بیروڕاهەواڵ

‘ڕۆژوو ئەو پەرستشەی لێخۆشبوون لەگەڵ خۆی دەهێنێت’

نووسینێک بە خامەی مامۆستا عەبدوڵا ئایمز

 

کتێبێکی نوێی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بە ناونیشانی ‘ڕۆژوو ئەو پەرستشەی لێخۆشبوونی لە خۆیدا هەڵگرتووە’ بڵاوکرایەوە کە هەڵقوڵاوی ئەو وتارانەیە کە مامۆستا فەتحوڵا لەسەر مینبەری مزگەوتەکان پێش ساڵانی ١٩٨٠ دەربارەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ڕۆژوو گرتن باسی کردبوون.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سورەییا بەرهەمێکی نوێی مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) بە ناونیشانی ‘ڕۆژوو ئەو پەرستشەی لێخۆشبوونی لە خۆیدا هەڵگرتووە’ بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمەی خواجە ئەفەندی هەڵقوڵاوی ئەو وتارانەیە کە پێشتر لە سەردەمی وتاربێژیدا لە پێش ساڵانی ١٩٨٠ لە وتارەکانیدا دەربارەی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووکردن باسی کردبوون. بە مەبەستی ناساندنی ئەم بەرهەمە دەمەوێت چەند دەقێکی ئەو بەرهەمەتان بۆ بخەمەڕوو:

“هیچ مانگێک نییە جگە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز کە هێندە لەگەڵ قورئانی پیرۆز ئاوێتە بووبێت و شەوەکانی بە شێوەیەک نورانی بێت و ڕۆژەکانیشی بە شێوەیەکی دیکە بە ڕووی ڕووناکییەکاندا کرابێتەوە. مرۆڤ لەگەڵ هاتنی هەر ڕەمەزانێکی نوێدا جارێکی تر قورئان و هەموو ئاماژەکانی کە بە سەر گەردوون و شوێنەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لە سیمای باوەڕداراندا دەبینێت و هەستی پێ دەکات. بەڵێ لە ڕەمەزاندا قورئان، لەو ڕووخسارە پاکانە هەموو غەم و خەفەتێک لەناو دەبەن و ئەو چاوە درەوشاوانەی قووڵایی واتاکەی دەردەخەن، بە شێوەیەکی جیاوازتر ژیانی دواڕۆژ دەدرەوشێنێتەوە.”

ئەو پەندی پێشینانەی کە دەڵێت “هەموو شەوێک بە شەوی قەدر و هەموو کەسێک بە حەزرەتی خضر بناسە” وتەیەکی زۆر پڕ واتایە. بەڵێ هەروەک چۆن شەوی قەدر لە نێو شەوەکاندا شاراوەیە، بە هەمان شێوە حەزرەتی خضر (سەلامی خوای لەسەر بێت) لە نێو مرۆڤەکاندا شاراوەیە. ئێوە ئەگەر ڕێز لە هەمووان بگرن، یارمەتی هەموو لێقەوماوێک بدەن، دەستی هەموو کەسێک بگرن، سینەتان بۆ هەموو مرۆڤێک بکەنەوە،  ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبەڕووی خضرێک لە ئەهلی ئیمان دەبنەوە و باخچەی دڵی ئێوەش سەوز دەبێت. بەو شێوەیە خودای گەورە لە پێناو ئەوەی ئێمە بەردەوام بە وریاییەوە هەڵسوکەوت بکەین و دووربین لە گرژی و ئاژاوە، ئەو دوانەی بە نهێنی هێشتووەتەوە و هانمان دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام وریا و بەئاگابین. ئەگەر بەو شێوەیە لە ناخەوە لەگەڵ خودای گەورەدا لە پەیوەندیدا نەبین، ئەوا دۆزینەوەی شەوی قەدر و حەزرەتی خضریش کارێکی قورس دەبێت. هەموو ئەوانە تەنها کاتێک لە دڵ و دەروونی خۆتاندا ڕاستگۆییان دۆزییەوە؛ دواتریش کاتێک پێش هەموو شتێک لە ناخی خۆتاندا بە دوای ئەو شتانەدا گەڕان و دۆزیتانەوە، ئەوکات پەردەی نهێنی لە پێش چاوتان هەڵدەگیرێت. ئەگەر لە ناختاندا هەستی “خێرا بە ئەنجام گەیشتن” دەبێت، یاخود پابەندبن بە هەستی ‘خێرا بیدۆزمەوە، خێرا بیبینم، خێرا بەدەستی بهێنم’، پێویستە زۆر زیاتر چاوەڕێ بکەن.”

“هەموو شتێک زەکاتی خۆی هەیە. زەکاتی لاشەش بریتییە لە ڕۆژووگرتن. ڕۆژوو نیوەی ئارامگرتنە” (بوخاری)

“پارشێو بەرەکەتی تێدایە. تەنانەت ئەگەر بە خواردنەوەی قوومێک ئاویش بێت بە دڵنیاییەوە پێویستە پارشێو بکەن. جگە لەوە خودای گەورە بە ڕەحمەتی خۆی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەجوڵێتەوە کە پارشێو دەکەن؛ فریشەکانیش نزایان بۆ دەکەن و داوای لێخۆشبوونیان لە خودای پەروەردگار بۆ دەکەن.” (بوخاری)

سوود و دەستکەوتەکانی ڕۆژوو بۆ تاک:

  1. فێری ئارامگری دەکات.
  2. نەفس پەروەردە دەکات.
  3. قەڵغانێکە لە بەرامبەر تاوانەکان.
  4. ڕۆح بەرەو کامڵ بوون دەبات.
  5. مرۆڤ بەرەو مەلەکییەت بەرز دەکاتەوە.
  6. بەهای نیعمەتەکانی فێر دەکات.
  7. پەیوەندییەکانی لەگەڵ خودای گەورە بەهێزتر دەکات.
  8. بەیەکگەیشتنەوەی لەگەڵ خودای گەورە بیر دەخاتەوە.
  9. بە سوودە بۆ تەندرووستی.
  10. لەسەر خۆپاراستن لە زیادەڕەوی ڕایدەهێنێت.
  11. فێری وەفا و ڕاستگۆیی دەکات.
  12. شایستەی نیعمەتە ئەبەدییەکانی دەکات.
  13. فێری پارێزگاری کردن لە ئەمانەتی دەکات.
  14. فێری پشتبەخۆبەستن (موستەغنی بوون) ی دەکات.
  15. نهێنی صەمەدییەتی بۆ دەردەخات.
  16. لەسەر پابەندبوون و ڕێککردنەوەی هەڵسوکەوت ڕایدەهێنێت.

 

سوودەکانی ڕۆژوو بۆ کۆمەڵگا:

  1. یەکبوون و پێکەوەیی کۆمەڵگا دەپارێزێت.
  2. بارودۆخی هەژاران بەبیردەهێنێتەوە.
  3. ڕێگری لە سواڵکردن دەکات.

 

“هەستکردن بە قووڵایی ڕەمەزان خۆی، کەمێک پەیوەندی بە قووڵای ئەو کەسەوە هەیە کە دەیەوێت هەست بە ڕەمەزان بکات. مرۆڤ لە چ ئاستێکدا لە مانگی ڕەمەزاندا دەژی با بژی، بە گوێرەی ڕواڵەتی ناکرێت ئیدانە بکرێت. هەرچەندە نەچووبێتە قوڵایی بابەتەکەشەوە، کەسێک ڕۆژووەکانی بگرێت و نوێژە تەراویحەکانی بەجێبگەیەنێت پاداشتی ئەوەی دەست دەکەوێت، وە هەروەها لە بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانیشی ڕزگاری دەبێت. هەرچۆنێک بێت، ئەو پاداشتەی بەدەستی دەهێنێت بە گوێرەی وردی و ڕۆچوونی لەناو بابەتەکەدا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، کەسێک ئەگەر بە تەواوی هەستەکانی خۆیەوە ئەو پەرستشانە بەجێبگەیەنێت ئەوا هەم لەم دونیایەدا و هەم لە ڕۆژی دواییدا بە چەند هێندە زیاتر پاداشت دەدرێتەوە.

بەڵێ، پێویستە منداڵ لە لانەکەیدا بە باشی پەروەردە بکرێت، لە دەرەوە هاوڕێی باشی هەبێت، کاتێک دەچێت بۆ مزگەوت پێویستە ببینێت کە ئایین بە قوڵایی بەرجەستە دەبێت، وە هەروەها پێویستە لە خوێندنگەدا هەندێک شتی مەعنەوی فێربکرێت بۆ ئەوەی سەرەنجام بتوانێت ببێتە موسوڵمانێکی باش.

بۆ نمونە کۆمەڵگا دەتوانێت لە نێوان خۆیاندا ڕێکەوتنێک بکەن و بڵێن: ‘وەرن با ئەم مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە بە شێوەیەکی جیاوازتر قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە. لە کاتێکدا کە بە عەرەبی دەیخوێنینەوە با لە لایەکی دیکەشەوە واتا و تەفسیرەکەی بخوێنینەوە. با پەیمان بە یەک بدەین کە لە نوێژە تەراویحەکاندا خەتم بکەین. با لە کاتی بەجێگەیاندنی نوێژی تەراویحدا هەتا دەتوانین صەلاوات لەسەر پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) بدەین. با کتێبی نزاکانی وەک جەوشەن و ئەوراد ئەلقودسییە بخوێنین. هەر شتێک وامان لێبکات بە شێوەیەکی قووڵتر هەست بە مانگی ڕەمەزان بکەین با بیکەین’. خۆی لە خۆیدا ئەو شتەی کە درووستە و (موستەحەبە) ئەوەیە کە لە دوای هەر سەلامدانەوەیەکی نوێژی تەراویح هێندەی ئەو کاتی نوێژەکە دابنیشن و شتێک بخوێنن. کاتێک دوو ڕکات نوێژی تەراویح ئەنجام دەدەن، پێویستە هێندەی دوو ڕکات، بگرە هێندەی چوار ڕکات دابنشن و شتێک بخوێننەوە. ڕەنگە ئەگەر هەموو ڕۆژێک کۆمەڵێک نزای جیاواز بخوێنن بەردەوام بتوانن هەستەکانتان بە زیندوویی بهێڵنەوە.

بەڵێ بەو شێوەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو کۆمەڵانەی پێکەوە کۆبوونەتەوە دەتوانن لە نێوان خۆیاندا ڕێکەوتنێکی لەو جۆرە بکەن.

خولاصەی کەلام، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە تەواوی هەست بە هەموو قوڵاییەکانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بکرێت، پێویستە مرۆڤ سەرەتا درک بە هەموو قوڵاییەکانی ناو ناخی خۆی بکات.”

http://www.shaber3.com/gufranla-tullenen-ibadet-haberi/1324274/

 

63 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە