بیروڕا

ناسۆر و تەنگوچەڵەمە

بەخامەی مێهمێت عەلی شەنگول

 

ژیانێکی بێ ناسۆر و ناڕەحەتی و تەنگوچەڵەمە؛ بە ڕای هەرە زۆرینەی دووربوونە لە ڕۆحی چالاکی، عەشق و شەوق، وەفا و ڕاستگۆیی. هەر ئەو ناسۆر و ناڕەحەتییەیە کە وا لە تۆوێکی ژێر خاک دەکات بەرد و خاکی ڕەق شق بکات و ببێتە درەختێکی میوەدار… هەر ئەو ناسۆر ناڕەحەتییانەیە کە وا لە دایکێک دەکات بەرگەی ژانی منداڵبوون بگرێت و لە ئەنجامدا جگەرگۆشەکەی لەئامێز بگرێت…

هەر ئەو ناسۆر و ناڕەحەتییانەن کە وا لە زانایان و داهێنەران دەکەن؛ بە وەرگرتنی بەدیهێنراوێکی خودای گەورە وەک مۆدێلێکی نمونەیی، لە ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوونێکی بێوێنەدا دەتوانن فڕۆکە و شەمەندەفەر و ئوتومبێل بەرهەم بهێنن کە ڕێگەکانمان بۆ نزیک دەکەنەوە…

ناسۆر و ناڕەحەتییە کە وا لە بەندە وەلییەکانی خودای گەورە دەکەن شەوەکانی وەک ڕۆژ لێ بکەن  و بە فرمێسکی چاوەکانیان دڵە تینووەکانی مرۆڤەکان بژییەننەوە و وەک درەختێکی میوەدارێکی لێ بکەن، ژیانی ئاخیرەتیان بەسەر ژیانی دونیایاندا هەڵبژاردووە و وەک ئەوەی بە چاوی خۆیان بینیبێتیان داوای بەهەشتی فیردەوس دەکەن…

ناسۆر و ناڕەحەتییە کە وا لە ئەهلی دڵ دەکات لە نێو هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و مەترسییەکانی بەرپرسیارێتییدا بتلێنەوە؛ هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ ڕزگارکردنی ئیمانی ئەو کەسانەی لە ئیمان مەحروم بوون و لە نێو کوفر و گومڕاییدا نغرۆ بوون و بوونەتە دیلی نەفس و شەیتان بۆ ئەوەی لە ئاگری دۆزەخ ڕزگاریان بکەن.

وە لە پێناو پڕکردنی مێشکی نەوەکانی داهاتوو بە زانست و دڵیان بە ئیمان و ئەخلاق و فەزیلەت ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەهێڵن، واز لە ماڵ و منداڵی خۆیان دەهێنن و بە مەبەستی گەیاندنی حەقیقەتەکان بە ڕۆحی ئەو مرۆڤانەی پێویستیان پێیەتی، بە فیداکارییەکی بێوێنەوە دەڕۆن بۆ ئەو شوێنانەی نایزانن و نایانناسن و تەنها دەڵێن “خودایە! تەنها لە پێناو ناساندنی تۆ و خۆشەویستکردنی تۆ لە لای خەڵکی دەڕۆم”…

قارەمانەکانی ناسۆر و ناڕەحەتییەکان؛ سەرەڕای ئەوەی بڕوانامەی باڵای وەک ماستەر و دکتۆرایان بەدەستهێناوە لە زانکۆکان و کۆمپانیا گەورەکاندا دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە بە مووچەیەکی بەرز کار بکەن، بەڵام ڕۆشتن هەڵدەبژێرن و دەڵێن “من دەمەوێت بڕۆم بۆ وڵاتێک کە خزمەت پێی نەگەیشتووە و پەروەردگارمی تێدا ناناسرێت و ناپەرسترێت”…

لە ڕێگەی ئەو وڵاتانەی بۆی دەڕۆن تەڵەی کوشندەیان بۆ دانراوە، ماڵەکانیان لە لایەن چەتە و ڕێگرەکانەوە داگیر دەکرێت، هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت، بەڵام سەرەڕای بێ پسانەوە و بێ کشانەوە و بە لەبەرچاوگرتنی مردن ئارامیان گرت و بە هەوڵە فیداکارەکانیان توانیان کۆمەڵێک کۆلێژی پێشکەوتوو بنیاد بنێن و منداڵانی هۆزە دواکەوتووەکان وەک منداڵانی شوێنە پێشکەوتوو شارستانییەکان پێ بگەیەنن…

قارەمانە فیداکارەکانی ڕێگەی ناسۆر و ناڕەحەتی؛ هەموو جۆرە مەترسییەکیان لەبەرچاوگرت و لە پێناو گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو هۆزانەی لە نێو ئەو دارستانانەدا دەژین کە هیچ ڕێگەیەکی وشکانی و ئاسمانی نییە و لە ڕێگەی ئاوییەوە بە بەلەمێکی لە دار درووستکراو هەموو هەوڵێکی خۆیاندا…

لە ئەنجامی ئەو یارمەتی و کۆمەکانەی کە بەو ڕاستگۆیی و ئیخلاسەوە بەخشرا، دەیان هەزار کەس بە کۆمەڵ شایەتومانیان هێنا و موسوڵمان بوون، هەزاران خوێندکار لەو خوێندنگایانەی لەوێ کرانەوە وەک مرۆڤێکی تێگەیشتوو و شارستانی پێگەیشتن و چوونە ناو کۆمەڵگاوە.

هەر ئەو ناسۆر و ناڕەحەتییەیە کە وای لە مامۆستا سەعیدی نورسی کرد لە سەردەمێکدا بێئیمانی و کوفر و گومڕایی دڵەکانیان داگیرکردبوو، ناوی خودا و کەلامی خودا کە قورئانی پیرۆزە قەدەغەکرابوو، میلەتێک کە مێژوویەکی هەزار ساڵەی هەبوو لە ئیسلامدا تامەزرۆ بوو بۆ ناوی خودا، لە ژیانێکی کولەمەرگی و پڕ لە ئازار و ناڕەحەتی لە زیندانەکان و دەربەدەری و لە هەلومەرجی زۆر سەختدا ژیا و هەتا کۆتایی تەمەنی لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵدا خزمەتی بە ئیمانی مرۆڤەکان دەکرد…

هەر ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی پەیامەکانی نوور کە بوونە هۆی ڕزگاربوونی ئیمانی ملیۆنان کەس لەسەر چیاکانی بارلا بنوسێت کە جگە لە دەنگی باڵندەکان هیچ دەنگێکی دیکەی لێ نەبوو. هەر ئەوە بوو وای لێکرد بڵێت “ئەگەر هێندەی تاڵی مووەکانی سەرم، سەرم هەبوویایە و هەر هەموویان بپەڕاندایە بە دڵنیاییەوە ئەم سەرەم ڕادەستی کوفر نەدەکرد” و “ئەگەر ئیمانی میللەتەکەم لە سەلامەتیدا ببینم ئەوکات ڕازیم بەوەی لە ئاگری دۆزخدا بسوتێم”…

مامۆستا سەعید و برا گەورەکانی دیکەمان (خودا لێیان خۆش بێت) کە خاوەنی ناسۆر و ئازار و ناڕەحەتی بوون، بە شێوەیەکی فیداکار و ڕاستگۆیانە خۆیان یەکلاکردبووەوە و مەدرەسە یوسفییەکانیان کردبووە لانەیەک بۆ عیلم و عیرفان و بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئیمانی ملیۆنان خەڵک ڕزگاری ببێت.

لە ناوچەیەکدا کە خەڵکی ئەنادۆڵ پێی دەڵێن ‘ئیزمیری گاور’، لەو شوێنی مانگ و خۆر تێیدا ون بوون، هیچ ڕۆشناییەکی تێدا بەدی ناکرێت، لە سەردەمێکدا کە ڕووبار و تاڤگەکان وشکیان کردووە، مامۆستا ئیبراهیمی خوالێخۆشبوو کە مامۆستایەکی موخلیس بوو، خەونێک دەبینێت؛ لە خەونیدا ڕووبارێک لە خاکی ئەرزڕومەوە دێت و تا ناوچەکانی سەر دەریای ئیجە و شاری ئیزمیر درێژ دەبێتەوە، هەموو ئەو ناوە ئاو دەدات و دەیژییەنێتەوە. ئەو کاتەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) تەشریفی بردە شاری ئیزمیر و ئەو خزمەتەی دەستی پێکردبوو لەوێوە دەستی بە بڵاوکردنەوەی کرد، مامۆستا ئیبراهیم ئەو خەونەی گێڕایەوە و وتی “خەونەکەی من بوو بە ڕاست”.

خواجە ئەفەندی؛ لە پاڵ وتارەکانی لە نێو مزگەوتدا، و وانە وتنەوە بە تەلەبەکانی لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە، و سەرقاڵبوون بە ئیرشاد و تەبلیغەوە؛ بە بێ ئەوەی ژوورێک و جێگەیەکی هەبێت تێیدابێت، بە درێژایی چەندین مانگ لە ژێر پلیکانەکاندا ژوورێکی بچووکی ئیداری درووست کرابوو، لەوێدا دەمایەوە و سەری دەخستە مێزەکە و بەو شێوەیە پشووی دەدا، شەو و ڕۆژ بە کاری بانگەوازەکەیەوە سەرقاڵ بوو. هەمیشە دەیوت ‘پابەندبوون، بە توندی بەدەست نایەت، بە چاودێری و لۆمە و گلەیی بەدەست نایەت، بەڵکو بە ڕاوێژ و پێشنیار بەدەست دێت’ و جێبەجێی دەکرد.

ڕۆژێک خوێندکارێکی هاوڕێم چووبوو بۆ سینەما بە دزییەوە . ئەو هاوڕێیەم کە گەڕابووەوە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت چووبووە ژوورێکی دیکەی بەشە ناوخۆییەکەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە خواجە ئەفەندی پێی زانی و لە قافا گرتی و ئامۆژگاری کرد و وتی “تۆ حافزیت، دەبیت بە مامۆستا و دەبیت بە نمونە بۆ خەڵکی”. ئەو هاوڕێیەم کاتێک ئەو ڕووداوەی بۆ گێڕامەوە وتی:

“سەرەڕای ئەوەی بەڵێنم دابوو، دوای ماوەیەک دیسان بە گوێی نەفسی خۆمم کرد و بێ مۆڵەت وەرگرتن چووم بۆ سینەما. ئەو جارەشیان لە ترسی ئەوەی دیسان پێم بزانن خۆم کرد بە ژووری سێیەمی بەشە ناوخۆییەکە، بەڵام لەو کاتەدا دیسان خواجە ئەفەندی هاتەوە سەر ڕێم و تەنها پێی وتم “ئەی تۆ بەڵێنت بە من نەدابوو؟” منیش وتم ‘مامۆستا تۆ بەندەیەکی وەلی خودای گەورەیت، بەڵێنت پێ دەدەم هەرگیز جارێکی تر نەچمەوە’ و دواتر تۆبەم کرد.”

مرۆڤە پاڵەوانەکانی ناسۆر و ناڕەحەتی؛ بە ‘قول اللین’ لە ناو دڵەکاندا تەخت بنیاد دەنێن، نەک بە قسەی باق و بریق مرۆڤەکان بڕفێنن. لەو کاتەی من بەڕێوەبەر بووم ڕۆژێکیان، دەربارەی خوێندکارێک کە هیچ گوێی لە ئامۆژگاری نەدەگرت و ببووە نەمونەیەکی خراپ بۆ هاوڕێکانی، وتم “چی لەمە بکەین؟ خواجە ئەفەندی لە وەڵامدا وتی ‘کەسانێکی لەم جۆرە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵیشدا ڕێک نابنەوە، لە دەرەوە بە هیچ شێوەیەک کۆنتڕۆڵ ناکرێن، ئەگەر تەنانەت قاچیشیت ماچ کردووە، و گریاویت، هەرچییەکت کردووە بیکە و دڵی بەدەست بهێنە’.

منیش هەر بەو شێوەیەم کرد و دوای پانزە ساڵ لەگەڵ ئەو خوێندکارە ڕووبەڕووی یەکبووینەوە و ببووە مامۆستای ئامادەیی. کاتێک منی بینی دەستی کردە ملم و گریا. سەرەنجام وتی ‘مامۆستا! خودا لە خواجە ئەفەندی و لە ئێوە ڕازی بێت. ئەگەر ئێوە لەو ڕۆژەدا بە بەزەییەوە لەگەڵ ئێمەدا نەجوڵانایەتەوە و ئارامتان نەگرتایە، ئەگەر بەرگەی ئێمەتان نەگرتایە و بتانکردینایەتە دەرەوە، کێ دەزانێ ڕەنگە ئەمڕۆ لە سووچێکدا بفەوتاینایە و ڕەنگە ببوینایە بە بەڵایەک بۆ سەر ئەم میلەتە’.

مامۆستا سەعیدی نورسی بەم شێوەیە ئایەتی ‘هەموو بەدیهێنراوێکی خودای گەورە جوانە’ تەفسیر دەکات: “لە هەموو شتێکدا، تەنانەت لەو شتانەش کە بە شێوەیەکی ناشرین دەردەکەون، لایەنێکی باشی و جوانی حەقیقی تێدایە. بەڵێ، هەموو شتێکی ناو ئەم گەردوونە، هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن، یان خودی خۆی جوانە کە ئەوە پێی دەوترێت ‘حوسنو بزات’ یاخود سەرەنجامی شتەکە جوانە کە ئەوەشیان پێی دەوترێت ‘حوسنو بلغیر’. هەندێک شت هەن کە بە ڕواڵەت ناشرین و بێزراون. بەڵام لە ژێر ئەو پەردەیەدا شتگەلێکی جوان و ڕێکوپێک هەن”. (وتەکان)

بەڵی خەڵکی موسیبەتی ناوێت، بەڵام ئەگەر خودای گەورە کە موسەبیب ئەلئەسبابە ئەوەت بۆ دیاری بکات، پێویستە ئارامی لەسەر بگریت. لەبەر ئەوە شتگەلێکی وەک ئازار و ناسۆر و ناڕەحەتیش، مادەم تەقدیری پەروەردگارە شتگەلێکی جوانن.

دەربارەی ئەو بابەتە مامۆستا سەعیدی نورسی دەڵێت ‘ئەو دەردەی کە هەتە بەس نییە بۆ تۆ؟ ئەوە دەرمانە بۆ تۆ’، خواجە ئەفەندیش لەو بارەیەوە دەڵێت ‘گەورەترین دەردمان ئەوەیە کە بێ دەرد بین’ و بەو شێوەیە سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشن کە ئازار و ناسۆر ناڕەحەتییەکان پەیژە و پلیکانەیان هەیە بۆ ئەوەی بەسەریدا سەربکەویت.

گەورەترین هەموو ئازار و ناسۆر و ناڕەحەتییەکان ڕووبەڕووی پێغەمبەران (سەلامی خودایان لەسەر بێت) بووەتەوە کە نزیکترین کەسن لە پەروەردگارەوە. دواتر ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بووەتەوە کە لەوانەوە نزیکن. چەند بەختیارین کە خودای پەروەردگار شەرەفمەندی کردووین بەوەی لە ئومەتی سەروەری هەموو پێغەمبەرانین (دروودی خودای لەسەر بێت) و بووینە میراتگری بانگەوازەکەی و هەڵگری ئەمانەتی ئایینی هەڵبژێردراوی ئیسلامین.

ئەو ئەرکەی لەسەر شانمانە بۆ ژیانی دواڕۆژمان هێندە گرنگە کە تەنانەت ئەگەری گیانیشمانی لەسەر دابنێین هێشتا هەر کەمە. هەموومان لە هەموو ئانوساتێکدا دەکرێت ئەم دونیایە بەجێبهێڵین. بەڵێ پێویستە هەموو نوێژێک وەک کۆتا نوێژمان بەجێبگەیەنین و هەموو ڕۆژێک وەک کۆتا ڕۆژ بژین، بەڵام تا چەند هەست بەوە دەکەین؟

ئەو کەسانەی لە نێو ئازار و ناسۆر و ناڕەحەتییدا دەتلێنەوە؛ لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانی دواڕۆژیاندا، پێویستە بە هەستێکی باشتر و بە بایەخترەوە پارێزگاری لەو ئەرکە بکەن کە پێیان ڕاسپێردراوە، و زۆر بە باشی ئەو کارانە بکەن کە دەکەوێتە سەر شانیان.

 

http://www.shaber3.com/cile-ve-izdirap-haberi/1324648/

 

64 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە