بیروڕاهەواڵ

وتەی دایکی ئافرەتێکی دووگیانی دەستگیرکراو کە کچەکەی هەشت مانگ و نیوە لە زینداندایە

خەدیجە شاهنازی دووگیان ماوەی هەشت مانگ و نیوە لە گرتووخانەی ئەنتاڵیا بەندکراوە. دوای ئەوەی حوسەین شاهنازی هاوسەری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی کرۆنۆس ئەنجامدا، جەنەت کاندەمیری دایکیشی بووە میوان لە کەناڵی تایبەتی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب.

گەرگەرلیئۆغڵو هەموو ڕۆژانێکی سێشەمە کاتژمێر ٩ی شەو لە بەرنامەکەیدا باس مافەکانی مرۆڤ و ئەو پێشێلکارییانە دەکات کە لە گرتووخانەکاندا بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن و هەر جارەو میوانێکیش بانگهێشتی بەرنامەکەی دەکات. گەرگەرلیئۆغڵو لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەیدا داوای کرد خودیجە شاهناز ئازاد بکرێت کە قۆناغی دووگیانی لە ناو گرتووخانەدا بەسەر بردووە و تەنها ٥ ڕۆژی ماوەی بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت. جەننەت کاندەمیری دایکی حەدیجە باس لەوە دەکات کە چۆن لە دوای ١٥ ی تەموزەوە وەک خێزانێکی چەوساوە و ستەمدیدە ژیانیان بردووەتەسەر.

“ئەمە مرۆڤایەتییە، ئەمە ئیسلامەتییە؟”

جەننەت کاندەمیر لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی “کچەکەم تەنها بە هۆی ئەوەی هەژماری بانکی لە بانکئاسیادا هەبووە دەستگیرکراوە. بانکئاسیا کرێی ناردنی پارەی وەرنەدەگرت، لەبەر ئەوە لە ڕێگەی بانکئاسیاوە جار جار ٥٠ بۆ ٦٠ لیرەم بۆ کچەکەم دەنارد. بانکەکانی دیکە کرێی ناردنی پارەکەیان وەردەگرت و بەو شێوەیە شتێکی وا لەدەست کچەکەمدا نەدەمایەوە. ئەمە مرۆڤایەتییە؟ بەمە دەڵێن مەملەکەتی ئیسلام، ئەمە ئیسلامەتییە؟ هاوسەرەکەم لە بیناکاریدا کرێکاری دەکات. خەدیجە و خوشکە گەورەکەی لە هەمان ساڵدا توانیان لە زانکۆ وەربگیرێن. کچەکەم لە دوکانەکاندا کاری دەکرد و بەوە دەیتوانی بخوێنێت. بەڵام ڕۆژێک پۆلیس هات و دەستگیریان کرد و بردیان. گوایە کەسێک لە لێدوانەکەیدا لە بەردەم دادوەر ناوی ئەوی هێناوە. من بە مەینەتییەکی زۆر ئەوانم خستووەتە بەر خوێندن. من خوێندەواریم نەبوو، لەبەر ئەوە دەمویست کچەکانم بخوێنن و لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن. دادوەر هەر لە یەکەم دانیشتنی دادگادا سزای بەسەر کچەکەمدا سەپاند. کچەکەم لە دادگادا دەلەرزی. ماوەیەکی زۆر کەم ماوە بۆ ئەوەی کچەکەم منداڵەکەی ببێت، لەبەر ئەوە دەمەوێت کچەکەم ئازاد بکەن. ئینشاالله ئەم بەرنامەیە سوودی دەبێت. کاتێک دەچم بۆ بینینی کچەکەم دەبینم پێنج شەش منداڵی بچووک دێن و دەیانەوێت باوەش بە دایکیاندا بکەن. لە پشت جامە ئەستورەکەوە ناتوانن باوەش بە دایکیاندا بکەن. بچووکن و دەستیان بە تەلەفۆنەکان ناگات. دەمەوێت هەموو منداڵەکان بە دایکیان شاد ببنەوە. خودا مەرحەمەت بە هەموو کەسێک ببەخشێت! نازانم بڵێم چی. با سیاسەتمەداران واز لە هەڵبژاردنەکان بهێنن، ئاوڕێک لە کیشەکانی خەڵک و گرتووخانەکان بدەنەوە!”

جەننەت کاندەمیر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی “لە ئێستادا کچەکەم لە ناو گرتووخانەدا زۆر پەرێشانە. بۆ یەکەم جار دەبێت بە دایک. زۆر نیگەرانە دەربارەی ئەوەی چۆن ئەو منداڵەی دەبێت. دەڵێت چۆن گەورەی بکەم. هیچ کەسێکی نییە دەنگمان ببیستێت. نازانم چەوساوەیان یان دەچەوسێندرێینەوە. کچەکەی من هیچ کات تەنانەت ئازاری مێرولەیەکیش نادات.”

http://www.shaber3.com/8-5-aydir-tutuklu-hamile-hatice-sahnaz-in-annesi-konustu-haberi/1324601/

 

47 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە