاردا سەرکەوتنی خوداش بەسەر ئەو جۆرە کەسانەدا نابارێت. ئەوەی سەرکەوتنی ئیلاهی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، هەماهەنگی و سازانی نێوان کەسە ئیماندارەکانە. هەر بەم هۆیەشەوە وازی لە خزمەتی کۆرسی وتنەوەی وانەی قورئان هێنا و، مەیدانی بۆ مامۆستاکەی تر چۆڵ کرد و ڕووی لە کایەیەکی جیاوازی خزمەتی  کرد.

لە بەرامبەر ئەمەدا، بە هۆی ئەوەی مۆڵەتی وتاربێژی فەخری پێدرابوو، بە شێوەیەکی بەردەوام وتاری دەدا، هەروەها لە مزگەوتی “دارولحەدیس” کە هێشتا مەلای نوێژخوێنی بۆ دیاری نەکرابوو، هەموو ڕۆژێک ٥ فەرزەکەی ئەنجام دەدا.

 

“ڕۆژانێکی سەخت”

 

جەژنی ڕەمەزان نزیک بوو بوویەوە. مامۆستاش بە بۆنەی جەژنەوە، حەزی کرد بەوەی کارتی پیرۆزبایی لە چاپ بدات. لەو سەردەمەشدا کارتی پیرۆزبایی گرنگیەکی زۆری هەبوو. مامۆستاش حەزی کرد لەوەی کە ئەمە هەروا کارتێکی سادەی پیرۆزبایی نەبێت و لەگەڵ پیرۆزبایەکەشدا پەیامێک بۆ خۆی هەڵبگرێت و، بەم شێوەیە دڵنەوایی هاوڕێکانی بکات. هەربۆیە بڕیاری ئەوەیدا کە واتای یەکێک لە حەدیسە شەریفەکانی سەردارمانی تێدا بنوسێت و بەم هۆیەوە ڕیوایەتەکەی خەبابی تێدا نوسی کە دەفەرموێت:

پێغەمبەری خودا لە بنی دیواری کەعبەدا دانیشتبوو و بیری دەکردەوە، سەریشی داپۆشیبوو. منیش چوومە لایی و وتم: ئەی پێغەمبەری خودا بۆ نزا ناکەیت هەتا خودا یارمەتیمان بدات. سەرداریشمان لە بەرامبەر ئەم قسەیەی خەبابدا برۆکانی گرژ دەکات و دەفەرموێت:

بۆ ئێوە وا دەزانن کەوا ناسۆری دەچێژن؟ ئەوانەی پێش ئێوە تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕیان هێنابوو، فڕێ دەدرانە ناو خەندەقی ئاگرین و بە مشاری ئاسنین هەنجن هەنجن دەکران، دیسان کەسیشیان لە دینەکەیان وەرنەدەگەڕان. هەروەها بە ئاسنی بڕندە گۆشتیان لە ئێسقانیان جیا دەکرایەوە، بەڵام هێشتا وازیان لە باوەڕەکەیان نەدەهێنا. سوێندبێت؛ الله ئەم دینەی خۆی هەر سەر دەخات، بەڵام ئێوە پەلە پەل دەکەن”.(بخاری، مناقب الانصار).

ئەم حەدیسەی لەلایەکی کارتەکە و پیرۆزبایی و شوێنی ناونیشانەکەی دیاری کرد و لەلای چاپخانەیەک داینا. کاتێک مامۆستا لە کاتی دیاریکراودا دەچێتەوە بۆ وەرگرتنی کارتەکە، بە سەر سوڕمانەوە ئەوەی پێ ڕادەگەیەندرێت، کە کارتەکانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

چاپخانەکەش بە گوێرەی یاساکانی ئەو کاتە، کۆپیەکی کارتەکە لە چاپ دەدات و ڕەوانەی داواکاری گشتی دەکات. لەم نێوەندەدا لە بنکەی ئاسایش، کاتێک چاویان بە نوسراوی سەر کارتەکە دەکەوێت، قیامەت هەڵدەستێت.

شەو وردە وردە بەفر دەباری، لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی کرد، رەسول بەگ و جەماعەتەکەی بەدی دەکات، مامۆستا یەکسەر هەستی بەوە کرد کە دەستگیری دەکەن و، ئەو کتێبانەی لەو سەردەمەدا قەدەغە کرابوون، بە پەلە فڕێی دایە پشتی کتێبخانەکەیەوە.

مامۆستا دەرگایان لێدەکاتەوە و پۆلیسەکان هەموو لایەک دەپشکنن، بەڵام هیچ شتێکیان بۆ نادۆزرێتەوە، وتیان با سەیری ژوورەکەی تر بکەین، مامۆستاش دەڵێت” ئەوە ژووری جەنابی موفتیە، پەیوەندی بە منەوە نیە”، ئەوانیش لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک مرۆڤی بە ویژدان دەبن، مامۆستا لەگەڵ خۆیان دەبەن و پشکنین بۆ ژوورەکەی موفتی ناکەن.

رەسول بەگ یەکێک بوو لەو پۆلیسانەی کە مامۆستا پێش ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی دەیناسی، بەڵام کاتێک بەڕێوەبەری پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنی مامۆستا دەردەکات، بە پێویستی دەزانێت کەوا خۆی بە ئەنجامدانی ئەو کارە هەڵبستێت.

بەڕێوەبەری بنکەکە کەسێکی گەنج و هەڵەشە دەبێت، لە ڕێگەی خۆ گیڤ کردنەوەوە، هەوڵی شاردنەوەی بێ ئەزمونی خۆی دەدا. مامۆستا هەتا ئەو ساتە وای دەزانی لەسەر کارتی پیرۆزباییەکە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت کە بابەتەکە شتێکی ترە.

لە بنکەی پۆلیس ئەوەی بۆ ڕوون بوویەوە، کە ڕێکخەرانی کۆرسی قورئان خوێندنەکە، بە باشی پۆلیسەکانیان لێ پڕ کردووە.

بەڕێوەبەرەکە بە مامۆستا دەڵێت” سەیرکە فەتحوڵڵا، ئەمە دوا جارە کە ئاگادارت دەکەمەوە، تۆ نابێت خۆت بە خوێندکارەکانەوە خەریک بکەیت، بە پێچەوانەوە دیسان دەتهێنمەوە ئێرە و ئینجا تەنیا خۆم و الله دەزانێت کە چیت لێبەسەر دەهێنم.

مامۆستاش لە وەڵامی ئەم قسانەی بەرێوەبەرەکەدا دەڵێت:

لێرەدا دەسەڵاتت هەیە و دەتوانیت ئەم کارە بکەیت، بەڵام لە ژێر خاک یەکتر دەبینینەوە و لەوێ حسابێک دەکەین”.

 

پاشان ئەفسەری بەرپرسی بنکەکە دەستی کرد بە لێپرسینەوە و پرسیاری کارتی پیرۆزباییەکەی لێدەکات. ئەفسەرەکە کارتەکەی بە خیانەتی نیشتیمانی ناو دەبرد. پاشان لێپرسینەوەی ئەوەی لەگەڵدا دەکرد کە بۆچی نوێژخوێنانی مزگەوتەکە، لە شەوی قەدردا لە مزگەوت گریاون و هەموویان بە گەرمی باوەشیان بە یەکدا کردووە. ئەفسەرەکە دەپرسێت کەوا بۆچی نێوانیان هێندە گەرموگوڕە و ئەمەی بە کارێکی ناسروشتی وەسف دەکات.

هەر بە ڕاستیش ئەو ڕۆژانەی مامۆستا لەسەر ئەم بابەتانە لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجام دەدرا، ڕۆژانێکی سەخت و دژوار بوون.

هەروەک سەرداریشمان لە یەکێک لە فەرمودە شیرینەکانیدا دەفەرموێت:

“هەموو کەس بە گوێرەی ئاستی ژیانی دینی خۆی توشی بەڵا و موسیبەت دەبێت، هەتا خاوەنی دینێکی بەهێزتر ببن، توشی بەڵا و موسیبەتی زیاتر دەبن، هەرکەسێکیش دینێکی لاوازی هەبێت، بە ڕادەی ئەو لاوازیە توشی بەڵا و موسیبەت دەبێت”.

 

مامۆستا سەبارەت بەو ڕۆژگارە، بەم شێوەیە باسی بەسەرهاتەکانی ژیانی دەکات:

چەند دادوەر و داواکارێکی گشتی دەستیان کرد بەوەی سەردانی مزگەوتی “دارولحەدیس” بکەن، داواکاری گشتی خەڵکی ئێرزینجان بوو، ناوی سەلجوق بوو، لە پاش نوێژی هەینی پێیان وتم: کاک سەلجوق چاوەڕێی ئێوە دەکات.

لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەوەم کرد کە قسەی نەشیاو دەکات، نەچوومە دەرەوە و لەناو مزگەوتەکە مامەوە. وەک ئەوە وەهابوو کە هەست بە قسەکانی بکەم. پۆلیسێکی نارد و بانگهێشتی دادگای کردم. بە شێوەیەکی دوور و درێژ قسەمان کرد. پاشان پێی وتم:” تۆ دوژمنێکی تۆقێنەری سیستەمی وڵاتیت. گەرچی بە ئاشکرا ئاماژە بە ناوی کەسەکان ناکەیت، بەڵام بە ئاشکرا ئەمە لە قسەکانتەوە بەدی دەکرێت. هەمیشە پەسنی ڕابردوو دەکەیت و ئێستا بە خراپە باس دەکەیت. گەرچی توانستێکی باشی قسەکردن لە تۆدا هەیە، ئەوەی کەسانی تر لە کاغەزدا دەیخوێننەوە و دەیڵێن، تۆ بە شێوەیەکی سەرپێی(ارتجالی) دەیڵێیت. لە ڕاستیدا دەتوانیت ئەم توانستەت بە شێوەیەکی ئەرێن بەکار بهێنیت بەڵام…”

 

“سەیری بەردەمی خۆتان بکەن”

 

مامۆستا وەک پێش ئەو کاتەی کە چوویە خزمەتی سەربازی، لەسەر تەکلیفی حوسەین ئەفەندی، ڕۆژانی سێشەممە وتاری بۆ ئافرەتان دەدا. پێش ئەوەی بچێتە ناو ئافرەتانەوە، لە پێش هەفتەیەکدا ڕیشی دەهێشتەوە و بەو شێوەیە دەچووە وتاردان. یەک دوو جاریش گوێم لێبوو کە بە ژنانی دەوت” کاتێک وتار دەدەم سەیری بەردەمی خۆتان بکەن. سەیری دەموچاوم مەکەن”.

گەرچی ئەم قسەیەی مامۆستا، لە ڕووی دینەوە خاڵێکە کەوا لە بەرژەوەندی خۆی بێت، بەڵام داواکاری گشتی ئەمەش دەکات بە خاڵێک لە دژی مامۆستا.

مامۆستا هەتا ئەو ساتەی ئەم قسانەی لە دەمی داواکاری گشتیەوە بیستەوە، لەو باوەڕەدا نەبوو کە ژنانێکیش هەن، لە بەرژەوەندی دەزگا هەواڵگریەکان کار بکەن.

لە میانەی لێپرسینەوەکەی داواکاری گشتیدا، مامۆستا بەوەی زانی کە هەندێک لەو ژنانەی هاتوچۆی وتارەکانی ڕۆژی سێشەممە دەکەن، لەبەرژەوەندی دەزگای هەواڵگری کاریان کردووە.

دادوەر دەستی بەسەر کارتەکانی پیرۆزبای کردندا گرت و پاش ئەوەی قسەکانی مامۆستای بە هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوە لە قەڵەمدا، ئازادی کرد.

مامۆستا سەبارەت بە بەسەرهاتێکی تری دادگاییکردنی دەڵێت:

لەسەر داوای کاک سوات، لە مزگەوتی ئێسکی وتارێکم پێشکەش کرد. سەرەتا مامۆستا مزگەوتەکە وتارێکی پێشکەش کرد و قسەکانی منیش شتێکی وەهای تێدا نەبوو کە کەسێک زویر بکات. هەندێک قسەم لەسەر مەشروب خواردنەوە ئەنجامدا و وتم” ئێستا لە بن دیواری مزگەوتەکان مەشروب دەخورێتەوە. گەر کەسێک بەم گەنجانە نەڵێت بوەستن و بە گوێرەی ئادابی ئیسلام پەروەردە نەکرێن، بەمزوانە لە کەلە سەری باوکیشیاندا مەشروب دەخۆنەوە. ئەی ئەو کەسەی خەریکی کاری دادگایت، گەر لە کارەکانتدا کەسێکی دادپەروەر بیت، ئەوا ساڵێکی تەمەنت بە چەندین ساڵ عیبادەت ئەژمار دەکرێت. ئەی برای مامۆستا، ئەو نەوانەی کە داهاتووی ئەم میلەتە وەک ئاڵا دەشەکێننەوە، لە دەستی تۆدان، بە باشی پێیان بگەیەنە…

ئێستا لەم قسانەدا چی کێشەیەک هەیە؟ سەرەتا باسی ڕووداوێک دەکەم و، پاشان بێ ئەوەی ناوی کەس ببەم، ئەم قسانەم کردووە. بەڵام وەرە و ببینە، تەواوی ئەم قسانە لە دادگا ڕووبەڕووم کرایەوە.

پرسیاری بێ واتای وەک ” کێ لە کەلە سەری باوکیدا شەرابی خواردۆتەوە” لێدەکردم. پاشان ئاماژە کردنم بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا(مامۆستایان، دادوەران)، بە دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا وەسف دەکرد. لێیان دەپرسیم کە بۆچی بە جیا جیا ناوی “مامۆستا، دادوەر، کاسپ، بازرگان”م هێناوە! وای خودایە، چی لەمانە دەکەیت، ئێ هەموو کەس لەمڕۆدا بەو شێوەیە قسە دەکات…

قسەکانی مامۆستا ئەکرەمیشیان بەسەر مندا ساغ کردەوە، بەڕاستی ئەو بە توندی قسەی کرد.

ئەوانەی ئەو ڕۆژە هاتبوون بۆ مزگەوت، بە قسەکانی مامۆستا نیگەران بوو بوون. بە بۆنەی ئەم ڕووداوەشەوە ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە لە نێوان ئەوانەی هەموو ڕۆژێک دێنە مزگەوت و ئەوانەی تەنیا لە نوێژی جەژندا ئامادە دەبن، جیاوازیەکی زۆر لە تێگەشتن و هەڵسەنگاندیان بۆ قسەکان هەیە…

 تەنانەت کەسانێک کەوا هەرگیز چاوەڕێی ئەو شتانەم لێنەدەکردن، لە قسەکانی ئەو ڕۆژەمان نەگەشتبوون و زویر بوو بوون. تەنانەت یەکێکیان وتبووی” بە شێوەیەکی بریندار دەگەڕیینەوە بۆ ماڵەوە”… نزیکەی ١٥ کەس لە ئامادەبووان هاتنە دادگا و شایەتیان دەدا، هەندێکیشیان دەهاتن و لە بەرژەوەندی ئێمە قسەیان دەکرد، پاشان دواتر بۆم دەرکەوت کە هەندێک لەوانەی لە بەرژەوەندی ئێمەش قسەیان کرد، بە شاراوەیی سەر بە دەزگای هەواڵگری بوون. لە دادگا لە بەرژەوەندی ئێمە قسەی دەکرد، بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت کە هەر خۆی یەکێکە لەوانەی لە دژی ئێمە ڕاپۆرتی نوسیوە…

یەکێک لەوانەی لە بەرژەوەندی ئێمە قسەیان کرد، ناوی ریفات بوو. ئەم پیاوە سەرەتا ژیانێکی زۆر خراپی دەبێت و پاشان دەگەڕێتەوە ناو ئیسلام و لەناو خەڵکی ئێدیرنەدا خاوەنی شانوشکۆیەکی تایبەت و ناوبانگ دەبێت. کاتێک لە دادگا لە بەرژەوەندی ئێمە قسەی کرد، کاریگەریەکی گەورەی لەسەر ئەندامانی دادگا دانا.

هێندەی بیرم مابێت ئەو ڕۆژە وتی” دادوەرە بەڕێزەکان، ئێوە دەزانن کە ڕابردووی من چۆن بووە. کاتێک لەناو قەڵادا هاوار و نەڕەم دەکرد، هەموو کەسێک لە شوێنی خۆیان دەتۆقان. ئەو کاتە فەرمانبەری میری بووم، ئێستاش وەک دەبینن بەم شێوەیەم، ئەم وەرچەرخانەی لە مندا دەیبینن، لە سایەی ئەم برادەرانەوەیە. من هاتوچۆی ئەوانم کرد و بەو هۆیەوە خۆم دۆزیەوە. لە هەموو خووە خراپەکانم ڕزگارم بوو”…

کاک ڕفات یەکێک بوو لەوانەی لە ڕابردوودا لەگەڵ دادوەر و داواکارە گشتیەکان تێکەڵی خوارند و خواردنەوەی هەبوو بوو، دوای ئەوەی دەست دەکات بە سەردانی مزگەوت، خودا هیدایەتی دەدات بۆ سەر ڕێگای ڕاست و بەو هۆیەوە خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم وەرچەرخانە لەناکاوەی لە کاک ڕفاتدا بەدی دەکرا، سەرنجی هەموو خەڵکی ئیدیرنەی ڕاکێشابوو. بێگومان قسەکانی ئەو لەو کاتەدا، بۆ ئەو سەردەمەی ئێمە گرنگی زۆری هەبوو. پاشان کاریگەری ئەم قسانەی ئەویشمان زیاتر بۆ دەرکەوت.

بەڵام ئەندامانی دادگا، زیاتر حسابیان بۆ قسەی ئەوانە دەکرد کە لە دژی ئێمە شایەتیان دەدا، ئەندامانی دادگا، زۆر بە ڕەق و توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردین.

بەڕێوەبەری خوێندنگەیەکی هونەرە جوانەکانیش لە دژی ئێمە شایەتی دەدا، گوایە من وتوومە پێویستە پەلاماری شوراکان بدرێت و واو وایان لێبکرێت. منیش ئەم قسانەم زیاتر بە مەبەستی پاراستنی ئاسودەیی و ئارامی کردبوو. مۆڵەتم لە دەستەی دادگا وەرگرت و وتم” لەم کەسە بپرسن کە ئەم قسانەشم کردووە یاخود نا”. لە وەڵامدا وتی” بڵندگۆکە هەندێک جار دەنگی دەدایەوە و بە باشی گوێم لەم قسانەی نەبووە”.

منیش وتم” بۆ دەبێت بڵندگۆکە هەر لە کاتی ئەو قسانەی لە دژی منن کار بکات و لە کاتەکانی تردا کار نەکات؟!”، بەڕاستی پێویست ناکات گوێ لە قسەی کەسێک بگرن، کە هێندە هاودژ لە قسەکانیدا بوونی هەبێت.

یەکێک لە پارێزەرانی وەزارەتی داراییش لە دادگا ئامادە بوون، هەندێک جار لە کاتی تەراویحدا لە دوای منەوە نوێژی دەکرد، جارێکیشیان بانگهێشتی کردم و پێکەوە بەربانگمان کردەوە. ئەویش هاتبووە دادگا و لە دژی من قسەی دەکرد. دادوەر لێی پرسی ئەمە دەناسی؟

لە وەڵامدا وتی : نایناسم.

پاشان وتی” کاتێک چوومە مزگەوت، کەشوهەوایەکی سەرکەشیکەرانە بەسەریدا زاڵ بوو، لایەکی مێزەرەکەی شۆڕ کردبوویەوە و ئەوەی بە دەمیدا دەهات دەیوت”.

منیش پێداگریم کرد لەوەی مۆڵەتی قسەکردنم پێبدەن و دواجار مۆڵەتیان پێدام.

“دەمەوێت هەندێک قسە سەبارەت بە قسەکانی جەنابی پارێزەر بکەم. بە گوێرەی ئەم قسانەم، هەڵسەنگاندن بۆ قسەکانی بکەن. ئەم شەخسە چەندین ساڵە لە دوای منەوە نوێژی تەراویح  دەکات. سەدان کەسیش شایەتی ئەمە دەدەن. هەروەها چەندین جار لەگەڵ سالم ئاریجی، منی بانگهێشتی بەربانگ کردووە. هەروەها هێندەی لە ئەژمار نەیەت، پێکەوە دانیشتووین و چامان خواردۆتەوە. ئێستا کەسێک کەوا دەیان جار لەگەڵ کەسێکدا دانیشتبێت و پێکەوە نانی خواردبێت و چای خواردبێتەوە، گەر بڵێت ئەو کەسە ناناسم، ئیدی هێندەی ئەمە دەتوانیت پشت بە قسەکانی تریشی ببەستیت”…

کاتێک ئەمانەم وت، کابرا شڵەژاو وتی”دەیناسم”، پاشان دەستی بە کڵاوەکەیەوە گرت و ڕۆشتە دەرەوەی دادگا. تەواوی ئەم شتانە بە ناوی ئێمەوە سەرکەوتن بوو. دادگاییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامی هەبوو. داوای ١٠ ساڵ زیندانیم بۆ کرابوو. پاشان مۆڵەتی وتاردانیان لێسەندمەوە. تەواوی ئەم شتانەش لە ژێر سەری فەرید قوبادەوە دەرچوو بوو…

فەرید قوباد لەو کاتەدا پارێزگاری ئێدیرنە بوو، پاشان لە کودەتاکەی ١٢ ی ئازاردا کرا بە وەزیری ناوخۆ، زۆر ڕقی لە مامۆستا بوو. هەمیشە وەک ئەوەی بڕشێتەوە، ڕق و نەفرەتی خۆی بەرامبەر مامۆستا دەردەبڕی. جارێکیان هەموو مەلاکان و کارمەندانی کاروباری ئاینی کۆ دەکاتەوە و، سەیری ناوچاوی مامۆستا دەکات و بە شێوەیەک کەوا هەموو لایەک تێبگات دەڵێت” لەناو ئێوەدا هەندێک خائینی سوک هەیە، دەبێت لەناویان ببەن”…

ئەم پیاوە یەخەی مامۆستای بەر نەدەدا، پاشان مامۆستا سوات یڵدرم، دوای ئەوەی ماوەی ٦ مانگ لە ئیدیرنە مایەوە، بە ناچاری چووە خزمەتی سەربازی. مامۆستا هێندە بەرامبەری بە وەفا بوو، بەوە وازی نەهێنا کە تەنیا لە دەروازەی دەرەوەی ئێدیرنە ماڵئاوایی لێبکات، بەڵکو هەتا شارۆچکەی توزلا لەگەڵیدا ڕۆشت، کە دەبوو خزمەتی سەربازیەکەی لەوێ ئەنجام بدات. دوای ئەوەی ماوەیەک لەوێش لەگەڵیدا مایەوە، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئێدیرنە. بەڵام ئەو ئێدیرنەیەی کە بە “ئەو شوێنەی کە هەڕەتی گەنجێتیم تێدا بردە سەر” وەسفی دەکات، چیدی تامی ژیانی تێدا نەمابوو.

فەرید قوباد زۆر زوڵمی دەکرد، وەک کەسێکی چەپڕەو، ئەوەی مامۆستای لە چاوی ئەودا کردبوو بە کەسێکی خائین، تەنیا ئەوە بوو کە مامۆستایەکی چالاک بوو. ئەو کەسە خۆبەخشانەی بە شێوەیەکی چالاک خزمەت دەکەن، هەمیشە توشی ناحەزانی زۆر دەبن. ئەوانەی بە هەستی دوژمنانەوە، ڕق و کینەیان دەردەبڕن، دەتوانین ئەمە بۆ هەستی دوژمنایەتیان بگەڕێنینەوە، بەڵام چی بە بێ وەفایی و ناحەزی کردنی  دۆستانی نزیکت دەڵێیت. تەنیا یەک وشەش نیە کە بتوانێت وەسفی ئەم حاڵە بکات.

کۆتاییەکانی ژیانی فەرید قوبادیش زۆر بە پەرێشانی کۆتایی هات.

لە کاتی دەسەڵاتدا هەرچی کەسێک وەک خۆی بیری نەکردایەتەوە، پەرێشانی دەکرد و دەیخستە ژێر چاودێریەوە. کۆتایی ژیانی ئەم پیاوە، وەک خودی ژیانی پڕ پەند و وانە بوو. پاش ئەوەی ماوەیەک مۆڵەتی کارنەکردن وەردەگرێت، مامۆستاش ئەمە بە هەل دەزانێت و لە ئێدیرنە جیا دەبێتەوە.

مامۆستا خوازیاری ئەوە بوو کە لە ئیدیرنە جیا ببێتەوە و لە شوێنێکی تر دەست بەکار ببێت. چونکە ئێدیرنە بۆ ئەو وەک کابوسی لێهاتبوو، ئاسایش چەندین جار ئاگاداریان کردبوویەوە کە نابێت وانە بە کەس بڵێت. هەروەها پارێزگاریش مۆڵەتی وتاردانی لێسەندبوویەوە و نەیدەتوانی وتار پێشکەش بکات. هەر خۆیشی بە تەنیا، دەبوو لەگەڵ تەواوی ئەمانەدا ڕووبەڕوو ببێتەوە.

ڕۆشتە ئەنقەرە و چاوی بە مامۆستا یەشار کەوت، لەو کاتەدا مامۆستا یەشار لە ئیزمیر دەست بەکار بوو، مامۆستا باسی حاڵی خۆی بۆ کرد. هەروەها لەو کاتەدا کەسێک بە ناوی یەشار  گۆکتەن، بەرپرسی کاروباری تایبەتی ئاینی بوو. باسی حاڵی مامۆستایان بۆ کرد. ئەو کەسەش سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستە مامۆستا لە ئێدیرنە بمێنێتەوە. بەڵام مامۆستا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە کرککەلە دەست بەکار ببێت.

هەربۆیە دوو نوسراویان ئامادە کرد، یەکێکیان ئاماژەی بەوە دەدا کە لە ئێدیرنە جیابۆتەوە و یەکێکی تریشیان ئاماژەی بە کارە نوێکەی دەکرد. مامۆستا کاتێک بەم دوو نوسراوەوە گەڕایەوە ئیدیرنە، فەرید قوباد لە ئێدیرنە نەمابوو.

لە جیاتی فەرید قوباد، جێگرەکەی بە ناوی نائیل مەمیک دەست بەکار بوو بوو. پیاوێکی نەرمونیان و لەسەرخۆ، نوێژی هەینیشی ئەنجام دەدا. بەڵام بۆ ئەوەی خۆی لە هەموو جۆرە بەڵایەک بە دوور بگرێت، کاتێک بینی مامۆستا دەڕوات، یەکسەر واژۆی لەسەر نوسراوەکە کرد. بەڵام کاری قەدەر وەهابوو کە خۆیشی پاش ماوەیەک لە هەمان شوێنی مامۆستا، واتە لە کرککەلە، دەست بەکار بکات…

55 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە