هەواڵ

ماڵ و سەروەتی ئەو ١٥ زانکۆیە چی بەسەرهات کە دەستیان بەسەردا گیرا؟

لە سەردەمی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزەوە، لە یەکەم بڕیاری سەردەمی باری نایاساییدا ١٥ زانکۆی تایبەت داخران. دەستگیرا بەسەر هەموو ماڵ و سەروەت و سامانی زانکۆکەدا. زەوی، باڵەخانە، کەلوپەلی پەروەردەییەکان، مۆبیلیاکان، کۆمپوتەر و ئامێرەکان، ئەو ئامێرە تەندرووستیە ناوازانەی لە نەخۆشخانەکاندا هەبوون، هەموو ئەوانە چییان بەسەر هات؟ هەموو ئەو شتانە لە لایەن کێوە و چۆن بەکارهێنرا و هەتا ئێستا چۆن بەکاردەهێنرێت؟ کاتێک دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە کۆمەڵێک زانیاری سەرسوڕهێنمان دۆزییەوە.

لە بەرواری ٣ی ئابی ٢٠١٦ دەزگای خوێندنی باڵا نوسراوێکی ئاراستەی زانکۆکان کرد و پێی ڕاگەیاندن کە تەواوی ئەو زانکۆ تایبەتییانەی داخراون ماڵ و سەروەت و سامانیان دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی و لە لایەن دەزگای خوێندنی باڵاوە خوێندکارانی ئەو زانکۆیانە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەگوازرێنەوە بۆ زانکۆکانی دیکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرپرسانی دەزگای خوێندنی باڵادا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کیشەی شوێن بۆ ئەو زانکۆیانەی خوێندکاری زانکۆ داخراوەکانیان لەخۆدەگرت باڵەخانەی ئەو زانکۆ داخراوانە خراونەتە سەر زانکۆکانی دیکە. بەڵام لە ڕاستیدا زۆرێک لەو باڵەخانانە چەند ساڵێکە بەکارنەهێنراون. جگە لەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناو زانکۆ داخراوەکان بەسەر زانکۆکانی دیکەدا دابەشکراون.

تەنها دیوارەکان ماونەتەوە

تەنانەت بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە، شەڕ لە نێوان ئەو زانکۆیانەدا ڕوویداوە لەسەر دابەشکردنی ئەو کەلوپەل و پێداویستییانە لە نێوان خۆیاندا. کاتێک جیاوازی و دووبەرەکی درووست بوو، ڕەهەندی ڕەزالەتی ئەو دابەشکارییە خرایە پیش چاوی هەمووان. یەکێک لەوانە لە کاتی داخستنی زانکۆی جانیک باشاری لە شاری سامسون و دامەزراندنی زانکۆی سامسون لە جێگەی ئەو، ئاشکرا بوو. کەمپی زانکۆی جانیک باشاری تەرخان کرا بۆ زانکۆی سامسون کە لە بەرواری ١٨ی ئایاری ٢٠١٨ کرایەوە. تەواوی کەلوپەل و ماڵ و موڵکی زانکۆ داخراوەکەش خرایە سەر زانکۆی سامسون کە لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ خوێندکار وەردەگرێت. بەڵام بەرپرسانی زانکۆی سامسون کە لە لایەن حکومەتەوە لە کەمپی زانکۆ داخراوەکە دانراون، بۆیان دەرکەوت لە لایەن زانکۆی ١٩ی ئایارەوە تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناو زانکۆکە تەخشان و پەخشان کراوە.

ئەو بەرپرسانەی زانکۆکە کە ڕووبەڕووی باڵەخانەیەکی خاڵی ببوونەوە، هەستیان بەوە کرد کە تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکان لە لایەن زانکۆی ١٩ی ئایارەوە تاڵانکراوە. تەواوی کەلوپەلی خوێندن، کۆمپیوتەر، ئامێرە ئەلیکرۆنییەکان، کتێبی ناو کتێبخانەکان، مێز و کورسی ناو پۆلەکان، سەکۆ و کورسی هۆڵی سینەما و شانۆکان، تەنانەت سپلێتی ناو ژوورەکانیش لە لایەن زانکۆی ١٩ی ئایارەوە لێکرابووەوە تاڵانکرابوو.

زانکۆی گێدیزیان وێران کردووە

دوای ئەوەی زانکۆی گێدیز لە ئیزمیر دەستی بەسەرداگیرا و لە شوێنی ئەو زانکۆی باکرچای بنیادنرا، بە گوێرەی وتەکانی ئەو سەرۆکی زانکۆیەی لە لایەن حکومەتەوە بۆ ئەو زانکۆ نوێیە دیاری کراوە، ئەو زانکۆی گێدیزەی بە هەوڵ و فیداکاری ئێجگار زۆری خێرخوازان درووست کرابوو، لە ئێستادا بە تەواوی وێران کراوە.

سەرۆکی زانکۆ بەم شێوەیە باس لەوە دەکات کە لە دوای داخستنییەوە کەمپی ئەو زانکۆیە بە هیچ شێوەیەک بەکارنەهاتووە: “ئێمە باڵەخانەیەکی تەواوکراو و بێ کەموکوڕی سەرلەنوێ بۆ خوێندن ئامادە دەکەینەوە. بەڵام ئەم باڵەخانەیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە هیچ شێوەیەک هیچ کەسێکی تێدا نەبووە، لەبەر ئەوە کۆمەڵێک کێشەی هەیە. ئێمە لە ماوەی سێ مانگ بۆ سێ مانگ و نیودا بە خێرایی پێداویستییە بنەڕەتیەکانمان دابین کرد و باڵەخانەکەمان نۆژەن کردەوە”.

هەواڵی چەواشەکاری دەربارەی تاڵانکردنی زانکۆکان

لە کاتێکدا دەستبەسەر زانکۆکاندا دەگیرێت و کەلوپەلەکانی تاڵان دەکرێت، میدیاکانی سەر بە دەسەلاتیش بە بێ ئیش دانانیشن. لە ڕێگەی هەواڵە درۆ و چەواشەکارییەکانیانەوە هەوڵ دەدەن تاڵانکردنی زانکۆکان بە شتێکی ئاسایی پیشان بدەن. یەکێک لەو هەواڵە درۆ و دژبەیەکانە دەربارەی زانکۆی زیرڤە بوو لە شاری گازی عەنتێب، کە دوای دەستبەسەرداگرتنی زانکۆکە خرایە سەر زانکۆی گازی عەنتێب.

سەرۆکی زانکۆی گازی عەنتێب لە هەواڵێکدا بۆ دەزگا میدیاییەکانی سەر بە دەسەڵات بانگەشەی ئەوەی کرد کە شوێنێکی تەقەکردنی نهێنی لەناو زانکۆکەدا هەبووە. بەڵام ئەوە شتێکی ڕوونە کە ئەو شوێنی تەقەکردنە ماوەی چەندین ساڵە لەو شوێنەدایە و بە تەواوی لەگەڵ هەموو یاساکاندا دەگونجێت و وەک بەشێک لە ناساندنی زانکۆکە و سیمبۆلێکی زانکۆکە تەماشا دەکرا. دواتر سەرۆکی زانکۆ لە ڕوونکردنەوەیدا لە بەردەم داواکاری گشتیدا هەوڵی دەدا ئەو ڕەزالەتەی بشارێتەوە.

بە هۆی ڕووداوێکەوە چۆنێتی پاراستنی نووسراو گرێبەست و مامەڵە فەرمییەکانی خوێندکارانی زانکۆکە لە لایەن ئەو کارمەندانەی لەو زانکۆیە دانراون ئاشکرابوو. ئەو کارمەندانەی لە لایەن حکومەتەوە لەو زانکۆیانە دانرابوون، بە ئارەزووی خۆیان هەموو نووسراو مامەڵە فەرمییەکانی زانکۆکەیان بە ناو زانکۆدا بڵاوکردەوە و فڕێیان دەدا، خوێندکارانی زانکۆکەش بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵەکانیان بدۆزنەوە و بتوانن لە زانکۆیەکی دیکە وەربگیرێن ناچاربوون لەسەر زەوییەکە بە دوای مامەڵەکانی خۆیاندا بگەڕێن.

http://www.tr724.com/kapatilan-15-universitenin-mallari-ne-oldu/

 

97 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە