بیروڕا

فەتحوڵڵا گولەن – مامۆستایەکی گەنج کە دڵەکانی فەتح دەکرد…

بەخامەی: تاریق بوراک

 

قەدەر بە شێوەیەکی جیاوازتر ڕێگەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) دەکێشا. لە بەهاری تەمەنیدا بە جانتایەکی تەختەی دەستییەوە بە شەمەندەفەرێکی ڕەش بەرەو شاری ئێدیرنە گەشتەکەی دەستی پێکرد و بە بێ ڕاوەستان بەردەوامبوو. غەمباری، غوربەت، زیندان، کێڵگە مینڕێژکراوەکان، فرمێسکەکانی سەر مینبەر، هەژاری و ناڕەحەتییەکان دەبوونە قەدەری ئەو.

خزمێکی خواجە ئەفەندی بە ناوی حوسەین تۆپ لە مزگەوتێکی شاری ئێدیرنە مامۆستایەکی دەکرد. لە هەمان کاتدا ئێدیرنە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بووە، ناوی لەگەڵ ناوی شوکرو پاشادا دەهێنرا کە خزمی دایکی خواجە ئەفەندی بوو. شوکرو پاشا لە مێژوودا ناوی وەک ئەو فەرماندەیەی پارێزگاری لە ئێدیرنە کرد ناوی تۆمار کراوە. خاتوو خەدیجەی دایە گەورەی خواجە ئەفەندی برازای شوکرو پاشا بوو.

“لە شاری ئێدیرنە مامۆستا حوسەین تۆپ هەبوو. خزمی ئێمە بوو. وای پێ باش بوو کە من بچم بۆ لای ئەو بۆ ئەوەی یارمەتیم بدات. وتمان ‘سەیاحەت یا ڕەسوڵ اڵلە’ و بەرەو ئێدیرنە ڕێگەمان گرتە بەر.”

خواجە ئەفەندی دەڵێت: “لەو کاتەی لە ئەرزڕومەوە بەرەو ئێدیرنە دەڕۆشتم لە نێو ئەو جۆش و خرۆشەدا بووم لە نووسینێکدا بە ناوی ‘کۆچی پیرۆز’ باسم کردبوو.”

خواجە ئەفەندی لە ئەرزڕومەوە بەڕێکەوت و لە ڕێگەکەی بەرەو ئێدرینە سەردانی چەند شوێنێکی کرد. سەرەتا لە ئەنقەرە سەردانی هاوڕێکانی کرد لە هاجیبایرام. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ مایەوە. هەندێک زانیاری لێ وەرگرتن دەربارەی بابەتی ئەو تاقیکردنەوەی وەزارەتی ئەوقاف بۆ وتاربێژی ئەنجامی دەدا. دواتر شەوێک لە ماڵی موستەفا زەرەن کە هاوڕێی دێرینی باوکی بوو،  و پێشتر هەم وەک پەرلەمانتار و هەم وەک سەرۆکی دەزگای ئاسمانی تورکیا کاری کردبوو، مایەوە. دواتر سەردانی ئەستەمبوڵی کرد. لەوێ چەند ڕۆژێک لە هۆتێلێک بە ناوی ئەرزڕوم مایەوە. خواجە ئەفەندی بە درێژایی گەشتەکەی تەنانەت لە دژوارترین هەلومەرجەکانیشدا پەرستشەکانی پشتگوێ نەدەخست. ئەو کاتەی لە ئەستەمبوڵ بوو زۆربەی نوێژەکانی لە مزگەوتی هۆجاپاشا بەجێ دەگەیاند.

“لە ئەستەمبوڵ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مامەوە. لە ناوچەی سیرکەجی هۆتێلێکی بە ناوبانگ بە ناوی ئەرزڕوم هەبوو کە بە زۆری خەڵکی ئەرزڕوم تێیدا دەمایەوە. هۆتێلێکی سێ ئەستێرە بوو. خۆی لە خۆی ئەو هۆتێلە بۆ خەڵکێکی هەژاری ڕۆژهەڵات زۆر نایاب بوو. هۆتێلێک بوو کە پێخەف و سەرچەفەکانی هەتا بەیانی منیان دەخوراند. شوێنێکیش بوو کە زۆر ژاوەژاوی تێدا بوو. بەڵام هەر کەسێک لە ئەرزڕومەوە بڕۆشتایە بۆ ئەستەمبوڵ پێشنیاریان بۆ دەکرد لەو هۆتێلە بمێنێتەوە. دواتریش هەر لەو هۆتێلە مامەوە. زۆر کەم ڕوویداوە کە لە شوێنی دیکە مابێتمەوە. لە نزیک هۆتێلەکە مزگەوتێک هەبوو بە ناوی هۆجاپاشا. لەو مزگەوتەدا زۆر نوێژم بەجێ گەیاندووە. موریدەکانی حەزرەتی سامی ئەفەندی دەهاتنە ئەو مزگەوتە. من دواتر ئەوەم بۆ دەرکەوت.”

دواتر خواجە ئەفەندی لە وێستگەی سیرکەجی سواری شەمەندەفەر بوو و بەرەو ئێدیرنە بەڕێکەوت. شەمەندەفەرەکە نیوەشەو گەیشتە شاری ئێدیرنە. خواجە ئەفەندی وەک گەشتیارەکانی دیکە خەوی لێکەتبوو. لە وێستگەی کاراغاچ لە ئێدیرنە لە لایەن کارمەندەکانی وێستگەکەوە خەبەر کرانەوە. لەگەڵ گەشتیارەکانی دیکە هەتا ناوەندی شارەکە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە پێ ڕۆشت. ئەو شەوە لە خانێک مایەوە لە بەرامبەر مزگەوتی سێ منارە لە ئێدیرنە کە دواتر لەو مزگەوتەدا مامۆستایەتی دەکرد. دەمەو بەیانی زوو ڕۆشت بۆ لای مامۆستا حوسەین تۆپ و دوای ئەوەی سڵاوی باوکی پێگەیاند پێکەوە چوونە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف.

“مامۆستا حوسەین تۆپ منی بردە لای ئیبراهیم ئەفەندی (ئیبراهیم ئاکن، بەڕێوەبەری ئەوقاف لە ئێدیرنە). ئەو منی وەک کەسێکی گەنج بینی و وتی پێویستە تاقیکردنەوە ئەنجام بدات. من ئەوەم قبوڵ کرد. بە هەڕەمەکی کتێبێکی کردەوە کە ئێستا ناوەکەیم لە یاد نەماوە و وتی ‘بخوێنە’. ئەو کتێبێکی فیقهی بوو. ئەو شوێنەی بۆی دیاری کردبووم بۆم خوێندەوە و دواتر بۆم شیکردەوە. ئیبراهیم ئەفەندی پێی وتم کە بچمە دەرەوە”.

مامۆستا حوسەین تۆپ یادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژەی بەم شێوەیە باس دەکات: “من خواجە ئەفەندیم لەگەڵ خۆم برد و پێکەوە چووینە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف. لەو سەردەمەدا تەلەبە حافز قورئانەکان لە ئەستەمبوڵەوە دەهاتنە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی ئەوقاف. ئەو تەلەبانە تاقی دەکرانەوە ئاستی زمانی عەرەبی و زانستە ئاینییەکانیان هەڵدەسەنگێندرا. ئەو کەسانەی سەرکەوتوو دەبوون لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە نووسراوێکیان پێ دەدرا و دەنێردران بۆ گوندەکان. موختاری گوندەکان ڕاستەوخۆ پێشوازییان لێ دەکردن. تەنانەت هەندێک لە گوندەکان دوو تەلەبەی حافز قورئانیان دەویست. ئەوان لەوێ خەڵکیان فێری خوێندنەوەی قورئان دەکرد و وتاریان دەخوێندەوە و پێشنوێژییان بۆ خەڵکی دەکرد.

خواجە ئەفەندیمان بردە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف. لەوێ کاک ئیبراهیم ئاکنی بەڕێوەبەر هەبوو. من بە ئیبراهیم ئەفەندیم وت ‘مامۆستا ئەم برایەمان حافزە و زمانی عەرەبی خوێندووە، دەیەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا ئەرکێک وەربگرێت’. ئەویش وتی ‘ماشاالله! لەم تەمەنەدا هەم حافزە و هەم زمانی عەرەبی خوێندووە’… کتێبێکی فیقهی لە بەردەمیدا بوو، ناوی “قودوری” بوو. شوێنێکی لە کتێبەکەدا کردەوە و وتی ‘وەرە کوڕم، مادەم زمانی عەرەبیت خوێندووە، لێرەوە هەتا ئەوێ بخوێنەرەوە و بۆم باس بکە’. خواجە ئەفەندی هات و لە لای ڕاستی ئیبراهیم ئەفەندییەوە دانیشت، منیش لە لای چەپییەوە دانیشتم. لەبەر ئەوەی نەمدەزانی هەتا چ ئاستێکی زمانی عەرەبی خوێندووە هەستم بە کەمێک ترس دەکرد. نوسینەکان بێ سەروبۆر بوون و عەرەبییەکی ئاسایی بوون. هاوشێوەی نووسینی قورئانی ئەوکات هیچ سەروبۆرێکی نەبوو. ئەوەی عەرەبی نەزانییایە بۆی نەدەخوێندرایەوە. لە دڵی خۆمدا دەموت ‘ئای خودایە ئەگەر ئێستا نەتوانێت بیخوێنێتەوە’.

خواجە ئەفەندی تەماشایەکی نوسینەکەی کرد و وتی ‘بسم الله الرحمن الرحیم’ و دەستی بە خوێندنەوە کرد. هەموو ئەو شوێنەی بۆی دیاری کرابوو بە تەواوی خوێندییەوە. لە هیچ شوێنێکدا نەوەستا. من دوای ئەوە بە شێوەیەکی ئاسوودە بووم کە ناتوانم باسی بکەم. دواتر خواجە ئەفەندی دەستی کرد بە شیکردنەوەی ئەو دەقە عەرەبییەی خوێندبوویەوە. هێشتا چەند وشەیەکی خوێندبووەوە کە ئیبراهیم ئەفەندی وتی ‘تەواو کوڕم تەواو’ و کتێبەکەی داخست. دواتر ئیبراهیم ئەفەندی وتی ‘کوڕم تۆ کەمێک بچۆ دەرەوە با من لەگەڵ حوسەین ئەفەندی بیر لە شوێنێکی باش بۆ تۆ بکەینەوە’.

خواجە ئەفەندی چووە دەرەوە. ئیبراهیم ئەفەندی وتی ‘ماشاالله چەندە جوان ئەو دەقە عەرەبیەی خوێندەوە، دواتر دەستی کرد بە شیکردنەوەی ئەو دەقەش، من لە خوێندنەوەی عەرەبییەکەی ئەو ترسام و یەکسەر کتێبەکەم داخست’. منیش لێم پرسی ‘مامۆستا بۆچی واتان کرد؟’ ئەویش لە وەڵامدا وتی ‘کورە هەر مەپرسە ترسام لەو شوێنەی دەیخوێنێتەوە پرسیارێک لە ئێمە بکات، ڕەنگە نەمتوانییایە وەڵامی بدەمەوە و ئەوکات شەرمەزار دەبووم، لەبەر ئەوە هەوڵمدا ئەو بێدەنگ بکەم’.”

ئەو مامۆستا گەنجە زۆر جیاوازتربوو لەو حافزانەی دیکە کە هاتبوونە ناوچەکە. هەموو وەڵامەکانی بۆ پرسیارەکانی جێگری بەڕێوەبەری ئەوقاف تێر و تەسەل بوون و لە وەڵامەکانیدا دەریخست تا چ ڕادەیەک شەیدای پیشەکەیەتی. بەو هۆیەوە بڕیاریاندا ئەو ڕەوانەی گوندەکان نەکەن، هەر لەوێ لە ناو ئێدیرنەدا ئەرکێکی پێ ڕابسپێرن. ڕاستەوخۆ نووسراوێک ئامادەکرا بۆ ئەوەی پێشکەش بە موختاری گەڕەکی یڵدرم بکرێت. نوسراوەکە خرایە زەرفەوە و درایە دەست خواجە ئەفەندی. لەوێدا پێی وترا کە لە مزگەوتی ئاکمەسجید دەستبەکار دەبێت.

خواجە ئەفەندی جانتاکەی هەڵگرت و بەرەو مزگەوتی ئاکمەسجید لە گەڕەکی یڵدرم ڕێگای گرتەبەر. لەوێ مامۆستا شەعبانی دۆزییەوە. شوێنێکی مانەوەی بۆ ئامادەکرا. خواجە ئەفەندی بە درێژایی مانگی ڕەمەزان لە مزگەوتی ئاکمەسجید وتاری دەخوێندەوە و پێشنوێژی دەکرد.

خواجە ئەفەندی تەنها بۆ مانگێک مامۆستایەتی لە مانگی ڕەمەزاندا چووبووە ئێدیرنە بەڵام لە ساڵی ١٩٥٩ وە هەتا ساڵی ١٩٦٥ لە ئێدیرنە مایەوە و ئەگەر دوو ساڵی خزمەتی سەربازی لێ دەربکرێت، ڕێک چوار ساڵی تەواو لە ئێدیرنە مایەوە.

قەدەر بە شێوەیەکی جیاوازتر ڕێگەی خواجە ئەفەندی دەکێشا. لە بەهاری تەمەنیدا بە جانتایەکی تەختەی دەستییەوە بە شەمەندەفەرێکی ڕەش بەرەو شاری ئێدیرنە گەشتەکەی دەستی پێکرد و بە بێ ڕاوەستان بەردەوامبوو. غەمباری، غوربەت، زیندان، کێڵگە مینڕێژکراوەکان، فرمێسکەکانی سەر مینبەر، هەژاری و ناڕەحەتییەکان دەبوونە قەدەری ئەو.

 

خواجە ئەفەندی لە مزگەوتی ئاکمەسجید (١٩٥٩)

خواجە ئەفەندی جگە لەو جانتا تەختەیەی کە چەند کەلوپەلێکی پێویستی خۆی تێدا بوو هیچ شتێکی دیکەی نەبوو. شوێنێکی مانەوەی لە ماڵی فەوزی باڵنیک بۆ ئامادە کرا. جێبەجێ کردنی هەموو پێویستییەکانی وەک خواردن و خواردنەوە و دابینکردنی شوێنی مانەوە و پاکوخاوێنکردنەی ئەو مامۆستایانەی لە مانگی ڕەمەزاندا ڕوویان لە مزگەوتەکان دەکرد بە نۆرە لە لایەن خەڵکی گەڕەکەکەوە لە ئەستۆ دەگیرا. مەهمەت و موهیب چامیلئۆز لەو گەڕەکەدا خۆیان سەرپەرشتی ئەو کارەیان دەکرد. لەبەر ئەوەی خواجە ئەفەندی هێشتا ناوماڵێکی ڕێک و پێکی نەبوو. ئەو شوێنەی تێیدا دەمایەوە تەنها یەک ژوور بوو کە پیاوێکی پیر لە ماڵەکەی خۆی بۆی جیاکردبووەوە. نە پارەی پێبوو و نە پێداویستی خواردن ئامادەکردنی هەبوو. خۆی لە خۆیدا خواجە ئەفەندی کەسێک نەبوو بیر لە ورگی بکاتەوە. کەمێک شۆربا و تۆزێ خواردن بەشی هەم پارشێو و هەم بەربانگی دەکرد. تەنانەت ئەوەشی لەگەڵ ئەو هاوڕێیەدا دەخوارد کە خواردنەکەی بۆ دەهێنا.

مزگەوتی ئاکمەسجید یەکەم مزگەوتبوو کە خواجە ئەفەندی تێیدا وەک پێشنوێژ و وتارخوێن دەستی بەکار کرد و زۆر بە خێرایی لەگەڵ خەڵکەکەدا تێکەڵ بوو، و لەگەڵ ئەواندا دەستیان بە صوحبەت کرد. لەو ماوە کەمەی ڕەمەزاندا وتەکانی و هەڵسوکەوتەکانی و پاکوخاوێنییەکەی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشابوو.

مەهمەت چەملیئۆز بەم شێوەیە باس لە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارە دەکات:

“لە ساڵی ١٩٥٩ دا چەند ڕۆژێکی کەم پێش دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان خزمەتی سەربازیم تەواو کرد و گەڕابوومەوە بۆ ئێدیرنە. مامۆستا حوسەین تۆپ مامۆستا فەتحوڵڵای وەک مامۆستا بۆ مانگی ڕەمەزان هێنا بۆ لامان. هاوشێوەی ساڵانی پێشتر هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا مامۆستایەکی تایبەت بۆ ئەو مانگە دەهاتە لامان. کاتێک خواجە ئەفەندی بۆ یەکەم جار هاتە گەڕەکی یڵدرم ئێوارەی یەکەم لە ماڵی ئێمە میوان بوو. منیش لە ماڵەوە بووم. ئەو شەوە خودا هەرچییەکی پێدابووین خواردمان. باوکم پێی وتم ‘با مامۆستا لەگەڵ تۆ بمێنێتەوە’. بەڵام خواجە ئەفەندی قبوڵی نەکرد. وتی ‘بە هیچ شێوەیەک نابێت، ئێمە ماڵێکمان گرتووە، من دەڕۆمەوە بۆ ئەو ماڵە’. سەرەتا چووین بۆ نوێژی تەراویح. لە دوای نوێژی تەراویحیش چووە بۆ ئەو ماڵەی تێیدا دەمایەوە. لەو مانگی ڕەمەزانەدا بۆ یەکەم جار لەگەڵ خواجە ئەفەندی یەکمان ناسی. ئەو پێگەیشتوویەکی تەواوی تێدا بوو کە تەنها لە کەسە گەورەکاندا هەیە. من تازە لە خزمەتی سەربازی گەڕابوومەوە. هیچ زانیارییەکمان دەربارەی قورئان و ئاین نەبوو. هەتا ئەو کاتەی ئەو ڕۆشت بۆ خزمەتی سەربازی من بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خزمەتیدا تەلەبە بووم. ئەو فێری قورئان خوێندن و ئەلفوبێی کردین، خودا لێی ڕازی بێت. باوکم زۆر بە باشی هەڵسوکەوتی لەگەڵ خواجە ئەفەندیدا دەکرد. مامۆستا حوسەین تۆپ بە باوکمی وت ‘چاڤوش ئاغا، ئەو هاوڕێیەی هێناومە بۆ لای ئێوە زۆر هەستیارە، زۆر گرنگی بە ورگی نادات بەڵام هەر چییەک بێت بەس پاک بێت، با هەر یەک قاپ بێت زیاتر نەبێت’. باوکیشم دوای ئەوەی ئەو شتانەی زانی بە پێی ئەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرد.

شەوانی ڕەمەزان لە دوای نوێژی تەراویح لە ژوورەکەی ئەو کۆدەبووینەوە. صوحبەتی بۆ دەکردین. هەر کەسێکی پرسیارێکی هەبووایە وەڵامی دەدایەوە. کەسێکی تێگەیشتوو بوو، تووڕە نەدەبوو، زۆر لەسەرخۆ بوو. هەر وەک ئەوەی ئەمڕۆ بووبێت لە بەرچاومایە. بە درێژایی ڕەمەزان هەمان پانتۆڵ و هەمان چاکەتی لەبەر دەکرد بەڵام ئەگەر بتبینیایە وات دەزانی هەرگیز ئەو جلوبەرگە لەبەر نەکراوە. نەمدەزانی بە شەو پاکیان دەکاتەوە بە ڕۆژ پاکیان دەکاتەوە، بەڵام جلوبەرگەکەی زۆر پاکوخاوێن بوو. لێمان دەپرسی ‘مامۆستا چاکەتەکەت و پانتۆڵەکەت هەمیشە ئوتوکراوە، چۆن ئەو کارە دەکەیت’ ئەویش لە وەڵامدا دەیوت ئێوە هەقتان بەسەر ئەوە نەبێت. لێرە، لە یڵدرم کەسانی دیاری ناو گەڕەکە نەیاندەویست خواجە ئەفەندییان لەدەست بچێت. زۆر حەزیان بە وتەکانی و هەڵسوکەوتەکانی دەکرد. تەنانەت ویستیان پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ ئەنجام بدەن. بەڵام خواجە ئەفەندی ئەوەی قبوڵ نەکرد.

مامۆستا حەسەین تۆپ لە یڵدرم هاوسەرگیری کردبوو. لەو سەردەمەدا داوای کچی هەر کەسێکیان بکردایە دەیاندا بە خواجە ئەفەندی. باوکم ڕۆشت بۆ لای خواجە ئەفەندی و پێی وت ‘داواکارییەکی لەو شێوەیە هەیە چی دەڵێیت؟’ بەڵام ئەو قبوڵی نەکرد و وتی ‘بە هیچ شێوەیەکی شتێکی لەو جۆرە قبوڵ ناکەم و هیچ نیەتێکی لەو شێوەیەم نییە.”

 

موهیپ چاملیئۆز بەم شێوەیە باس لەو ڕۆژگارە دەکات:

“ئێمە بە کاری جوتیارییەوە سەرقاڵ بووین. سوپاس بۆ خودا لە دوای ناسینی پەیامەکانی نوور و خواجە ئەفەندییەوە خۆمان ڕزگار کرد. ئەگەر وا نەبووایە ئێمە نوێژ و ئەو شتانەمان نەدەکرد. باوکم و ئەوان لە یۆنان هەندێک نزا و پاڕانەوە لە چەند مامۆستایەکەوە فێرببوون، بەڵام شتێک نەبوو بە ناوی هەستی بەجێگەیاندنی پەرستشەکان.

کاتێک خواجە ئەفەندی هاتە گەڕەکەکەی ئێمە وردە وردە دەستمان بە نوێژ کرد، لەوەوە فێری موسوڵمانێتی دەبووین. وتار و صوحبەتەکانی ئێمە بەرەو مزگەوت ڕادەکێشا. لە پێش ئەودا هیچ شتێمان نەبینیبوو و هیچ شتێکشمان نەبیستبوو. خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمووی بەو شێوەیە بوون، لە ڕووی ئاینییەوە زۆر لاواز بوون. لەو ناوچەیەدا جەنگ زۆر ڕوویدابوو. جەنگی یۆنان، جەنگی بولگاریا، جەنگی ئەڵمانیا، خەڵکی ئەو ناوچەیە بەردەوام هەر جەنگیان بینیبوو. ئەوێ ئەو شوێنە بوو کە عوسمانییەکان شارستانییەتی خۆیان تێدا دامەزراند. مزگەوتی هاوشێوەی ئەوانەی ئەم ناوچەیە لە ناوچەکانی ئەنادۆڵدا نییە. بەڵام لە جەنگەکاندا مزگەوتەکان چۆڵ کرابوون و هیچ مامۆستایەکی ئاینی نەمابوو. بە بیروبۆچوونی من مامۆستایانی ئاینی لە جەنگەکان هەڵهاتبوون. ئەگەر بمانایەتەوە بەو شێوەیە مزگەوتەکانمان چۆڵ نەدەبوون.

خودا یارمەتی بدات. هیچ کاتێکیش خودای گەورە خواجە ئەفەندی لە یارمەتییەکانی بێبەش نەدەکرد. بەو شێوەیە لە ڕابردووەوە گەیشتە ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ. خودای گەورە لەو ڕازی بێت، ئەو خزمەتەکانی پەیامەکانی نووری گەیاند بە ئێدیرنە. خودای گەورە بخاتە بەهەشتەوە، خودای گەورە بۆ هەمیشە لەو ڕازی بێت.”

 

تاقیکردنەوەی وتاربێژی و کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی مەندەرێس

خواجە ئەفەندی لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ١٩٥٩ دا بە مەبەستی تاقیکردنەوەی وتاربێژی بەرەو شاری ئەنقەرە بەڕێکەوت. لەو ڕۆژگارەدا شتێکی گرنگ لە وڵاتدا ڕوویدا و هێندەی تەقینەوەی بۆمبێک کاریگەری لەسەر وڵات درووست کردبوو. لە سیاسەتی ناخۆدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا هەبوو، لە لایەکی دیکەشەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا بابەتی جموجوڵەکانی قوبروس هەبوو. شەڕ و پێکدادانەکانی قوبروس کە لە ساڵی ١٩٥٥ دەستی پێکرد هەتا ساڵی ١٩٥٩ بەردەوام بوو، و تا دەهات بەهێزتر دەبوو. لەو کاتەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی هاتنە ناو بابەتەکەوە و پشتڕاستیان کردەوە کە پێشتر نەتەوەی تورک و ڕۆم لەو دوورگەیەدا ژیاون. لەو چوارچێوەیەدا عەدنان مەندەرێس سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان بەریتانیا و تورکیا و یۆنان بەرەو لەندەن بەڕێکەوت. ئەو فڕۆکەیەی عەدنان مەندەرێس و شاندی تورکیای هەڵگرتبوو لە بەرواری ١٧ی شوباتی ١٩٥٩ لە نزیک فڕۆکەخانەی گاتویک لە لەندەن کەوتە خوارەوە. لەو ڕووداوەدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام عەدنان مەندەرێس بە سەلامەتی ڕزگاری بوو.

مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی دیموکراتەکانیشدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و ناڕەحەتی گەورە ببووە، بەڵام نزای بۆ عەدنان مەندەرێس دەکرد و تەلەبەکانی بە ئاشکرا ئەوەیان دەزانی. بەیانییەکیان لە شاری ئیسپارتا لە کاتی وانە وتنەوە بە تەلەبەکانیدا وتی ‘برایان، من ئەمشەو نزام بۆ عەدنان مەندەرێس کرد’. ئەو ڕۆژە هەمان ئەو ڕۆژە بوو کە فڕۆکەکەی مەندەرێس کەوتە خوارەوە بەڵام مەندەرێس بە سەلامەتی ڕزگاری بوو.

خواجە ئەفەندی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ئەنقەرە مایەوە و دواتر گەڕایەوە بۆ ئێدیرنە. بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بوو. دوای ماوەیەک موستەفا زەرەن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ئێدیرنەوە کرد و پێی ڕاگەیاندن لە خواجە ئەفەندی لە تاقیکردنەوەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. مامۆستا حوسەین تۆپ ئەو موژدەیەی گەیاندە خواجە ئەفەندی.

خواجە ئەفەندی دوای ئەوەی لەو تاقیکردنەوەیەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف کرد و داوای کرد وەک موفتی ئێدیرنە دابمەزرێندرێت. بەڵام تەمەنی نە بۆ وتاربێژی و نە بۆ موفتی نەدەگونجا، چونکە لە ڕەگەزنامەدا بە لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٢ تۆمار کرابوو، هێشتا تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو نەکردبوو بۆ ئەوەی وەک کارمەندی دەوڵەت دابمەزرێندرێت. سەرەڕای ئەوە هێشتا نەچووبووە خزمەتی سەربازی.

 

خواجە ئەفەندی بەم شێوەیە باس لەو ڕۆژگارە دەکات:

“بۆ ماوەی یەک دوو مانگ لە مزگەوتی ئاکمەسجید پێشنوێژیم دەکرد و وتارم بۆ خەڵکی دەخوێندەوە. لەو ماوەیەدا بە مەبەستی تاقیکردنەوەی وتاربێژی چوومە شاری ئەنقەرە. ١٥ ڕۆژ لەوێ مامەوە و دووبارە گەڕامەوە بۆ ئێدیرنە. ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دواتر ئاشکرا دەکرا. لە کۆتاییدا ڕۆژێک لە ئەنقەرەوە پەیوەندی کرا بە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ئێدیرنەوە. ئەو کەسەی پەیوەندی کردبوو موستەفا زەرەن بوو. پێی وتبوون ‘چاوی برازاکەم ماچ دەکەم، لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچووە’. حوسەین تۆپ دیسان زۆر دڵخۆشبوو، هەموو شوێنێک بە دوای مندا گەڕا بۆ ئەوەی ئەو مژدەیەم پێ بگەیەنێت. لە کۆتاییدا منی دۆزییەوە و لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا ئەو موژدەیەی بە مندا و باوەشی پێدا کردم و وتی ‘سەرکەوتوو بوویت لە تاقیکردنەوەکەدا’. دواتر داواکارییەکم پێشکەش کرد و داوام کرد وەک موفتی ئێدیرنە دەستبەکاربم. بەڵام وەزارەتی ئەوقاف بە نەرێنی وەڵامی دایەوە و دەیانوت ‘خزمەتی سەربازیتان ئەنجام نەداوە و لەبەر ئەوە ناتوانین ئێوە دابمەزرێنین’.”

 

مامۆستا حوسەین تۆپ بەم شێوەیە باس لە ناڕەحەتییەکانی ئەو ڕؤژگارە دەکات:

“دوای ئەوەی خواجە ئەفەندی لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتوو بوو، دۆسییەیەکی داواکاری بۆ دامەزراندنیمان نارد بۆ وەزارەتی ئەوقاف بەڵام داواکارییەکە ڕەت کرایەوە. هۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەش بۆ کەمی تەمەنی خواجە ئەفەندی و ئەنجامنەدانی خزمەتی سەربازی گەڕێندرابووەوە. ئەوکات فۆرمی ڕەگەزنامە پڕ دەکرایەوە. ئێمەش لەبەر ئەوەی بە تەواوی مانگ و ڕۆژی لەدایکبوونیمان نەدەزانی، نەماندەزانی تەمەنی هەژدە ساڵی تەواو کردووە یاخود نا. خواجە ئەفەندی لە ڕواڵەتدا کەسێکی هەڵکەوتووبوو. کاتێک داواکارییە ڕەت کرایەوە ئێمە نیگەران بووین. دواتر جەماعەتی مزگەوت ئەو ڕووداوەیان بیست. لە ناو جەماعەتی مزگەوتدا پارێزەرێک هەبوو کە ناوی حەمدی بوو. کاک حەمدی خودا لێی خۆش بێت خواجە ئەفەندی زۆر خۆش دەویست. لەو ڕۆژانەدا کە داواکارییەکەی خواجە ئەفەندی بۆ دامەزراندن ڕەت کرابووەوە، لە حەوشەی مزگەوت دانیشتبووین و کاک حەمدیشمان لەگەڵ بوو. قسەوباس کرایەوە و باس لەوە کرا کە خواجە ئەفەندی ناتوانێت دەستبەکاربێت. ئەو دەیزانی ئێمە داواکاری دامەزراندنمان ئاراستەی وەزارەت کردووە. کاتێک بە نەرێنی وەڵامی داواکارییەکە درایەوە، وتی بیهێنن با تەماشایەکی بکەم. دواتر داوای ڕەگەزنامەی خواجە ئەفەندی کرد. تەماشایەکی کرد و وتی ‘هێشتا ٦ مانگ و ١٨ ڕۆژی ماوە بۆ ئەوەی تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو بکات’. کەمێک بیری لێ کردەوە و وتی ‘ئەم کارە جێبەجێ دەکەین’. بە منی وت ‘من دەبمە باوکی مەعنەوی ئەو، تۆش وەک نزیکترین خزم لێیەوە دۆسییەیەک لە دادگا دەکەینەوە، تەمەنی گەورە دەکەین و کارەکە جێبەجێ دەکەین’. هەرچۆن بێت کاک حەمدی ڕەگەزنامەکەی لەگەڵ خۆی برد و ڕۆشت. یەکسەر سەردانی داواکاری گشتی کردبوو. بە شێوەیەکی ئاسایی سەردانی دادگا دوای ١٥ ڕۆژ ئەنجام دەدرا. بەڵام کاک حەمدی یەکسەر سەردانی دادگای کردبوو و لەگەڵ هەمووان قسەی کردبوو.

سێ چوار ڕۆژ تێپەڕیبوو یان تێنەپەڕیبوو کاتێک کاک حەمدی هاتەوە و کاغەزێکی بە دەستەوە بوو، و وتی ‘مامۆستا ئێمە هەموو کارێکمان تەواو کردووە، تەمەنی خواجە ئەفەندیمان گەورە کرد’. نازانم چەند تەمەنیان گەورە کردبوو بەڵام کاغەزە مۆرکراوەکەی دایە دەست من. لە ڕاستیدا خواجە ئەفەندی لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٨ بوو، بەڵام باوکی سێ ساڵ درەنگتر ڕەگەزنامەی بۆ دەرهێنابوو.”

کاک حەمدی پاریزەر و کاک غانی سەرۆکی داواکاری گشتی ئێدیرنە بە بڕیارێکی دادگا ساڵی لە دایکبوونی خواجە ئەفەندییان لە ساڵی ١٩٤٢ وە بە شێوەیەکی فەرمی گۆڕی بۆ ساڵی ١٩٤١. بەو شێوەیە ڕێگە لە بەردەم خواجە ئەفەندی کرایەوە بۆ ئەوەی وەک پێشنوێژ و وتارخوێن دابمەزرێندرێت.

 

بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی لە وڵاتدا

لە ساڵی ١٩٥٩دا تەنگەژە سیاسییەکانی ناوخۆ بە ئاشكرا دەرکەوتبوون. دوای ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی عەدنان مەندەرێس بۆ ماوەیەک گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوخۆ وەستا، بەڵام دواتر جارێکی تر دەستی پێکردەوە. عیسمەت ئینۆنو سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات لە کاتی سەردانێکیدا بۆ شاری ئوشاک بە بۆنەی یەکی ئایارەوە لە لایەن گروپێکی قەرەباڵخەوە هێرشی کرایە سەر و بە هۆی بەردێکەوە برینداربوو. دواتر ئینۆنو لە بەرواری ٤ی ئایار لە ئەستەمبوڵ جارێکی تر هێرشی کرایەوە سەر. ئەو پاسانەی ئەندامانی جەهەپەی هەڵگرتبوو لە شارەکانی چاناککالە و دەنیزلی بەردباران کران.

 

خواجە ئەفەندی چۆن لە ئێدیرنە مایەوە؟

خواجە ئەفەندی تەنها بە شێوەیەکی کاتی بۆ مانگی ڕەمەزان سەردانی ئێدیرنەی کردبوو. بەڵام دوای مانگی ڕەمەزان خەڵکی نەیاندەویست ئەو مامۆستایە بەجێیان بهێڵێت. لە کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا جانتای کۆکردەوە و خۆی ئامادەکرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئەرزڕوم، بەڵام خەڵکی گەڕەکە زۆر فشاریان لێکرد بۆ ئەوەی نەڕوات و پەشیمان ببێتەوە.

 

حەسەین ئەفەندی بەم شێوەیە باس لەو ڕۆژانە دەکات:

“ڕەمەزان خەریکبوو تەواو دەبوو. بڕیار وابوو خواجە ئەفەندی هەتا کۆتایی ڕەمەزان لە ئێدیرنە بمێنێتەوە و دواتر بگەڕێتەوە بۆ ئەرزڕوم. ئێمەش جانتامان بۆ ئامادەکرد و هەندێک دیاریمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی بۆمان بگەیەنێت بە دەستی خزم و کەسوکارەکانمان لە ئەرزڕوم. بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە چوار ڕۆژ کرابووە پشووی فەرمی. سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بوو. چەند کەسێک کە پێنج بۆ شەش کەس دەبوون و لەو مزگەوتەوە هاتبوون کە خواجە ئەفەندی لە مانگی ڕەمەزاندا پێشنوێژ و وتارخوێن بوو تێیدا، هاتنە ماڵی ئێمە. پیاوەکان کۆمەڵێک پیاوی بە تەمەن و پێگەیشتوو بوون. لە نێو ئەو کەسانەدا کاک مەهمەت سالیمئۆغلو هەبوو کە کەساێکی دیابوو لە گەڕەکەکەدا. فەرموومان لێکردن و جەژنە پیرۆزەمان لە یەکتر کرد. من هۆکاری سەردانەکەی ئەوانم نەدەزانی، من وامدەزانی تەنها بۆ جەژنە پیرۆزە هاتوون. دواتر پێیان وتم ‘حوسەین ئەفەندی ئێمە بۆ ڕجایەک هاتووینەتە لای تۆ’. منیش وتم ‘فەرموون’. ئەوان بە هۆی ئەوەی چوار ساڵ بوو منیان دەناسی و بە هۆی هەوڵەکانمان لە درووستکردنی ئەو مزگەوتەدا زیاتر هەستیان بە نزیکی لە منەوە دەکرد. پێیان وتم ‘ئێمە دەست لەم برایەمان بەرنادەین و ڕێگە نادەین لێرە بڕوات، ئەو مامۆستا گەنجە ئێمە زۆر خۆشحاڵ کردووە و ئێمەی کردووەتە موسوڵمانێکی تەواو. تەماشا بکە تۆ چۆن لێرە مایتەوە، ئەویش لێرە دەمێنێتەوە، ئێمە نامانەوێت ئەو لێرە بڕوات’.

منیش وتم ‘برایان خواجە ئەفەندی هێشتا تەلەبەیە، دایک و باوکی هەیە، من ناتوانم بە ناوی ئەوەوە هیچ شتێک بڵێم، ئەگەر بمێنێتەوە لەسەر سەرمان جێی دەکەینەوە’. پێش منیش بە خواجە ئەفەندییان وتبوو مەڕۆ و لێرە بمێنەرەوە. ڕۆژی دواتر بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف کرایەوە. هەمان ئەو پیاوانە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافیشیان کردبوو. هەمان داواکارییەکانیان لە بەڕێوەبەری ئەوقافیش کردبووە و وتبوویان ‘ئێمە نامانەوێت ئەو مامۆستا گەنجە لە گەڕەکەکەمان بڕوات، ئێمە هەموو خەرجییەکی ئەو لە ئەستۆ دەگرین’. خواجە ئەفەندی بە هۆی ڕەمەزانەوە بە شێوەیەکی کاتی هاتبووە ئێدیرنە. کاتێک ڕەمەزان کۆتایی هات ئەرکی ئەویش تەواوبوو.”

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/gonulleri-fetheden-genc-bir-hoca-tarik-burak-yazdi-haberi/1323461/

49 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە