هەواڵ

دانپێدانانی ‘بەرتیلی مزگەوت’

ئەو هەرایەی جەنگیز کامیل فرات باڵیۆزی تورکیا لە کرگزستان لە کاتی بەربانگێکی کەلتوری کە لە لایەن وەزارەتی ئەوقافی کرگزستانەوە ڕێکخرابوو، درووستی کرد، بووە هۆی ئەوەی خۆی و وڵاتەکەی پێ شەرمەزاربێت. فرات ڕەتی کردەوە لەگەڵ ئەندامانی بزاڤی خزمەتدا لە هەمان بەربانگدا ئامادەبێت و لە کاتی بەجێهێشتنی خوانەکەدا ئابڕووچوونێکی گەورەی خۆی و وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و وتی: “ئێمە مزگەوتێکی ٣٥ ملیۆن دۆلاریمان بۆ ئێوە درووست کردووە، ئێوەش ئێمەتان لەگەڵ تیرۆریستان لەسەر هەمان مێز دانیشاندووە”.

دەکرێت بڵێین لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا هەموو ئامانجی ئێردۆغان و پارتەکەی تەنها لەناوبردن و کۆتایی هێنان بە بزاڤی خزمەت بووە. هەموو ڕۆژێک ئۆپەراسیۆنێکی نوێ، پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ، هەواڵی ئەشکەنجەدان دواییان نایەت… هەڕەشە و ستەمکارییەکان تەنها لە چوارچێوەی سنورەکانی تورکیادا نامێننەوە. پێش ئۆپەراسیۆنەکانی ١٧ بۆ ٢٥ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ کە لە بەرامبەر گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتنی چەند وەزیرێک ئەنجامدرا، بەرپرسانی ئاکەپە سەردانی هەر وڵاتێکیان بکردایە بە دڵنیاییەوە سەردانی خوێندنگە و دامەزراوەکانی بزاڤی خزمەتیان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن و هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی دەرگای ئەو خوێندنگایانە دابخرێت. کاتێک دەڵێین هەموو ڕێگەیەک، بە زمانی خۆیان؛ بەرتیل و فرت و فێڵ. لەو شوێنانەی سەرکەوتوو بوون لە پلانەکانیان بە شێوەیەکی گشتی وڵاتانی ئەفریقا بوون کە دیموکراسییان تێدا جێگیر نەبووە. لە هەموو پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بە دڵنیاییەوە داخستنی خوێندنگەکانی سەر بە بزاڤی خزمەت دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

کاتێک یەکێتی سۆڤییەت ڕووخا، ئەندامانی بزاڤی خزمەت یەکەم کەس بوون کە لە تورکیاوە چوونە ئەو وڵاتانە لە دوای بەدەستهێنانی ئازادییان. سوارچاکانی بزاڤی خزمەت تەنها بە جانتایەکی کەلوپەلەکانیانەوە چوونە ئەو وڵاتانە و یەک لە دوای یەک خوێندنگە و دامەزراوەی پەروەردەییان کردەوە. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەو خوێندنگایانە بوونە باشترین خوێندنگە لەو وڵاتانەدا. ئەو شتەی کە خزمەتی هێشتبووەوە، هێندەی کوالیتی خوێندنگەکان، کوالیتی مرۆڤەکان بوو. لەو ساڵانەدا حکومەتی تورکیا هەوڵی دەدا ڕۆڵی برا گەورە ببینێت و ئەو وڵاتانە وەک لێقەوماو و داماو ببینێت، ئەوەش شان و شکۆی خەڵکی ئەو وڵاتانەی دەشکاند. بەڵام بزاڤی خزمەت دەیوت حەسرەتی ٧٠ ساڵیی تەواو بوو، هاتووین بۆ یەکتر لەئامێزگرتن. ئەو شتانەی کە دەکران وەک بەخشش تەماشا نەدەکران. هیچ هەڵوێستێکی خۆبەزلزانی نەبوو. لەسەر هەمان سفرە دادەنیشتن، پێکەوە پێدەکەنین و پێکەوە فرمێسکیان هەڵدەڕشت. ئەو هەڵسوکەوتە ڕاستگۆیانە وای کرد بزاڤی خزمەت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بچێتە ناو دڵەکانەوە.

خەڵکی کرگزستان لە دوای ١٥ی تەموزەوە سەرەڕای هەموو فشارەکان، پارێزگارییان لە بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی کرد چونکە وەک بەشێک لە خۆیان تەماشایان دەکرد. وتیان لە کرگزستاندا کردنەوەی خوێندنگە ئازادە، فەرموون ئێوەش وەرن و خوێندنگە بکەنەوە. ئەو هەڵوێستەی کرگزستان بووە هۆی تووڕەبوونی ئێردۆغان و پارتەکەی. بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو، دەیانویست هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت وەک تیرۆریست لە قەڵەم بدرێن، بەڵام ئەو خواستەیان ڕەت کرایەوە. دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت لە ڕێگەی فشارەوە ناتوانن هیچ شتێک بەدەست بهێنن، دواتر ڕێگەی بەرتیلیان تاقیکردەوە. پارە نەیدەتوانی هەموو کەسێک بکڕێت. دواتر ڕێگەیەکی نوێیان دۆزییەوە کە بریتیی بوو لە وەبەرهێنان. جۆری وەبەرهێنان لە وڵاتە موسوڵمان نشینەکاندا بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە مزگەوت.

لەو ئابڕووچوونەدا کە لە کرگزستان ڕوویدا، جەنگیز کامیل فرات لە کاتی بەجێهشتنی بەربانگەکەدا دانی بەوەدا نا کە ئەو مزگەوتەی بە پارەی باجی خەڵکی تورکیا درووست کراوە، بۆ خێر نا، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ فشارکردن درووست کراوە. ‘ئێمە مزگەوتێکی ٣٥ ملیۆن دۆلاریمان بۆ درووست کردوون’. واتە مزگەوتێک نییە لەبەر ڕەزامەندی خودای گەورە درووست کرابێت. بە گوێرەی ئەوان، ئەوە بەخششێکە لە بەرامبەر داخستنی خوێندنگەکانی سەر بە بزاڤی خزمەت و ڕادەستکردنەوەی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە تورکیا. ئەوە نەخۆشی بەردەوام بەڕوودادانەوەی ئەو کارە باشانەیە کە دەکرێت.

باڵیۆزی دەیان وڵات بۆ خوانی ئەو بەربانگە بانگهێشت کرابوون. لەو خوێندنگایانەدا کە باڵیۆزەکەی تورکیا دەڵێت “ئەمانە تیرۆریستن” کچی ئەو موفتییەی کە میوانداری بەربانگەکەی دەکرد لەو خوێندنگایانەدا دەخوێنێت. هەموو ئەو کەسانەی ئەو پێیان دەڵێت تیرۆریست پاسپۆرتی کرگزستانیان هەڵگرتووە. باڵیۆزەکەی تورکیا سەرەتا داوا دەکات هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە خوانەکە بکرێنە دەرەوە. ئەو شاندەی بەربانگەکەیان ڕێکخستبوو لە وەڵامدا پێی دەڵێن “لە کەلتوری ئێمەدا نییە هیچ بانگهێشتکراوێک بکەینە دەرەوە. بە تایبەت لە ڕەمەزاندا بە هیچ شێوەیەک شتی وا نابێت”. دوای ئەوەی باڵیۆزەکەی تورکیا داواکارییەکەی جێبەجێ ناکرێت بە ،مەبەستی خۆدەرخستن و تێکدانی کەشی بەربانگەکەدا ئەو شوێنە جێدەهێڵێت.

56 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە