بزاڤی خزمەتهەواڵ

ئەو وتە هەستبزوێنانەی لە بەربانگی لێبوردەیی و دیالۆگ ووتران

 

لە بەربانگی کەلتوری ‘لێبوردەیی و دیالۆگ’ دا کە لە لایەن فێدراسیۆنی ڕێکخراوە چالاکەکانی بەلجیکا (FEDACTIO) وە ڕێکخرابوو، ئەو دەیان هەزار زیندانییە بێتاوانە لەیادنەکرا کە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە گرتووخانەکاندا بەسەر دەبەن. فۆواد ئاهیدار جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەلجیکا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەربانگەکەدا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ئێستادا زۆرێک لە خزم و کەسوکاری زۆربەی ئەو کەسانەی لە هۆڵەکەدان لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر دژواردا لە تورکیا دەژین. ئاهیدار کاتێک وتی “ڕەنگە ئێمە یەکێک نەبین لە ئەندامانی خانەوادەی ئێوە، بەڵام ئەوەندەی لەدەستمان بێت هەوڵ دەدەین جێگەی ئەوانتان بۆ پڕ بکەینەوە. پشتیوانییەکانمان لەگەڵ ئێوەدان” ناخی هەموو ئامادەبووانی هەژاند.

نوێنەرانی هەریەک لە کەرتەکانی سیاسەت، پەروەردە، هونەر، دونیای کار، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و گروپە ئایینییەکان بەشدارییان لە بەربانگەکەدا کرد. بەرنامەکانی بەربانگەکە لە ئوتێلی کراون پلازا لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەربانگەکەدا پەیامی یەکبوون و پێکەوەیی و دیالۆگ دووپات کرایەوە.

نزیکەی ٣٠٠ کەس بەشدارییان لە بەربانگەکە کرد

چەندین کەسایەتی دیاری وەک: سڤین گاتز وەزیری کەلتور، بریگیت گرۆوێڵسی سیناتۆر، جۆرج داڵمن ئەندامی پەرلەمانی بەلجیکا، ئێرنێست ساگاگا ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین ڕێکخراوی ئایینی دیکەی وەک (ئایین بۆ ئاشتی) و نزیکەی ٣٠٠ کەسی دیکە بەشدارییان لە چالاکییەکانی بەربانگەکەدا کرد.

“ئێوە بەم چالاکییانەتان پەیامی ئەوە بە جیهان دەدەن کە ئیسلام ئایینی ئاشتییە”

بێرنارد کلارفایت سەرۆکی شارەوانی شاربیک لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا چەند وتەیەکی پێشکەشکرد و باسی لەوە کرد کە ئەوان دەزانن مانگی ڕەمەزان چ گرنگییەکی هەیە بۆ موسوڵمانان و ڕایگەیاند “ئێوە لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەتانەوە بە شێوەیەک زۆر جوان پەیامی ئەوە بە جیهان دەدەن کە ئایینی ئیسلام ئایینێکی کراوە بە ڕووی گفتوگۆ و ئایینی لێبوردەیی و لە هەمووی گرنگتر ئایینی ئاشتی و پێکەوەژیانە”.

بێرنارد کلارفایت لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو خۆی ئایینی ئیسلامی بە هۆی ئەو ڕووە جوانانەوە خۆشویستووە و باسی ئەو نمونە جوانانەی بۆ ئەو کەسانە کردووە کە بە خراپ دەربارەی موسوڵمانان و ئایینی ئیسلام قسە دەکەن.

سڤین گاتز وەزیری کەلتوری بەلجیکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەلجیکا وڵاتێکی لیبڕاڵ و سۆسیال دیموکراتە و ڕایگەیاند “ئەو بنەمایانەی وای کردووە ئێمە پێکەوەبین بریتییە لە ئازادی و یەکسانی و فرەیی. من سوپاسی ئەم جۆرە چالاکییانە دەکەم بە هۆی ئەوەی پشتیوانی لەو بیروبۆچوونانە دەکەن.”

“لە کاتێکدا ئێمە بە ئازادی لە مانگی ڕەمەزاندا دەژین، کۆمەڵێک بێتاوان لە گرتووخانەکانی تورکیادا ڕەمەزان بەڕێدەکەن”

فۆواد ئاهیدار جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەلجیکا لە چالاکییەکاندا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەو شەوەدا لە چەند شوێنێکی دیکەوە بانگهێشتی چالاکی دیکە کراوە، بەڵام بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانییەکانی بۆ ئەو جۆرە چالاکییانە بڕیاریداوە بەشداری لەم چالاکییەدا بکات.

ئاهیدار لە وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە کاتێکدا ئەوان بە ئازادی لە مانگی ڕەمەزاندا دەژین و دەتوانن بە ویستی خۆیان پارشێو بکەن و لە بەربانگدا ڕۆژووەکانیان بشکێنن، لە تورکیادا هەزاران کەسی بێتاوان لە گرتووخانەکاندا مانگی ڕەمەزان بەڕێدەکەن.

ئاهیدار لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا زۆرێک لە خزم و کەسوکاری زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێ ئامادەبوون لە تورکیادا لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر دژواردا دەژین و کاتێک وتی “ڕەنگە ئێمە یەکێک نەبین لە ئەندامانی خانەوادەی ئێوە، بەڵام ئەوەندەی لەدەستمان بێت هەوڵ دەدەین جێگەی ئەوانتان بۆ پڕ بکەینەوە. پشتیوانییەکانمان لەگەڵ ئێوەدان” ناخی هەموو ئامادەبووانی هەژاند.

 

24 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە