بیروڕاهەواڵ

چیرۆکێکی نائاسایی ئازاد کردن!

فاتمە بەتول مەریچ

نوسەر و ڕۆشنبیری بەناوبانگی فەڕەنسی سیمیۆنە دێ بوڤێرە، لە یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانیدا دەڵێت Happy  people have  no stories، واتە خەڵکی دڵخۆش چیرۆکی ژیانیان نیە!

 

واتە ئەوانەی بە ئازاری ڕاستەقینەدا تێدەپەڕن و تەواوی ڕێڕەوی ژیانی گۆڕاوە و، سەرەڕای ئەمە کۆڵی نەداوە و مرۆڤێکی خۆڕاگر بووە، ئەمانە ئەو مرۆڤانەن کە چیرۆکێکیان بۆ گێڕانەوە هەیە.

 

هەربۆیە لە هەلومەرجی بارودۆخێکدا کە ترس و تۆقین ڕوو لە زیاد بوونە، لەو شوێنانەی کە هەموو جۆرە حەسرەتێک تێیاندا هەیە، لە سەردەمانێکدا کە زەمان چەشنی چەقۆیەکی کولی ژەنگاوی لاشەی مرۆڤ دەبرێت، پێویست بە باسی ژیانی مرۆڤە قارەمانەکان دەکات.

هەربۆیە وتوویانە” قسە دەفڕێت و نوسین دەمێنێتەوە”.

سالیحە خانم کارمەندێکی تەندروستی بوو، لە یەکێک لە بنکە تەندروستیەکانی کەرتی گشتیدا کاری دەکرد.

 

دایکی دوو منداڵە.

بە بێ هیچ هۆیەک، سەرەتا لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە و خۆیی و مێردەکەی لە پڕێکدا بێ کار دەکەون.

 

“ئەوەی تاوانێکی ئەنجام دابێت دەترسێت، من هیچ ترسم لە خۆم نەبوو. نەڕۆشتم بۆ هیچ شوێنێک و لە هەمان ناونیشانی خۆم مامەوە. بەڵام هەموو شەوێکیش بە نیگەرانیەوە چاوەڕێی ئەوەم دەکرد کە لە دەرگای مالەکەم بدەن”. بەم شێوەیە دەست دەکات بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی.

 

پاش ٩ مانگ لە دەرکردنی لە کارەکەی، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧ و لە کۆتایەکانی مانگی ڕەمەزاندا دەبێت، لە دوای پارشێو، کاتژمێر ٦ ی سەر لە بەیانی، تەقە لە دەرگای ماڵەکەی دەدەن.

 

“ئەمە شتێک بوو چاوەڕێم دەکرد. کاتێک لە کونی دەرگاکەوە سەیرم کرد، چاوم بە هەندێک پۆلیس کەوت. بەڵام دیسان ئەو کاتەی بە ڕاستی ئەمەت بەسەر دێت، جیاوازیەکی زۆری هەیە. ئەو پۆلیسەی لە کونی دەرگاکەوە بینیم، ڕێک ئەو پۆلیسە بوو کە پێش چەند ڕۆژێک هاتە خەوم و کەلەپچەی لە دەست کردم و بردمی بۆ زیندان”.

تێگەشتم لەوەی خودای گەورە، بۆ ئەوەی پێش ڕووداوەکە ئامادەکاریم تێدا دروست بکات، سەرەتا لە ڕێگەی خەوەوە ئاگاداری کردمەوە.

لەو کاتەدا ڕێک بیرم بە لای منداڵەکانم و دایکمدا چوو کە نەخۆشی شێرپەنجەی لەگەڵدایە. بیرم لەوە کردەوە کە دەبێت بە بێ من چی بکەن. دایکم بە هۆی ئەو خەفەتەوە زیاتر نەخۆش کەوت. چونکە ئەگەر هەبوو کە جارێکی تر بە چاوی دونیای من نەبینێتەوە.

لەو کاتەی من بیرم لەمانە دەکردەوە، پۆلیسەکان هاتبوونە قاتی یەکەمی ماڵەکەمەوە. هاوسەرەکەشم لە شڵەژاوی خۆیدا نەیدەزانی چی بکات و منداڵەکانیشم دەستیان بە گریان کردبوو. “تاوانەکەمیان” بە ڕوومدا خوێندەوە و وتیان، جانتاکەتان ئامادە بکەن، دەبێت بچن بۆ زیندان.

منیش لە ئەعرافی نێوان خەیاڵ و واقعدا دێم و دەچم.

 

هەستم بەوە دەکرد لە خەوێکی ناخۆشدام و دەمپرسی تۆ بڵێیت گەر بە ئاگا بێمەوە، هەموو شتێک وەک خۆی لێبێتەوە، چونکە هیچ تاوانێکم ئەنجام نەدابوو.

لە ماڵەکەمدا پشکنینیان ئەنجامدا و ورد و دروشتی ماڵەکەیان سەیر کرد. منیش لەلای دۆڵابی جلەکانم وەستاوم و بیر لە هەڵگرتنی ئەو شتانە دەکەمەوە، کە دەشێت لە زیندان پێویستیم پێیان دەبێت.

پاش کەمێک پۆلیسەکان لەبەرچاوی منداڵەکانم، کە دەستیان بە گریان کردبوو، پەلیان گرتم و، سەرەتا بردیانم بۆ پشکنینی پزیشکی.

لە نەخۆشخانە پزیشکەکان زوو زوو پرسیاری ئەوەیان لێدەکردم کە ئایا هیچ لێدان و ئەشکەنجەیەکم توش بووە لە کاتی دەستگیرکردندا یاخود نا، بەڵام پرسیاری ئەو زەبر و لێدانەیان لێنەدەکردم کە بەر ڕۆحم کەوتبوو!

 

کاتێک چوومە بنکەی پۆلیسیش، پرسیارەکانیان سەبارەت بە شتانێک بوو کە لە ڕاستیدا هیچ ڕەهەندێکی تاوانیان تێدا نەبوو.

 

لەبەرچی لەو دەزگایە کارت دەکرد؟

لەبەرچی منداڵەکانت بۆ ئەو خوێندگەیە دەنارد؟

لەبەر چی لەو بانکەدا پارەت داناوە؟

**

 

هەلومەرجی شوێنی دەستگیرکردنی ناو بنکەی پۆلیس زۆر خراپ بوو. پێکەوە لەسەر بەتانیەک نوێژمان کرد و پاشان هەریەکەمان بەسەرە لەسەری خەوتین. پاشان بەربانگ و پارشێومان لەسەر هەمان بەتانی کردەوە.

پاشان ڕەوانەی دادگا کراین، ٩ کەس بووین کە پێنجمان ژن بوو. کەسمان یەکترمان نەدەناسی، داواکاری گشتی لە ڕیگەی لێپرسینەوەکانی پۆلیسەوە، داوای دەستبەسەرکردنی ٤ کەسمان و ئازادکردنی پێنجەکەی ترمان بە شێوەیەکی مەرجدار، کردبوو.

کاتێک پێش دادگا ئەم هەواڵەمان بیست، قسەکەی حەزرەتی عومەرم بی کەوتەوە کە دەڵێت” گەر بڵێن کەسێک دەچێتە بەهەشتەوە سەرەتا هیوای ئەوە دامدەگرێت کە تۆ بڵێیت من بم، کاتێک دەشڵێن کەسێک دەچێتە دۆزەخەوە، ترسی ئەوەش دامدەگرێت کە من بم”. منیش لە نێوان هەمان هەستی ترس و هیوادا، دەهاتم و دەڕۆشتم.

پیاوەکان وتیان، پشتیوان بە خودا ئەوەی دەستبەسەر دەکرێت ئێمە دەبین.

پشتیوان بە خودا ئەوەی ڕزگاری دەبێت خوشکەکانمان دەبن.

بەم شێوەیە نزایان دەکرد.

 بەڵام چارەیەکمان نەبوو، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ من و خانمێکی تر دەرچوو، تەنانەت پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە خێزانەکەمان بکەین، ملی ڕێگەی زیندانیان پێگرتین.

کاتێک چووینە زیندان، بێ ئەوەی بە گوێرەی یاساکان رێکارێکی وەها پێویست بکات، پشکنیێکیان بۆ ئەنجامداین کە دەبوو هەموو جلەکانمان دابکەنین. سەرەتا ئێمەیان خستە قاوشێکی کاتیەوە و پێش ئەوەی بچینە قاوشی تایبەت بە خۆمان، ئەو شتانەی لەگەڵ خۆمان هێنابوومان بۆ زیندان، هیچیان پێنەداین.

پاشان یەکێک لەو خانمانەی لەگەڵ ئێمەدا هاتبوویە زیندان، تەنورەیەکی درێژی لەبەردابوو کە لە ژێرەوە پانتۆڵێکی نیلی لەبەر کردبوو، بە زۆر پانتۆڵەکەیان پێداکەند و ئەویش لە کاتی نوێژدا بە ناچاری سەرچەفێکی لە خۆی دەئاڵاند. چەند ڕۆژیش هەر بەو سەرچەفەوە دەسوڕایەوە.

 

لە قاوشە کاتیەکاندا هیچ شتێک بوونی نەبوو، تەنانەت پەرداخێکیشی لێنەبوو. سەرەرای ئەوەی پارەمان پێبوو، بەڵام ڕێگەیان نەداین لە کافتریان ئەو شتانە بکڕین کە پیویستمان پێیبوو.

وتمان چۆن ئاو بخۆینەوە، وتیان لە بەلوعەکانی تەوالێت! وتمان ئەی پەرداخ؟ وتیان دەمتان بنێن بە بەلوعەکانی تەوالێتەوە و بەو شێوەیە بیخۆنەوە. لەوێدا بیری قسەکەی ئێردۆغانمان کەوتەوە کە وتی” تەنانەت ئاویشیان پێمەدەن”.

پاش ئەوەی ٣ ڕۆژ لەو قاوشە ماینەوە، لە ژووری بەڕێوەبەرەکە لیژنەیەکیان پێکهێنا و هەریەکەمانیان بەسەر قاوشێکی جیاوازدا دابەش کرد.

کاتێک گەشتمە قاوشەکەی خۆم، بینیم کەوا هەرکەسێک لەلایە خۆیەوە بەرپرسیارێتیەکی هەڵگرتووە، سیستەمێکیان بۆ خۆیان پێکهێنابوو. ئەو ژنانەی بە تەمەن گەورە بوون، سەوزە و میوەکانیان پاک دەکرد و دەیانجنی  و بۆ لێنان ئامادەیان دەکردن. ئەوانەشی لە تەمەندا گەنج بوون، خەریکی پاکوخاوێنی بوون. پاشان منداڵێکی بچوکی بە ناوی بەتولەوە لێبوو، بە دەنگە ناسکەکەی، ئاوازەکانی بەهەشتی بۆ ناو قاوشەکەمان دەگواستەوە. بە پێکەنینەکەی بەهاری دەهێنا بۆ سەر دەموچاومان. بیری ژیانی دەخستینەوە. پاشان بیری منداڵەکانی خۆمی دەخستمەوە، ئەو بەرخۆلانەی بە ناچاری لە دەرەوە جێمان هێشتبوو. ئەو کاتەی لە زیندان بووم، سەرەتا بۆ دایکە نەخۆشەکەم دەگریام کە شێرپەنجەی لەگەڵدا بوو، پاشان بۆ منداڵەکانم.

هەرکاتێک مێردەکەم دەهات بۆ سەردانم، زۆر داوام لێدەکرد کە بە باشی ئاگای لە دایک و منداڵەکانم بێت و، وەها لە دایکم نەکات هەست بە نەبوونی من بکات.

بە درێژایی ڕەمەزان لە دوای هەموو نوێژەکان تەسبیحاتمان دەکرد و نزامان دەکرد.

پاشان یەکێک لە هاوڕێکانمان، دەستی دەکرد بە نزاکردن بەو شێوەیەی لە ناخیەوە هەڵدەقوڵێت، بە فرمێسکی چاوەکانیەوە چەندین خولەک نزای دەکرد.

بە ڕۆژ خەتمی قورئانمان دەکرد و دوای هەموو نوێژێک، بە تاسەوە چاوەڕێی نوێژی داهاتوومان دەکرد.

هەندێک لەو خانمانەی کە خاوەنی چەندین نەوە بوون، چەندین مانگ پێش من، راستەوخۆ لە دوای ١٥ ی تەموز دەستبەسەر کرابوون. ئەوەیان بۆ گێڕامەوە کە لە سەرەتای زیندانی کردنیاندا، هیچ کامیان بەرماڵ و تەسبیحیان پێنەدراوە هەتا لە کاتی نوێژەکاندا بەکاری بهێنن. پاشان هەریەک لەوان هێندەی ئەوەی سورەتی یاسینیان لەبیرماوە، لە پەڕەیەکدا نوسیویانەتەوە و پێکەوە خوێندوویانە. هەمیشە دەیانوت” سەرە دەبەی ئاو و ناوکە گوڵەبەڕۆژە نەما تەسبیحی لێ دروست نەکەین و زیکری پێنەکەین!”.

منیش سەرم سوڕما، دەسەڵاتێک کەوا ئارگومێنتی دینی بەکار دەهێنێت لە کارە سیاسیەکانیدا، چۆن دەبێت مامەڵەیەکی وەها بە ڕەوا ببینێت بەرامبەر کەسانی دیندار؟

لەو تەنیا حەوشەیەی کە ئاسمانمان لێوە دەبینی، چەند کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژ، ئێمەیان دەبردە دەرەوە و هەناسەیەکمان هەڵدەمژی.

ئێوارانیش چامان لێدەنا و پێکەوە قسەمان دەکرد و دڵنەوایی یەکترمان دەدایەوە.

 نیوەی قاوشەکەمان مامۆستا بوو، ٣ پەرستار و پزیشکێکی ددانیشمان لەگەڵدا بوو.

لەگەڵ هەموو سەرەی چاوپێکەوتن بە کەسوکارمان، چەشنی ئەوەی جەژن بێت، خۆمان ئامادە دەکرد و پرسیاری ئەوەمان لە یەک دەکرد، کە کام لەچک لەگەڵ تەنورەکەماندا دەگونجێت؟

ماوەی ٤٠ خولەک چاومان بەیەک دەکەوت و پێش ئەوەی قسەکانمان لەگەڵ یەکتری تەواو بێت، لە پڕێکدا ناچار دەبووین کە ماڵئاوایی لە یەکتر بکەین و قسەکانیان پێ تەواو دەکردین.

هەموو شتێک بە نیوەناچڵی دەمایەوە.

لە بەرامبەر ئەو هەورە ڕەشانەی لە پڕێکدا تەواوی ژیانیان تاریک کردین، هەمیشە هەتا لە دەستمان بهاتایە دڵنەوایی یەکمان دەکرد. هەروەها ئامۆژگاری یەکمان دەکرد بەوەی کە پێویستە ئارامگربین.

پاش چوار مانگ لە زیندانی کردنم، بە هیوای ئەوەی ئازاد بکرێم چوومە دەرەوەی زیندان و، پاشان بە بڕیاری “درێژکردنەوەی باری دەستبەسەری” گەڕامەوە هەمان شوێن.

 

هێندە دڵم پڕ بوو، گەر پەنجەی کەسێکم بەر بکەوتایە دەستم بە گریان دەکرد، دادە شەریفە کە خوشکی گەورەمان بوو لە قاوشەکە، بە توندی باوەشی پێدا کردم. پاشان بە گوێمدا چرپاندی و وتی” هەرگیز نەکەیت بگریت، سەرت بەرز ڕابگرە، ئێمە کەسمان تاوانێکمان ئەنجام نەداوە و هەموومان پێکەوە، یەکە یەکە لەم زیندانە دەردەچین”.

بەم شێوەیە دڵی خۆش کردم.

پاش ماوەیەک قاوشەکەیان گۆڕین، لەگەڵ ئەو کەسانەدا دایانناین کە تاوانی ئاساییان ئەنجام دابوو، واتە لەگەڵ ئەوانەی دز و پیاوکوژ بوون. ئەگەرچی لە سەرەتاوە بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کردین، بەڵام دواتر لەگەڵمان باشتر بوون.

پاشان یەکێکیان لە کاتی چا خواردنەوەدا وتی:

جەنابی بەڕێوەبەر بە ئەنقەست ئێوەی ناردە لای ئێمە، دەیەوێت بزانێت کە لە ژوورەوە چی دەگوزەرێت، هەربۆیە ئاگاتان لە خۆتان بێت.

یەکێک لەو مرۆڤانەی کاریگەر بوو بە هەڵسوکەوتی ئێمە، پاش ماوەیەک دەستی بە نوێژکردن کرد. پاشان دەستی بەوە کردەوە کە چۆن قورئان بخوێنێت و سەرلەنوێ خوێندنەوەی پیتەکانی بیرکەوتەوە. تەنانەت بە دەستی خۆی هەندێک دیاری بۆ ئەو هاوڕێیەمان دروست کرد کە فێری خوێندنەوەی قورئانی کرد. پاشان دیسان قاوشەکەیان گۆڕینەوە و تاوانبارە ئاساییەکانیان لە ئێمە جیاکرانەوە.

مانگی پێنجهەمیشم لە زیندان تەواو کرد. ڕۆژێک لە جێگاکەمدا دانیشتبووم و قورئانم دەخوێندەوە، لە پڕێکدا دەلاقەی دەرگای زیندانیان کردەوە و ناویان خوێندمەوە. منیش وتم خێر بێت خودایە؛ چوومە لای پاسەوانەکە و وتم چیبووە؟

پێی وتم: ئازادکراویت، خێرا شتەکانت کۆ بکەرەوە و لە زیندان بڕۆ دەرەوە.

باوەڕم بە قسەکانی نەکرد، هێندە دڵم خۆش بوو، هاوارێکم کرد کە هەموو زیندان هاتە سەیرم. هەموویان زۆر دڵیان خۆش بوو بە هەواڵەکە. زۆربەی شتەکانم لە زیندان بەجێهێشت و تەنیا هەندێک شتم خستە عەلاگەیەکی ڕەشەوە و چوومە دەرەوە. لە کاتی ماڵئاوایی، لایەکم لە ژوورەوە بەجێمابوو، هەم دڵم خۆشە و هەم خەم بۆ ئەوانەی ژوورەوە دەخۆم.

پاش ٤٥ خولەک لە دەرەوەی زیندان بووم، هێشتا باوەڕم نەدەکرد، ئەمە گەرەترین خەیاڵی من بوو. هەمیشە نزام دەکرد کە ڕۆژێک ئازاد ببم و بە سوپریز بچمە ماڵەوە، هەر بەو شێوەیەش بوو.

 

 منیش سەرەتا سواری پاسێک بووم و پاشان بە شەمەندەفەرێک گەشتمە ماڵەوە. شەو کاتژمێر ٩:٣٠ گەشتمە ماڵەوە. هاوسەرەکەم شۆفێری تەکسی بوو، لە ماڵەوە نەبوو. کاتێک منداڵەکان منیان لەبەردەم دەرگاکە بینی، سەرەتا سەریان سوڕما و پاشان لە خۆشیدا بە گریانەوە هاواریان کرد و نزیکەی کاتژمیرێک لە ڕاڕەوەکەدا باوەشمان بە یەکتردا کرد. من بە منداڵەکانم شاد بوو بوومەوە، بەڵام هێشتا دایکانێکی زۆر و منداڵانێکی زۆر لە زیندان بوون، کە بە حەسرەتی بینینی یەکەوە دەژیان و چاوەڕێی ئازادیان دەکرد. هەربۆیە خۆشیەکی نیوەناچڵ لە دڵماندا هەبوو.

سەرەڕای هەموو شتێک، بە پێکەنینەوە ئەم شتانەتان بۆ دەگێڕمەوە، ناگریم، دەڵێم سوپاس بۆ خودا کە ئەو شتانەشم بەسەر هات. ئەو ١٦٠ ڕۆژەی لە زیندان بووم، بەرەکەتدارترین و پڕ ئیخلاسترین ڕۆژەکانی ژیانم بوون.

 

 

31 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە