بیروڕاهەواڵ

کچی یاسین ئوگان کە ٨٨ ڕۆژ پێش ئێستا ڕفێندرا: دەمەوێت باوکم و ئەو ٥ کەسەی دیکە کە ڕفێندراون بدۆزرێنەوە

ناسۆری کەسوکار و خانەوادەی ئەو ٦ کەسەی نزیکەی ٣ مانگ پێش ئێستا ڕفێندران و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نازاندرێت، ناخ دەهەژێنێت. لە ئێستادا ٨٨ ڕۆژی تەواو بەسەر ڕفاندنی یاسین ئوگاندا تێپەڕیوە، بەڵام هەتا ئێستا بچوکترین سەرەداو دەربارەی ئەو ڕووداوە نەدۆزراوەتەوە.

سەلمای کچی یاسین ئوگان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تامەزرۆیی بۆ باوکی و داوای یارمەتی بۆ دۆزینەوەی باوکی دەخاتەڕوو.

سەلما ئوگان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “من ناوم سەلمایە، یاسین ئوگانی باوکم و ٥ کەسی دیکە ڕفێندران. لە هیچ شوێنێکەوە ناتوانین هیچ هەواڵێک بەدەست بهێنین. چەندین سکاڵا و داواکاریمان ئاراستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی دیکە کردووە. بەڵام هیچ کامیان هەواڵێکیان پێ نەداین. داوای یارمەتیتان لێدەکەم بۆ ئەوەی باوکم و ئەو پێنج کەسەی تر بدۆزرێنەوە.”

ڕۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠١٩ یاسین ئوگان و ئۆزگور کایا لە ماڵەکانی خۆیانەوە لە لایەن چەند پۆلیسێک بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ڕفێندران و توورەکەی ڕەش کرایە سەریان. لە ئێستادا بنکەی پۆلیس نکۆڵی لەوە دەکەن ئەو کەسانە لە لای ئەوان بن و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە نازاندرێت.

لەگەڵ ئەو دوو کەسەدا چوار کەسی دیکەش ڕفێندراون و چەند مانگێکە هیچ هەوالێک لە بارەیانەوە نازاندرێت. چەندین جار لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا بە سەرپەرشتی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو و سێزگین تانریکوڵو داوای لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە کردووە، بەڵام وەزیری ناوخۆ و وەزیری داد هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە نادات و بابەتەکە بە هەند وەرناگرێت، بەدواداچوون بۆ پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و چەوساوەکان ناکرێت.

71 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە