بیروڕا

با دووعا بۆ مامۆستا فەتحوڵا گولەن بکەین

بەخامەی: جەمیل تۆکپنار

 

هەواڵی کۆچی دوایی دایکی خۆشەویستم لە کاتێکدا پێگەیشت کە لە سەرقاڵترین کاتەکانی ژیانمدا بووم. خۆم لە خۆم بە هۆی ماندوویی و بێخەوییەوە هەتا بەیانی نەدەنووستم و بیرم لەوە دەکردەوە کە بەرنامەکانی ڕۆژی دواترم چۆن دابنێم، لەو کاتەدا لە ڕێگەی تەلەفۆنێکەوە هەواڵی کۆچی دوایی دایکمم پێگەیشت. لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە هەواڵەکەم بڵاوکردەوە. لە سەرانسەری جیهانەوە هەزاران کەس هاوخەمی خۆیان بۆ دەربڕیم و بە دڵدانەوە و نزاکانیان پشتیوانیان کردم. سوپاسی بێپایان بۆ ئەو خودایەی کە هەر لە سەرەتاوە سەکینەت و ئارامی پێ بەخشیم.

بە بێ ئەوەی بەرنامەکەم هەڵبوەشێنمەوە و دوای تەواوکردنی بەرنامەکە بە مەبەستی گەڕانەوە بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوتم، بەڵام لەو کاتەدا زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا. ئەو کەسەی بە دەنگ و ڕەنگ تەلەفۆنی دەکرد کەسێک زۆر گەورە و بەبەها بوو کە ئەویش مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) بوو. خەمخۆری ئەم سەدەیە، لە نێو ئەو هەموو نەخۆشی و هەواڵی ناخۆش و دەرد و ناسۆرەدا غەمی بۆ کۆچی دوایی دایکە ئەم بەندە هەژارە دەخوارد. لە دوای سەلامکردن پرسە و سەرەخۆشی لێکردم و دڵی دامەوە.

لە لایەک زۆر خۆشحاڵ بووم بە هۆی وەفاداری و بەسەرکردنەوەکەیەوە، و لە لایەکی دیکەوە زۆر غەمبارم بووم کە بارودۆخی نەخۆشی ئەوم لەسەر شاشەی تەلەفۆنەکە بینی. لە بنەڕەتدا ئەو غەمبارییەم نوێ نەبوو. نزیکەی پانزە ساڵە هەواڵی نەخۆشی ئەو دەبیستم و غەمبار دەبم و دووعای بۆ دەکەم. بەڵام لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی کۆتاییدا بە هۆی کاریگەری ئەو هەموو ئازار و ناڕەحەتییانەی دەیچێژێت نەخۆشییەکانی خۆی زیاتر خراپتر بوون و چەند کێشەیەکی تەندرووستی نوێی دیکەشی بۆ درووست بووە. ئەوە شتێکی ئاسایی بوو چونکە ئازار و ناڕەحەتی سیستەمی بەرگری لەش تووشی ئیفلیجی دەکات. پرسیارم لەو کەسانە کردووە کە سەردانیان کردووە و پێیان وتم کە ئەو زۆر نەخۆشە.

لە ڕاستیدا چڕی ئەو پەرستش و کارانەی ڕۆژانە ئەو ئەنجامییان دەدات، ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەی بە هۆی ئازار و ناڕەحەتی خەڵکییەوە دەیچێژێت، و ئەو نەخۆشییانەی ئەوە هەیەتی ناکرێت جەستەی هیچ مرۆڤێک بەرگەی بگرێت. لەو ڕوانەگەیەوە لەگەڵ ئەوەی ئەو لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدایە و مانەوەی هەتا ئێستا لە نێوماندا لوتف و بەخشندەییەکی خودایە بۆ ئێمە. بەڵام ڕۆحی ئێمە خوازیاری ئەوەیە کە بە تەندرووستییەکی باشترەوە بۆ ماوەیەکی درێژ بە هیمەت و خزمەتەکانییەوە لە سەرمانەوە بمێنێتەوە.

باشە، دەتوانین چی بکەین؟ لە کاتێکدا ئەو هاوڕێیانەی لە چواردەورین و پزیشکەکانیش هەموو هۆکارەکان دەگرنە بەر بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن، ئایا ئەو خۆشەویستانەی ئەو کە بە هەر چواردەوری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە ناتوانن هیچ کارێت بکەن؟

دەتوانین زۆر کار ئەنجام بدەین. ئێمە کە ئەومان خۆش دەوێت و سوودمان لەو وەرگرتووە و بە هۆی ئەوەوە توانیومانە خزمەتێک بکەین، دەتوانین لە نێو هەموو دووعا و پاڕانەوەکانماندا، بە تاک و بە گشتی، لە هەموو دەرفەتێکدا بەردەوام دووعای بۆ بکەین و داوای تەندرووستییەکانی باشی لە خودای گەورە بۆ بکەین. دەتوانین لە چەندین بواری جیاوازدا دووعا بۆ ئەو بکەین، بەڵام ئەمڕۆ لێرەدا دەمەوێت بە تایبەت لەسەر ئەو دووعایانە ڕابوەستم کە بۆ تەندرووستی ئەو دەکرێن.

سەرەتا پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەر بێت) و دواتر میراتگرانیان لە زانایان و پیاوچاکان و بە تایبەت موجەدیدەکان لە ژیانیاندا لە پاڵ ئەو بەڵا و تاقیکردنەوانەی بەسەریندا دەهات ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی بوونەتەوە. چەندین جار گوێم لە مامۆستا موستەفا سونگور بووە کە دەیوت: مامۆستا سەعید نورسی وتوویەتی “من تووشی ١٠ نەخۆشی بووم. ئەگەر یەک دانە لەوانە تووشی ئێوە ببوایە، نەتاندەتوانی بە پێوە خۆتان ڕابگرن”.

مامۆستا سەعیدی نورسی لە چەند شوێنێکی پەیامەکانی نووردا، بە مەبەستی دەربڕێنی سکاڵا نا، بەڵکو بە مەبەستی بەیانکردنی ناڕەحەتییەکانی و داواکردنی دووعا باسی لە نەخۆشییەکانی کردووە، و کاتێک ڕووخساری گەشی منداڵانی دەبینی دەیوت “ئێوە لەبەر ئەوەی بێتاوانن دووعاکانتان گیرا دەبێت. من زۆر نەخۆشم دووعام بۆ بکەن”.

تەلەبەکانی پەیامەکانی نوور لە کاتی هەموو قورئان خوێندنێک و چەوشەن خوێندنێک و هەر دووعا و پاڕانەوەیەکی دیکەدا دووعایان بۆ تەندرووستی مامۆستا سەعید کردووە. تەنانەت دایکانێکمان هەبووە کە لە دووعا و پاڕانەوەکانیاندا دەیانوت ‘ئەو نەخۆشی و ئازارانەی تۆ بێت بۆ من’، و چەند کەڵە پیاوێکی وەک حافز عەلی هەبوون کە دەیانوت ‘خودایە، ئەگەر ژیانی مامۆستا سەعید تەواو بووە، لە بری ئەو گیانی من دەربهێنە و تەمەنی بخەرە سەر تەمەنی ئەو’.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا چەندین کەسی گەورە دووعا بۆ تەمەندرێژی و تەندرووستی خواجە ئەفەندی دەکەن کە لەم سەر زەمینەدا خزمەت بە بانگەوازی قورئان و ئیمان دەکات. بەڵام پێویستە ئەو هەوڵانەمان زیاتر و چڕتر بکەینەوە و بە کۆمەڵ و بە تایبەت لە ڕێگەی منداڵەکانمانەوە دووعای بۆ بکەین.

چۆن دەتوانین دووعا بکەین؟

دەمەوێت شێوازی دووعا کردنی خۆمتان بۆ باس بکەم بۆ ئەوەی ببێتە نمونەیە بۆتان و ڕەنگە سوودی هەبێت بۆتان. ئەگەر برایانی دیکەشمان لەو بارەیەوە بیروڕای خۆیان بخەڕوو ئینشاالله دەیخەمە خزمەت خوێنەرانی خۆشەویستمان.

من لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ جار دووعا بۆ خواجە ئەفەندی دەکەم. لە تەسبیحاتی درێژی نوێژەکاندا ناوی دەهێنم و دووعای بۆ دەکەم. وە لە بەشی دووعاکانی دوای نوێژە فەرزەکان بەردەوام دووعای بۆ دەکەم لە سێ بەشی جیاوازدا. لە بەشی یەکەمدا ئەو کاتانەی دووعای گشتی دەکەم، لە بەشی دووەمدا لەو کاتەی دووعا بۆ چاکبوونی ئەم بارودۆخە سەختەی بەسەرماندا هاتووە دەکەم، لە بەشی سێیەمیشدا لەو کاتەی بە تایبەت دووعا بۆ نەخۆشەکانمان دەکەم و لەم بەشەدا بە تایبەت ناوی خواجە ئەفەندی دەهێنم. دەپاڕێمەوە و دەڵێم: “ئەی پەروەردگار، شیفای بدە و تەندرووستییەکی باشی پێ ببەخشە، هێز و توانا و وزەی پێ ببەخشە، لە تەندووستی ئێمە بۆ تەندرووستی ئەو، و لە تەمەنی ئێمە بۆ تەمەنی ئەو زیاد بکە”.

جگە لەوانە لە کاتی خوێندنی قورئان و جەوشەن و دووعا و پاڕانەوەکانی دیکەدا، بە تایبەتی ناوی دەهێنم و دووعای تەندرووستییەکانی باشی بۆ دەکەم. جگە لەوانە هەر کات دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت دەپاڕێمەوە و دەڵێم: “ئەی پەروەردگارم دڵی مامۆستاکەمان خۆش بکە. خودایە بیخەرە پێکەنین تا ئەوەی لەگەڵ پێکەنینی ئەودا گوڵەکان بکرێنەوە. خودایە وەک ئەوەی بە تەواوی هەڵگری ناوەکەی خۆیەتی و دڵەکانی فەتح کردووە، وەک نازناوەکەشی بیخەیتە پێکەنین و دڵی خۆش بکەیت” (گولەن، واتە کەسێک کە پێدەکەنێت)

تکایەک لەو خوشک و برایانە دەکەم کە ئەم نووسینە دەخوێننەوە. تکایە ئێوەش بەو جۆرانەی کە پێم وتن یاخود بە هەر شێوەیەکی تر کە خۆتان دەیزانن دووعا بکەن. بە تایبەت لەم مانگە پیرۆزەدا کە دووعاکان تێیدا گیرا دەبێت، لەو کاتانەی بە ڕۆژووین، لەو کاتانەی ڕۆژوو دەشکێنین، لە دوای نوێژە فەرزەکان و لە دوای نوێژە تەراویحەکان، بە تاک یان بە کۆمەڵ با دووعا بکەین.

http://www.tr724.com/hocaefendi-icin-dua-edelim/

 

83 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە