بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

“با هیچ خەیاڵێکی تر نەچێتە مێشکمەوە”

درێژەی زنجیرە نووسینەکەی تاریق بوراک دەربارەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت.

مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) لە شاری ئێدیرنەدا کۆمەڵێک هەوڵی زۆر گەورەیدا لە ڕێگەی ئیرشاد و تەبلیغدا. ئاستی کۆمەڵایەتی کەسی بەرامبەری هەرچۆنێک بووبێت، بە ئارامی و ئاسوودەییەوە قسەی لەگەڵ دەکرد و گفتۆگۆیان دەکرد. سەرەڕای ئەوەش هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە لای چەندین زانای گەورە ئامادەبووە و لەگەڵ ئەوان گفتوگۆی کردووە. ئەوەش دەبووە یارمەتیدەری بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا بە ئاسانی گفتوگۆ دەستپێبکات.

خواجە ئەفەندی بەم شێوەیە باس لە بارودۆخەکەدا دەکات:

“دەمتوانی هەندێک شت بۆ ئەو کەسانەش باس بکەم کە لە ڕووی تەمەنەوە زۆر لە من گەورەتربوون و بۆ ماوەیەکی درێژ پێکەوەبین و گفتوگۆ بکەین. دەتوانین بڵێین لە شاری ئێدیرنەدا لەگەڵ هەموو کەسە دیار و ناودارەکانی ئەو شارەدا یەکترمان دەناسی.

بەو ئەندازەیەی خودای گەورە پێی بەخشیبووم، هەوڵمدەدا هێزی هەستەکانم لە ڕێگەی باش و ئەرێنیدا بەکاربهێنم. هەوڵمدەدا لە قاوەخانەکاندا لەگەڵ ئەو کەسانەی لە خۆم گەورەتربوون دابنیشم و چایەکیان لەگەڵ بخۆمەوە و شتێکیان بۆ باس بکەم.

یەکێک لەو کەسانەی هەر لە سەرەتاوە لە ئێدیرنە ناسیم ئیسماعیل گۆنولالان بوو. ئەو کەسێکی زۆر پاک و ڕەوشتجوان بوو. منی لەگەڵ زۆر کەسی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو بە یەکناساند.

جگە لەو خوێندکارێکی ئامادەیی بە ناوی ئەحمەد هەبوو. بە هۆی هەوڵ و ماندووبوونە زۆرەکەیەوە بەوم دەوت موصعەب. لە بنەڕەتدا ئەگەر لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەراورد بکرێت، ژمارەی مرۆڤەکان زۆر کەم بوون. بەڵام لەو هەلومەرجە سەختەی ئەو ڕۆژگارەدا و بە تایبەت لەو ناوچانەدا نەدەکرا ئەو ژمارەیە بە کەم تەماشا بکرێت. تەنانەت بە هیچ شێوەیەک لەیادم ناچێت کە زاتێک لە دیاربەکرەوە هاتبوو بۆ لامان. ڕۆژێک پێی وتم: هەموو ئەم ناوچانەی تراکیا (ئێدیرنە و کرکلارەلی و تەکیرداغ و چەند شوێنێکی تر دەکرێتەوە) گەڕام، تەنها دوو گەنجم بینی کە بە شێوەیەک باش لە موسوڵمانێتیدا بژین. یەکێکیان تۆیت و ئەوی دیکەیان ئیمامی مزگەوتێکە لە کرکلارەلی. هەمان شتیشی بەو وتبوو، چونکە ڕۆژێکیان ئەو ئیمامە هاتبوو بۆ سەردانی من. دواتر منیش سەردانی ئەوم کرد. ئەو سەردەمە بەو شێوەیە بوو. پێویستبوو ڕێگەیەکی یەک سەعاتی یان دوو سەعاتی ببڕیت بۆ ئەوەی کەسێک بدۆزیتەوە دەردەدڵی لەگەڵ بکەیت.

جارێکی تریشیان سبغەتوڵای برام هاتبوو بۆ سەردانم. نازانم شەوێک لە لام مایەوە یاخود نا، چونکە هیچ شوێنێکم نەبوو تێیدا بیخەوێنم. ڕۆژی دواتر بە ئەستەم توانیم حەفتا لیرەیەک پەیدا بکەم و بە شەمەندەفەر بینێرمەوە بۆ ماڵەوە. تەنانەت ئەوکات جزدانێکی پێدام. دوای ئەوەی بۆ ماوەی سی ساڵ ئەو جزدانەم لەگەڵ خۆم هەڵگرت، دواتر دام بە مەزهەری کوڕی و پێم وت ئەوە یادگاری باوکتە بیپارێزە.

یەکێکی دیکە لەوانەی لە ئێدیرنە سەردانیان کردم عوسمان کارا بوو. یەکێک بوو لەو کەسانەی لەگەڵ مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) یەکیان بینیبوو، و سوودێکی باشی لە بەهرەکانی بەدیعوزەمان وەرگرتبوو. ئەفسەر بوو لە ناو سوپادا و ساڵح ئۆزجان ئەوی لەگەڵ خۆی هێنابوو.

ساڵح ئۆزجان کەسێکبوو کە زۆر ڕێزم لێدەگرت. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی وایکردبوو زیاتر ئەوم خۆشبوێت و ڕێزی لێ بگرم ئەوەبوو کە ئەو لە سەییدەکان بوو. چەند جارێک هات بۆ سەردانی من. تەنانەت شەوێکیش لە شوێنەکەی خۆم میوانداریم لەو کرد و خۆم چوومە دەرەوە و لە شوێنێکدا نووستم. هەرگیز ناتوانم ئەوەم لە یادبچێت، کە لەو کاتەی ویستی سواری پاسەکە ببێت پێی وتم ‘تۆ قارەمانێکیت’. ئەو وتەی ئەگەر وەک بۆشاییەک لە مندا لێکبدرێتەوە، یاخود وەک دەربڕینی خۆشەویستییەک لە لایەن ساڵح ئۆزجانەوە تەماشا بکرێت، لەو سەردەمەدا ورەیەکی زۆر باشی بە من بەخشی.”

خواجە ئەفەندی لەو ماوەیەدا بە بێ دابڕان لەسەر شێوازەکانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی نەفسی بەردەوام بوو، و بەم شێوەیە باس لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەکات:

“لەو سەردەمەی هەوڵمدەدا داخوازییەکانی نەفسم بشکێنم، سەرەتا نەفسی خۆمم وەک پشیلەیەک بینی و ڕاومنا. لەو هەوڵانەم بەردەوام بووم. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانم بۆ شکاندنی داخوازییەکانی نەفسم بۆم دەرکەوت کە نەفسم لە لای ڕاستمەوە لە من دەدات. چونکە لەو سەردەمەدا کەسانی تر و بە تایبەت ئەو کەسانەی بە بێ تێربوون دەیانخوارد هەمیشە بە شێوەیەکی تر دەهاتنە پێشچاوم و بەردەوام لێیان تووڕە دەبووم. دواتر تێگەیشتم کە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی نەفس ببیتەوە پێویستە وەک یەکێک لە مرۆڤەکان هەڵسوکەوت بکەیت. ئەوە گەورەترین دڵنیاکەرەوەیە بۆ ئەوەی شانی خۆمان بدەینە بەر ئەم بانگەوازە و بێ ئەوەی پێمان هەڵبخلیسکێت بتوانین بژین. ئەگەر گیانی ڕووبەڕوو بوونەوە هەبێت، ئەوە دەبێتە کارێکی خێر…”

دوو لەسێدارەدان

یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانەی لەو سەردەمەدا ڕوویدا کە خواجە ئەفەندی لە ئێدیرنە بوو، بریتیبوو لە لەسێدارەدانی دوو کەس و شاهێدی خواجە ئەفەندی وەک مامۆستایەکی ئایینی لەو ڕووداوەدا.

“یەکەمیان لە ساڵی ١٩٥٩ دا بوو. ساڵی یەکەمی من بوو لە ئێدیرنە. لە مزگەوتی سێ منارە (ئوچ شەرەفەلی جامی) ئیمام بووم. ڕۆژێک کەسێک هات بۆ لام و وتی ‘کاک غەنی تۆی دەوێت’. کاک غەنی دادوەربوو. من هەندێک کتێبم دابوو بە بەڕێزیان. سەرەتا کەمێک دڵەڕاوکێم لە لا درووست بوو، و بەو ترسەوە چووم بۆ لای. پێی وتم ‘لەسێدارەدانی کەسێک هەیە. بڕیارمانداوە تۆ وەک مامۆستای ئایینی لەوێدا ئامادەبیت. لە بنەڕەتدا من کەسێکی زۆر هەستیارم. بە هیچ شێوەیەک نەدەکرا بە ‘بەڵێ’ وەڵامی داواکارییەکی لەو شێوەیە بدەمەوە. پێیان وتم کە منیان ناسیوە و متمانەیان پێکردووم بۆیە بانگیان کردووم.

سەردەمانی پیشتر لەسێدارەدان بە ئاشكرا لە شوێنێکی کراوەدا جێبەجێ دەکرا بۆ ئەوەی ببێتە پەند و عیبرەت بۆ کەسانی تر. لە دوای شۆڕش لەسێدارەدان لە شوێنی کراوەدا هەڵگیرا. شەو هاتن بە شوێن مندا و لەگەڵ خۆیان بردیانم. سواری ئوتومبێلێک بووین و چوون بۆ گرتووخانە. ئەو کەسەی لەسێدارە دەدرا ناوی ڕاسیم دیک بوو. چووینە ناو زیندانەوە. دەستەکانی بەسترابوو. پێم وابێت لەبەر ئەوەی هێرش نەکاتە سەرمان دەستەکانیان بەستبووەوە.

‘ئەتاتورک دێت’

پەسەندکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی لە لایەن پەرلەمانەوە، پێشتر لە ڕۆژنامەکانەوە بیستبوو و تووشی شۆک بووبوو. هەر لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد، هەرچییەکم بۆ باسکرد گوێی بۆ نەگرتم. بە شێوەیەکی بەردەوام دەیوت ‘ئەتاتورک دێت و دەڕۆینەوە بۆ ماڵەوە’.

دواتر هێنایان و کراسێکی سپییان کردە بەری. دواتر پارچە کاغەزێکی کرد ملی تاوانەکەی لەسەر نووسرابوو. شوێنی لەسێدارەدانەکە، لە بەردەم ئوچ شەرەفەلی، لەو شوێنەی کە ئێستا کراوەتە پارک جێگیرکرا. خەڵک لە چواردەوری کۆببوونەوە. ئەو ناوە وەک پێشەنگایەکی لێهاتبوو. هەندێک کەس خواردنیان دەفرۆشت و هەندێکی دیکە شەربەتیان دەفرۆشت. هیچ کەسێکی نییەتی نەبوو پەند و عیبرەت لەو ڕووداوە وەربگرێت. تەنها ئیبراهیم ئەفەندی لێبوو کە ئەوکات تەمەنی پەنجا ساڵان دەبوو، لە مزگەوتی کوشجودۆغان بانگبێژ و لە هەمان کاتدا مامۆستای خولی فێربوونی قورئانی پیرۆز بوو. لەو ڕۆژەدا تەنها ئەوم بینی کە لە نێو غەم و پەژارەدا بێت. تەنانەت هەتا یەک هەفتە دواتریش بەو شوێنەدا تێنەپەڕی کە ئەو لەسێدارەدانەی تێدا ئەنجامدرابوو.

کۆتا تەلقین

وەک مامۆستایەکی ئایینی کۆتا تەلقینم پێ ڕاگەیاند. دواتر بردیانە بەردەم پەتی سێدارە. لە نزیکەوە بینین، ژیان لەو هەستەدا، بیرکردنەوەی لەوەی ئەم مرۆڤە کە لە ئێستادا زیندووە و دوای چەند خولەکێکی تر دەمرێت و بینینی ئەو دیمەنە بە چاوی خۆت زۆر جیاوازترە لەوەی بیبیستیت. ئەو کەسەی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە هەر کەسێک بێت، ناتوانێت وەک خۆی باس لە سامناکی ئەو دیمەنە بکات… کاک غەنی لە ڕاسیم نزیکبووەوە و پێی وت: کۆتا داخوازیت هەیە؟ بەڵام ئەو دیسان وتی ‘ئەتاتورک دێت، دەڕۆینەوە بۆ ماڵەوە’. جەلادێکیان هێنابوو کە هەر بە تەواوی سەرخۆش و بێئاگابوو. خۆی لە خۆیدا نەریتەکە هەر بەو جۆرە بوو. ڕاسیمی بەرەو قیبلە وەرگێڕا و بە زۆر پەتی سێدارەکەی کردە ملی. بەڵام تەرمەکەی ڕێک پێچەوانەی قیبلە ئاراستەکەی گۆڕا. ڕەنگی تەواو ڕەش بووبوو. زمانی ڕاسیم بستێک هاتبووە دەرەوە. هەتا نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر تەرمەکەی ڕاسیم بە هەڵواسراوی لەوێدا مایەوە… بەڵام سەرەڕای ئەوە پێم وانییە هیچ کەسێک پەند و ئامۆژگاری لەو ڕووداوە وەرگرتبێت. دواتر پەتەکەیان بچڕاند و تەرمەکان لەو ناوە دوورخستەوە. بەڵام نازانم بە چ شێوازێک تەرمەکەیان ناشت…

ئیتر بە هۆی ئەوەی بەناوبانگ بووبووم، دیسان بۆ لەسێدارەدانی دووەم هەر منیان بانگکردەوە. ئەوکات لەسێدارەدا لە شوێنی کراوەدا هەڵگیرابوو. ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بووبێت کە ئەوانیش بۆیان دەرکەوت هیچ سوودێکی ئەوتۆی نابێت. کەسی دووەم کە لە سێدارەدرا ناوی مەهمەت بوو، پێیان دەوت مەمۆ.

پزیشکە حکومییەکە خەڵکی سۆفیا بوو. من لە حەوشەی ناوەوەی گرتووخانەکەدا دانیشتبوو. دادوەر و داواکاری گشتی و فەرماندەی جەندەرمەش لە پێشمەوە دانیشتبوون. دواتر پزیشکە حکومییەکە هات و وتی ‘قەشەکە هاتووە؟’. کەسێکی بەو جۆرە بوو. پێکەوە چووینە ناو گرتووخانەکەوە. من دیسان هەر جوبەیەکم لەبەردابوو. مەهمەت کەسێکی زۆر خاوێن و ڕووخۆشبوو. نەمدەتوانی گریمانەی ئەوە دابنێم کە ئەو بکوژە. هەر کە ئێمەی بینی یەکسەر ئەژنۆی شکا و ئیفیلیج بوو. لەسەر قەنەفەیەک دانیشتین. دەستم کرد بە باسکردن بۆی:

  • مەهمەت بارودۆخەکە بەم شێوەیەیە. پەرلەمان واژۆی لەسەر بڕیارەکە کردووە. لە ئێستا بە دواوە هیچ چارەیەک نییە. لەسەر ڕێگەیەکیت کە بەرەو لای خودا دەگەڕێیتەوە و هەموو ڕێگەکانی دیکە داخراون.

لێم پرسی “دەتەوێت دەستنوێژ بگریت؟”. وتی دەمەوێت. بەڵام قاچەکانی هێزی لێبڕابوو، وەک ئەمڕۆ لە یادمە. وە من هەموو ئەوانەم لە ویژدانمدا بینی. نەیتوانی قاچەکانی بشوات… دەستم کرد بەوەی شایەتومانی پێ بهێنم. کەمێکی دەخوێند بەڵام نەیدەتوانی تەواوی بکات. وشەکان لە مێشکیدا دەسڕدرانەوە. ناو بەناو دەیوت ‘جارێکی تر من بنێرنەوە بۆ کۆنتڕۆڵی پزیشکی’. ئەگەر بشنێردرایەتەوە بۆ کۆنتڕۆڵی پزیشکی چی دەبوو. ئەوپەڕی هەفتەیەک یان دوو هەفتە مردنی دوادەکەوت. لەوێدا زۆر بە باشی لە بەهای ژیان تێگەیشتم. وەک ئەوەی ئەو کەسەی دەبرایە بەردەم پەتی سێدارە ئەو نەبێت، بەڵکو من بم. هەرچەندە چەندین ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە هەرکات بیرم دەکەوێتەوە هەمان ئەو هەستانەم بۆ درووست دەبێتەوە. زۆر بەزەییم بە مەهمەتدا دەهاتەوە. دەیانوت شوانێکی کوشتووە، و لەسەر کاغەزێکی نووسراوێکیان کرد بە ملییەوە و تاوانەکەیان لەسەر نووسی.

جەلادەکە سەرخۆش بوو. نەیتوانی بە پێوە خۆی ڕابگرێت و یەکسەر کەوت. پزیشکە حکومییەکە زۆر بە خێرایی شوێنی ئەوی گرتەوە و ئەو جەلادییەکەی کرد. مەهمەت زۆر بە دڵشکاوی تەماشایەکی چواردەوری کرد. ئەو نیگا ستەمدیدانەیەی زۆر کاری تێکردم. دوای ئەوەی تەپڵەکەکەیان لەژێر قاچی ڕاکێشا قاچەکانی دەجوڵاند وەک ئەوەی یارمەتی بدات. یەک دوو جار سوڕا و دواتر ڕۆحی دەرچوو.”

داروینیزم و خواجە ئەفەندی

هەندێک لە کەسە گەورەکان سەردەمی وەسوەسەیان بۆ درووست دەبێت. خواجە ئەفەندیش باس لەوە دەکات کە لە ژیانیدا دوو جار زۆر بە توندی تووشی وەسوەسە بووە. باس لەوە دەکات کە جاری یەکەمیان لە ساڵانی سەرەتای مانەوەی لە ئێدیرنە بووە.

لەو ڕۆژگارەی ئەو سزای لەسێدارەدانانە جێبەجێ دەکرا، خواجە ئەفەندی ڕۆمانێکی دەخوێندەوە. ئەو ڕۆماننووسە تورکە لە هەموو شوێنێکی ڕۆمانەکەیدا باسی لە داروینیزم دەکرد، تەنانەت ئەو تیۆریانەی داروینی بە شێوەیەک دەخستەڕوو وەک ئەوەی تاکە ڕاستی سەلمێنراوی زانستی بێت. خواجە ئەفەندی لەو سەردەمی شوانێتی دەکرد داروینیزم بیستبوو. بەڵام لێهاتوویی نووسینەکانی ناو ئەو ڕۆمانە شتێکی جیاواز بوو. ڕەنگە بە هۆی ئەوەی لە هەمان ئەو کاتانەدا شاهێدی لەسێدارەدانەکان بوو، بۆیە زۆر سەرسام بووبێت پێی.

لە دڵی خۆیدا دەیپرسی ‘باشە ئاخۆ ئەبێت لە ڕێگەی داروینیزمەوە چ مەبەستێک بگەیەنن؟’ لە هەمان ئەو سەردەمەدا حەمدی یازر زۆر بە وریاییەوە لەو بابەتە نزیک دەبێتەوە، زانایەکی ئیسلامیش بە ناوی حوسەین جیسری دەیوت ‘ئەمە تیۆرییەکی زانستییە. ئەگەر بە زانست بسەلمێندرێت، بە ئایەتەکان پشتڕاستی دەکەینەوە’. ئەمە لە کاتێکدا کە بابەتی تیۆری پەرەسەندن چەند جارێک لە لایەن زانایانی ئیسلامەوە تاوتوێ کراوە. ئیبراهیم حەقی کە خەڵکی ئەرزڕوم بوو لە بەرهەمێکیدا بە ناوی “مەعریفەتنامە” هەموو درووستکراوەکانی خودای گەورە بە ‘جەمادات (بێگیانەکان)’ و ‘نەباتات (ڕووەکەکان)’ و ‘حەیوانات’ و ‘ئینسان’ پۆلێنکردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک تێکەڵبوون لەو ڕەگەزانەدا ڕووی نەداوە. ئیتر ‘ئەگەر بە زانست بسەلمێندرێت، بە ئایەت پشتڕاستی دەکەینەوە’ بە واتای چی دێت. ئەو بابەتە وەک مۆرانە ناخی خواجە ئەفەندی دەخوارد. ماوەیەک بە داروینیزمەوە سەرقاڵ بوو، دەیخوێنەوە و دەینوسی. بە ڕادەیەک لەو بابەتەی دەکۆڵییەوە وەک ئەوەی بیەوێت لە داهاتوودا کۆنفرانسی لەسەر بکات. سەرەنجام گەیشتە ئەو بڕوایەی کە هیچ بەهایەکی زانستی نییە و بەو شێوەیە لە نائارامییە فیکرییەکان ڕزگاری بوو.

عەدنان مەندەرێس سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە یادکردنەوەی ساڵیادی ڕزگاربوونی ئێدرینە هەموو ساڵێک لە بەرواری ٢٥ی تشرینی دووەم سەردانی ئێدرنەی دەکرد، لەو ماوەیەی خواجە ئەفەندی لە ئێدیرنە بوو، مەندەرێس سێ جار سەردانی ئەو شارەی کرد. بەردەوام ژەنەڕاڵ ڕوشتو ئەردەلهون سوپاسالاری ئەوکاتی تورکیای لەگەڵ بوو. بەڵام مەندەرێس نەیدەتوانی ئەو شۆڕشە ببینێت کە لە پاڵیدا سەریهەڵدا.

لەو بەروارانەدا مامۆستا سەعیدی نورسی زنجیرەیەک سەردانی بۆ شارەکانی ئەمیرداغ، ئەنقەرە، کۆنیا، ئیستەنبوڵ و ئیسپارتا ئەنجامدا. وەک ئەوەی بیەوێت لە کۆتا ڕؤژەکانی تەمەنیدا ماڵئاوایی لە خوێندکارەکانی بکات. بەدیعوزەمان دوای ئەوەی بیست و هەشت ساڵی کۆتایی تەمەنی لە غوربەت و زیندان و دادگاکاندا لە ژیانێکی تاڵ و ناڕەحەتدا ژیا، ئەو گەشتە ماڵئاواییەی لە هەندێک لە ڕؤژنامەکاندا وەک بابەتێکی گرنگ لێک دەدرایەوە. درۆ و بوختانێکی زۆر بۆ ئەو هەڵدەبەسترا. لەبەر ئەوە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ ، کاتێک مامۆستا سەعید گەیشتبووە شاری ئەنقەرە لە ڕادیۆی فەرمی حکومەتەوە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و تێیدا پێشنیاری ئەوەی بۆ بەدیعوزەمان دەکرد لە شاری ئەمیرداغ نیشتەجێ ببێت.

بەدیعوزەمان دوای ماوەیەک دەربارەی مەندەرێس وتی “مەندەرێس لە ئێمە تێنەگەیشت، من لە داهاتوویەکی نزیکدا دەڕۆم، ئەوانیش دەڕوخێن”.

بەدیعوزەمان ڕۆژی ١٩ی ئازاری ١٩٦٠ لە دوای نوێژی عەسر گەیشتە شاری ئیسپارتا. ڕۆژێک دواتر واتە لە بەرواری ٢٠ی ئازار بەرەو ئورفا بەڕێکەوت. لە بەرواری ٢٣ی ئازاری ١٩٦٠ دەمەو بەیانی، لە ئوتێلی ئیپەک پالاس لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کرد. ئەو بانگخوازە گەورەیەی ئەم سەدەیەی ئێمە تێیدا دەژین بە بێ ئەوەی هیچ شتێکی لە دوا بەجێ بمێنێت جگە لە بەرهەمە ناوازەکانی لە ژووری ئوتێلێکدا کۆچی دوایی کرد.

یەکەم ڕووداوی خواجە ئەفەندی لە بنکەی پۆلیس

لەو سەردەمانەدا ژیان و هەڵسوکەوتی خواجە ئەفەندی کاریگەری ئەرێنی درووستکردبوو، لەبەر ئەوە هەندێک کەس ناڕەحەت بووبوون. ناڕەحەتی ئەو کەسانە سەرەتا بە نهێنی دەستی پێکرد و دواتر تا دەهات گەورەتر دەبوو. ئەو کەسانەی لێی ناڕازی بوون کۆبوونەوە دەستیان کرد بە مشتومڕ دەربارەی ئەوەی چۆن بتوانن بەرەنگاری ئەو پیاوە ببنەوە.

با ڕووداوەکانی دواتری ئەو بابەتە لە یادەوەرییەکانی خواجە ئەفەندی خۆیەوە بزانین:

“پێم وابێت هەڵبژارنێکی خۆجێی هەبوو. لە چوارچێوەی شتە قەدەغەکراوەکانی هەڵبژاردنەکاندا لە دوای کاتژمێرێکی دیاریکراوەوە قسەکردن قەدەغە بوو. ڕێک لە بەرامبەر مزگەوتەکەدا کەسێک هەبوو شوتی و کاڵەکی دەفرۆشت. لە قاوەخانەکە دانیشتبووم و لەگەڵ چەند کەسێک قسەمان دەکرد. یەکسەر ڕۆشت و شکاتی لە من کرد گوایە ‘قەدەغەی هەڵبژاردنەکانم پیشێل کردووە’. من لەگەڵ مامۆستا سالیم ئاراجی لە قاوەخانەکە دانیشتبووم و چایەکم دخواردەوە و دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە. لە ناکاو هەرایەک درووستبوو. شتێک ڕوویدا کە پێشتر نەبینرابوو، هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتەکە! گڵۆپەکانیان داگیرساند بەڵام بە هۆی ئەوەی ناوەوەی شوێنی مانەوەکەی من تاریک بوو کتێبەکانیان نەبینی.

منیان بە دەم وتنی قسەی ناشرینی و نابەجێوە بەرەو بنکەی پۆلیس پەلکێشکرد. منیش لە ژێر ئەو وتانەدا نەمامەوە. خەریک بوو لەو کاتەی بەسەر پلیکانەکاندا سەردەکەوتین من فڕێ بدەنە بۆشاییەوەکەوە، بەڵام لە ناکاو کاک ڕەسولی بنکەی پۆلیس دەرکەوت. منی خۆشدەویست. ڕێک لەو کاتەی خەریک بوو من لە بۆشاییەکدا فڕێ بدەن، کاک ڕەسول هاواری کرد و وتی ‘بوەستن!’. شوتیفرۆشەکەش لەوێ بوو. هەموویان ئاوڕیان دایەوە. کاک ڕەسول ڕووی کردە من و وتی ‘تۆ بە شوێن چیدا دەگەڕێیت لێرە؟’

منیش لە وەڵامدا وتم ‘منیان هێناوە بۆ ئێرە گوایە قەدەغەی هەڵبژاردنەکانم پێشێل کردووە، بەڵام هەمووی درۆ و بوختانە.

کاک ڕەسول دیسان بە هەمان تووڕەییەوە هاواری بەسەر مندا کرد و وتی ‘خێرا بڕۆ لێرە مەمێنە!’

ئەوە یەکەم ڕووداوی من بوو لە بنکەی پۆلیس. ڕۆشتمە دەرەوە و بە غەمبارییەوە بەرەو شوێنی مانەوەکەم گەڕامەوە. سکاڵاکان لە دژی من کۆتاییان نەدەهات.”

خواجە ئەفەندی لە دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشەوە دووبارە ڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەوە بووە یەکەم نیشانەی ڕۆژە خراپەکان. سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەو ئێدیرنەی زۆر خۆشدەویست. چونکە ئێدیرنە ئەو شارە بوو کە تێیدا دوور لە خێزانەکەی و هەموو کەسە نزیکەکانی کەسایەتی خۆی تێدا دۆزییەوە. لەوێ کۆمەڵێک پەیوەندی نوێی درووست دەکرد. ئەو پەیوەندییانەی هەندێک جار دەبوونە دوژمنایەتی و هەندێک جاری دیکەش لە چواردەوری خۆشەویستی کۆدەبوونەوە و دۆستایەتییەکی بەهێزیان درووست دەکرد. بۆ نمونە کاک سورەییا هەبوو. پێشتر بەڕێوەبەری دەزگای پۆستە و گەیاندن بوو. کەسێکی خۆشەویست بوو، خەڵکیشی خۆشدەویست. پرۆفیسۆر بادی هەبوو. بورهانەدین بابایاکالی هەبوو کە لە مزگەوتێکی دیکە وتاری دەدا و دەهات لە مزگەوتی سێ منارە نوێژی دەکرد.

خواجە ئەفەندی لەو بارەیەوە لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت:

“ئێدیرنەم زۆر خۆشدەویست و لەگەڵ ئێدیرنەدا بە تەواوی تێکەڵ بووبووم. لە ژیانێکی گۆشەگیرانەدا دەژیام، بەڵام تێڕوانین من بۆ دابڕان گۆڕا. لەبەر ئەوە ژیانی کۆمەڵایەتیم تووشی بچڕان نەدەبوو. لەگەڵ کەسە دیار و بەناوبانگەکانی ئێردنەدا پەیوەندیم هەبوو.

زۆربەی خوو و نەریتەکانم لەوێوە بەدەستهێنا. زۆر حەزم بەو شارە دەکرد. لەبەر ئەوە زۆر بەو گەرووە (ڕاڕەوی ئاوی ناو شاری ئەستەمبوڵ) پەست دەبووم کە ناوچەکانی تراکیا بە تایبەت ئێدیرنەی لە ناوچەکانی ئەنادۆڵ دابڕیبوو. لەوێ هەندێک کەسی لێبوو کە لە مێژوودا زۆر شارەزا بوون. چەند کەسێکی بەتەمەن هەبوون کە جەنگی باڵکان و سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییان بەبیردەهات.

ئەو سەردەمە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە قاوەخانەکە دادەنیشتن دۆستایەتیم درووست دەکرد و هەوڵم دەدا ڕایانبکێشم بۆ مزگەوت. تەنانەت چەند کەسێک هەبوون کە وازیان لە جگەرەکێشان هێنا. یەکێک لەوانە مام خەلیل بوو. ڕۆژێک لە ناکاو بە چەقۆ پاکەتی جگەرەکەی دڕاند و لە دوای ئەوە جارێکی تر جگەرەی نەکێشایەوە.”

قایمقامە قارەمانەکەی یاشار کەمال

یاشار کەمالی ڕۆماننووس لە ڕۆمانێکیدا بە ناوی تەنەکە، قایمقامێک بە ناوی فیکرەت ئیرماکڵی گوندنشینەکانی گوندەکانی دەوروبەری چوکورۆڤای لە ئاغاکان دەپاراست، ئەو کەسە ئایدن بۆڵاک بوو.

کاتێک دەیبینی گوندنشینەکان لە لایەن ئاغاکانەوە دەچەوسێندرێنەوە، جەنگی لەگەڵ بەرپا کردن و خۆی وەک قایمقام هەتا کیڵگەی چەڵتوکەکان دەڕۆشت و دەچووە نێو خەڵکەوە. ئەو خەبات و تێکۆشانەی ئەو سەرنجی کەسانێکی زۆری ڕاکێشابوو.

لەو ساڵانەی خواجە ئەفەندی لە ئێدیرنە بوو، واتە لە ساڵانی ١٩٦٠، لە تورکیادا جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕی چەپڕەو سەری هەڵدا، یەکێک لەو گروپانە لە لایەن دۆغان ئاڤجیئۆغڵووە سەرکردایەتی دەکرا و دەیانویست ئایدن بۆڵاک لە ڕیزەکانی خۆیاندا ببینن. بەڵام دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکانی ئاڤجیئۆغڵو لە لایەن ئایدن بۆڵاکەوە ڕەت کرایەوە، ئەو گروپە لە گۆڤارەکەی خۆیاندا نووسینێکیان بە ناونیشانی ‘قایمقامەکەی تەنەکە، تەنەکە دەرچوو’ بڵاوکردەوە. بەڵام دەبوو ئایدن بۆڵاک لە داهاتوودا ئەو ئاسۆیەی بە دوایدا دەگەڕا لە مامۆستا فەتحوڵا گولەندا بیدۆزێتەوە و ببێتە هۆکاری ئەوەی خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات.

کودەتای سەربازی ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠

کۆمیتەیەکی ٣٨ کەسی کە لەو ژەنەڕاڵانە پێکهاتبوون کە لە بەرامبەر ‘چالاکییەکانی پارتی دیموکراتەکان و قسەکانی عەدنان مەندەرێس لە بەرامبەر سەربازەکان’ هەستیان بە ناڕەحەتی دەکرد لە شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی ئایاری ساڵی ١٩٦٠ ە ئەکادیمیایەکی سەربازی کۆبوونەوە و لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئایاردا تانک و زرێپۆشەکانیان جووڵە پێکرد. هەر کە ئەفسەرێک بە ناوی ئاڵپارسلان تورکێش لە ڕادیۆی حکومەت بەیاننامەی سەرەتایی خوێندرایەوە هەواڵی شۆڕشەکە بە هەموو دونیادا بڵاوبووەوە. بەو شێوەیە ئەو شتەی بەدیعوزەمان هۆشیاری لە بارەوە دابوو، و فەرماندە صەمەد کوشچو خۆی لە ساڵی ١٩٥٧ بە عەدنان مەندەرێسی وتبوو، کودەتای ٢٧ی ئایار ڕوویدا.

کەشوهەوای شۆڕش لە هەموو شوێنێکی تورکیادا هەستی پێدەکرا. هەندێک لە موفتییەکان بۆ ئەوەی وەک کەسێک نزیک لە شۆڕشگێڕەکان دەربکەون ڕیش و سمێلیان دەتاشی. لەو ڕؤژگارەدا کە کەشێکی فشاراوی بەسەر هەموو شوێنێکدا زاڵ بوو، خواجە ئەفەندیش بە شێوەیەکی وریاتر مامەڵەی دەکرد. ئەو کتێب و ڕۆژنامانەی دەیخوێندەوە لە ژێر کراسەکەیدا هەڵیدەگرت.

دامەزراندنی مامۆستا یاشار توناگور وەک موفتی ئێدیرنە

یاشار توناگور لەو کاتەی لە باڵکئەسیر موفتی بوو، کودەتای ٢٧ی ئایار ڕوویدا و سەربازەکان ئەویان دەستگیر کرد. دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٠ دامەزرا و وەک موفتی ڕەوانەی ئێدیرنە کرا.

مامۆستا یاشار کاتێک هات بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف تەماشایەکی هەموو شتەکانی کرد و چاوێکی بە هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکەدا خشاند. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بارودۆخێکی پەرشوبڵاو و جێهێڵدراودا بوو. فەرمانی کرد کە هەرچی شتی کۆن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هەیە فڕێ بدرێتە قەراخێکی حەوشەی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە. دوای ئەوەی یەک دوو مانگ تێپەڕی دەستیکرد بە گەڕان بەسەر مزگەوتەکاندا وردە وردە خەڵکی دەناسی.

ڕۆژێک سەردانی مزگەوتی سێ منارەی کرد. خواجە ئەفەندی هاوشێوەی هەمو کاتێکی تری لە دوای تەواوبوونی نوێژ لاپەڕەیەکی قورئانی پیرۆزی دەخوێندەوە و واتاکانی شیدەکردەوە و تەفسیری دەکرد. مامۆستا یاشار بە بێدەنگی گوێی لەو مامۆستا گەنجە گرت. بە زانست و وتارەکەی سەرسام بوو.

مامۆستا یاشار بەم شێوەیە باس یادگارییەکی ڕؤژانی سەرەتای یەکتر ناسینی لەگەڵ خواجە ئەفەندی دەکات: “کاتێک سەرەتا چوومە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف مامۆستای مزگەوتەکان دەهاتن بۆ بەخێرهاتنم. لەوێ تەماشام کرد گەنجێک، کە زۆر نورانی دەردەکەوت لەوێ بوو، پرسیارم دەربارەی ئەو کرد، وتیان ‘ئەوە فەتحوڵا گولەنە ئیمامی دووەمی مزگەوتی سێ منارە’. وتم با ڕۆژێک بڕۆم و گوێی لێ بگرم. ڕۆژێکیان کاتی نوێژێک چووم بۆ ئەوە مزگەوتە. تەماشام کرد ئەو مامۆستایە جەماعەتێکی تایبەتی هەیە، نوێژەکان بەجێدەگەیەنێت، دواتر لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز دەخوێنێت و دواتر تەفسیری دەکات. وتم ئەم گەنجە گەوهەرێکی زۆری تێدایە. بە چاوێکی تر تەماشای ئەو مامۆستایەم دەکرد. دواتر لەگەڵ چەند خوێندکارێکی زانکۆ یەکمان ناسی، لەوانم پرسی ئێوە چی دەخوێنن، ئەوانیش وتیان زمانی عەرەبی. دواتر باسی بابەتی چۆنێتی خوێندن و سەعی کردن کرایەوە و وتیان ‘ئێمە لەگەڵ ئەو مامۆستایەی لە مزگەوتی سێ منارەیە پێکەوە دەخوێنین و سەعی دەکەین’. بە خۆمم وت ئەم گەنجە توانایەکی گەورەی هەیە.”

لەگەڵ هاتنی مامۆستا یاشار بۆ ئێدیرنە خواجە ئەفەندی دۆستێکی دیکەی بۆ زیاد بوو. خواجە ئەفەندی لە بەهاری تەمەنیدا هەم کەسایەتی خۆی بەرەو پێش دەبرد، هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ کەسانی دیکە. ژیانی دوای ئەوەشی لەسەر ئەو دوو ساڵ و نیوەی لە ئێدیرنە مایەوە بنیاد دەنرا.

خواجە ئەفەندی لەو بارەیەوە لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت:

“لە دوای هاتنی مامۆستا یاشار هەستم بە پارێزراوییەکی زیاتر دەکرد. ئەو ئەو بیروبۆچوونە نەرێنییانی بەرامبەر من هەبوون هەمووی لەناوبرد. مامۆستا یاشار لەگەڵ پارێزگار و کەسانی پلە باڵای تەکنۆکراتدا پەیوەندییەکی باشی هەبوو. دەیزانی چۆن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەواندا تێکەڵ ببێت. ئەو وتارانەی لە مزگەوتی سەلیمییە پێشکەشی دەکرد کاریگەر بوون. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کۆمەڵێکی زۆر کۆبوونەوە. نکۆڵی لە ڕۆڵ و خزمەتەکانی ئەو ناکرێت لە نەرمبوونی شاری ئێدیرنە لە بەرامبەر ئایینی ئیسلامدا. لە دوای کودەتاکە وەک کەسێکی دوورخراوە ڕەوانەی ئێدیرنە کرابوو، بەڵام خەڵکی لە ڕادەبەدەر مامۆستا یاشاریان خۆشدەویست. من لە مزگەوتی سێ منارە وتارم پێشکەش دەکرد و بە مەبەستی گوێگرتن لە وتارەکانی مامۆستا یاشار دەچووم بۆ مزگەوتی سەلیمییە.

ئەو وتارانەی ئەو پیشکەشی دەکردن، کاریگەرترین و دڵسۆزانەترین وتاربوون کە هەتا ئەو ڕۆژە گوێم لێ بووبێت. لە وتارەکانیدا بە دڵنیاییەوە نمونەی لە هاوەڵە بەڕێزەکان دەهێنایەوە. من خۆم شەیدای هاوەڵان بووم. ئەوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وای لە من دەکرد بچم بۆ ئەوەی بۆ گوێگرتن.

مامۆستا یاشار لە ئێدیرنە شکۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف گێڕایەوە. کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەش گڕوتینیان تێهاتەوە. جارێکیان لەگەڵ پارێزگار لە نێوان خۆیاندا باسیان لە من کردبوو، و دواتر بەم شێوەیە قسەکانیانی بۆ گێڕامەوە:

پارێزگار لێی پرسیبوو کە چۆن من دەناسێت. لەو کاتەدا ڕاکم ئەفەندیش لەوێ بووە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو یەکێک بووە لەو کەسانەی شکاتیان لە من کردبوو. مامۆستا یاشار بە پارێزگار دەڵێت ‘گەورەم ڕاکم ئەفەندی پێش من ئەو دەناسێت، با ئەو بۆتان باس بکات کە ئەو گەنجە چۆن نمونەیەکی جوانی ڕەوشتبەرزییە’. ڕاکم ئەفەندی لە بەرامبەر ئەو ئەمری واقیعەدا نازانێت چی بڵێت و چی بکات. ناچار دەبێت شتی ئەرێنی بڵێت. ئەوەش کاریگەری لەسەر پارێزگار درووست دەکات. خۆی لە خۆیدا پارێزگار کەسێک نەرمونیان بوو. لە بنەڕەتدا سەرباز بوو. ناوی سابری سارپتر بوو.”

سابری سارپتر ئەفسەرێکی خانەنشینکراو بوو، لە دوای کودەتاکە وەک پارێزگار بۆ ئێدیرنە نێردرابوو. لە ماوەی چوار ساڵ پارێزگاری ئێدیرنەدا بە هیچ شێوەیەک مرۆڤە دیندارەکانی ناڕەحەت نەدەکرد. هیچ کەسێک دەستگیر نەکرد و ستەمی لە هیچ کەسێک نەدەکرد. سابری سارپتری پارێزگار بەدواداچوونێکی بۆ خواجە ئەفەندی کردبوو، و قەناعەتێکی ئەرێنی لە لا درووست بووبوو.

خواجە ئەفەندی ئەوکات لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا بوو، و بە بێ گوێدانە ئەوەی ئەو کەسە لە بنەڕەتێکی سەربازییەوە هاتووە و لە لایەن شۆڕشەوە دانراوە، بە ڕێزەوە ستایشی ئەو هەڵوێستانەی دەکرد کە ناڕەحەتی بۆ موسوڵمانەکان درووست نەدەکرد. بەڵام دواتر کەسێک بە ناوی فەرید قوباد لە جێگەی ئەو وەک پارێزگار دانرا، سەرەڕای ئەوەی کەسێکی مەدەنی بوو، بەڵام کیشەی زۆری بۆ خواجە ئەفەندی درووست دەکرد.

لەو نێوەندەدا، مامۆستا یاشار سووربوو لەسەر ئەوەی ژنێک بۆ خواجە ئەفەندی بهێنێت. کچی خانەوادەیەکی بەدڵ بوو. بارودۆخەکەی بۆ خواجە ئەفەندی باسکرد بەڵام ئەو بە زمانێکی دڵنیایانەوە ڕەتی کردەوە، و وتی:

  • ئەو بابەتەم لە مێشكی خۆمدا سڕیوەتەوە، بە خۆڕایی خۆتان ماندوو مەکەن.

نەیدەویست جگە لە خزمەت خەیاڵی هیچ شتێکی دیکە بچێتە مێشکییەوە. بەو شێوەیە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی هاوسەر بۆ خواجە ئەفەندی دوایین هات. بەڵام جارێکی دیکەیان، کچی خێزانێکی دیکەی ئێدیرنە، لەو کاتەی خواجە ئەفەندی لە شوێنی بانگبێژ دانیشتوو، چووە ناو مزگەتەکەوە. هیچ کەسێکی دیکە لە مزگەوتەکەدا نەبوو. خواجە ئەفەندی هەر ئەوەندەی بینی کچێک بەرەو ڕووی دێت، خێرا بە زۆر توانی خۆی هەڵبداتە شوێنی مانەوەکەی خۆیەوە. کچە گەنجەکە لە شوێنی خۆیدا مایەوە. کەمێک دواتر بە تووڕەییەوە وتی: لە ناو ئەم شوێنەدا تیادەچیت، و دواتر بە خێرایی ڕۆشت.

خواجە ئەفەندی لەو بارەیەوە دەڵێت: “لەو کاتەی لە بەشی پشتەوەی ئەو مزگەوتەکەدا دانیشتبووم، هاوشێوەی ئەوەی بەسەر حەزرەتی یوسفدا (سەلامی خوای لەسەر بێت) هات، تووشی ڕووبەڕوو بوونەوەی کچێک بووم و بە ویستی خودای پەروەردگار توانیم خۆم هەڵبدەمە شوێنی مانەوەکەم و خۆم دەرباز بکەم، بە هۆی ئەوەی ئارەزووەکانیم بە ڕوویدا دابووەوە، وەک خەیاڵ لە یادمە کە ئەو کچە کاتێک ڕۆی بە تووڕەییەوە وتی ‘لێرە بەم شێوەیە لەنێو پەرێشانیدا بمێنەرەوە و تیابچۆ’. لە بنەڕەتدا ئەو خێزانانە هەموویان کۆمەڵێک مرۆڤی زۆر باش و چاک بوون. بەڵام هەرچۆنێک بێت من هەر لە یەکەم هەوڵەوە بڕیاری کۆتایی خۆمم دابوو. خۆمم بۆ خزمەتکردنی ئایینی ئیسلام تەرخان کردبوو و بڕیارمدابوو هاوسەرگیری نەکەم”.

http://www.shaber3.com/gozlerime-baska-bir-hayal-girmesin-tarik-burak-yazdi-haberi/1324350/

 

 

58 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە